140وتار

هەڵبژاردن لە نێوان گۆڕان و نەگۆران؟!

10/14/2024 3:40:00 PM
سەردار عەزیز

چەند ڕۆژێکی تر هەڵبژاردن دەکرێت. بە گشتی خەڵک دوو بەرەن، بەرەیەک کە بەشداریی ناکات و لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسییەوەن. لە زانستی سیاسیدا هەمیشە ئەوانەی بەشداری کایەی سیاسی ناکەن بە کەمئاگا لە قەڵەم دەدرێن. ڕەنگە لە دۆخی کوردستاندا هۆکاری تر هەبێت وەک بێ بژاردەیی، بۆ نمونە. بەرەی دووەم کە بەشداری دەکات ڕەنگە قسە و هەیەجان و هەڵپەی جیاوازی هەبێت بەڵام بە گشتی سەر بە یەکێک لە کەسەکان یان بنەماڵەکانە و لە پێناو دەستکەوتێکی بچوکی شەخسیدا بەشداریی دەکات یان ناچار دەکرێت بەشداریی بکات. هەرچەند ئەوەی پێی دەگوترێت ئۆپۆزسیون ڕەنگە خۆی بە جیاواز بزانێت بەڵام خاوەن هەمان خواست و ئاگاییە.

لە دونیای گەندەڵیناسیدا دیاردەیەک هەیە جێگای سەرنجە. زۆرینەی خەڵکی ئاسایی گەندەڵی بچوکیان بەلاوە گرنگترە لە گەندەڵی گەورە. بۆ نمونە ئەگەر کەسێک لە پارەی گەندەڵی ئۆتۆمبیلەکی جوانی گرانبەها بکڕێت خەڵکی زۆر زیاتر پێی نیگەران دەبن لەوەی ئەو کەسە کۆمپانیایەکی ملیونی یان ملیاریی دابمەزرێنێت. بە مانایەکی تر زۆرینەی خەڵکی لە ئاستی خۆیاندا دەبینن، لە سەروی ئاستی خۆیان نابینن. بۆ نمونە ببینە کەسێکی وەک پاپای ڤاتیکان یان موقتەدا سەدر، بۆ گەوجاندنی شوێنکەوتوانیان بە ئۆتۆمبیلی کۆنی هەرزان هاتوچۆ دەکەن. پاپا کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەرجەنتینە هەموو فێڵ و تەڵەکەکانی پۆپیولیزم دەزانێت. 

بەڵام ئەم هەڵبژاردنە ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە لە ئاستێکی تردا. یەکەم ئەگەر ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە لە هەموو هەڵبژارنەکانی تر ئەگەری زیاترە کە لایەک لە لایەنە سەرەکیەکان دەرئەنجامەکانی بە دڵ نەبێت و قبوڵی نەکات و کێشەی لێبکەوێتەوە. هەر لە ئێستاوە بۆنی ئەمە دەکەین. وەک چۆن شاری بەغدا نقوم بوە لە بۆنی کبریت بە هۆی بێئەندازە پیسبونی هەواکەی، لە کوردستانیش هەوای سیاسی بەرەوە ئەو پیسبونە دەڕوات.

دووەم، هەندێک هێزی نوێ یان دروست دەبن یان لەباردەچن. بە هەر بارێکدا کاریگەرییان دەبێت لە سەر کایەی سیاسی.

سێیەم، نەوەی نوێ دەگاتە کۆتایی ڕێگاکەی، چونکە چیدی نە نوێیە و نە خاوەن هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیە. مانەوەی لە دەرەوە بێکاریگەر دەبێت، چونی بۆ ناو حکومەتیش بە دەردی گۆڕانی دەبات.

چوارهەم، هەندێ هێزی جەماوەر چەسپیو دێنەوە ناو کایەکە بە گۆرانکاریی کەمەوە بەڵام بە کاریگەریی سفرەوە.

مرۆڤی کورد لە باشور بۆ ئەوەی سەنگی هەبێت لە ناو کایەی سیاسیدا دەبێت سەرتاپا کەلتور و بەها و ڕەفتار و ڕەوشت و ژیانی بگۆڕێت. کەلتوری کوردی کەلتوری نادەوڵەتییە. نادەوڵەت لە ململانێیەکی ئەزەلی بچوکدایە لە گەڵ خۆیدا و هەمیشە بە دوای دەوڵتدا دەگەڕێت بۆ پشتیوانی. 

بۆ ئەوەی ببیت بە خاوەنی کەلتوری دەوڵەتی دەبێت سەرتاپا ئەوەی هەتە بیگۆڕیت، هەتا بتوانیت لە کۆیلە شەخسەوە بگوێزیتەوە بۆ دەزگا، لە حکومی ئارەزوگەرێتی شەخسەکانەوە بگوێزیتەوە بۆ حوکمی یاسا، لە دەستپانکردنەوە و ملکەچی بگوێزیتەوە بۆ هەبونی سیستەمی ئابوری و کار و قورسایی.

هەمومان دەزانین کە کولتوری کوردی کەلتورێکی دژە ڕۆشنبیرییە، چونکە هەست بە کەمیی دەکات لەبەرامبەر مەعریفەدا، بۆیە خێرا دەچێتەوە باوەشی شایەرەکانەوە، بۆیە ئەستەمە ئەم گۆڕانکارییانە لەم جەند سەدەیەدا ڕوبدەن.

بۆیە لە دۆخێکی وەهادا کە شەخسەکان سنورییان نیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە شەخسیەکانی خۆیان، چ بەشداربیت و چ بەشدار نەبیت هەڵەی. وەک چۆن کاتێک هەوا پیس دەبێت، تۆ بژاردەی هەڵمژین و هەڵنەمژینت هەیە کە هەردوو کوشندەن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن