135وتار

دەنگدان: ڕامانێکی فەلسەفیی

7/20/2024 1:29:00 PM
سەردار عەزیز

وەرزی دەنگدان بەڕێوەیە. دەنگدەر و دەنگخواز لە مشتومڕ و هەڵچون و داچوندان. ئەمە کاتێک کەمێک لە دەرەوە تەماشای دەکەیت جۆرێکە لە ڕەفتارکردن. بەڵام چ جۆرێک لە ڕەفتارکردن؟ هەست دەکەم، چەمک یان ناوی دەنگ، کاریگەریی هەیە لە سەر ئەم جۆرە ڕەفتارە.

دیارە دەنگدان بەرهەمی زمانی کوردی خۆی نیە، بەڵکو وەرگێڕانی ناوی عەرەبی صوت\ە.

لەم ڕوانگەیەوە، رەنگە کەمێک هەڵەبێت کە چەمکی دەنگ بەکارببەین بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاریی دەنگدان. بەڵام لە بەر نزیکی زۆری کەلتوری عەرەبی و کوردی، هەروەها کاریگەریی باڵادەستی عەرەبی لە سەر کورد، دەکرێت دەنگ  و دەنگدان وەک کردەیەکی کوردیش ببینین.

دەنگ، دیاردەیەکی فیزیکییە، بەڵام مانای چی دەدات کاتێک دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەرونی؟ لە ناو پرۆسەی ڕەفتاری سیاسیدا دەنگ وەک دەربڕینێک یان هاوارکردنێک یان لە سەروی هەمویەوە هەوڵدانە بۆ بیستن، بۆ ئەوەی گوێیان لێت بێت. لە یونانی کۆندا ئەوەی دەنگی بەرز و گڕ بوایە رۆڵ و کاریگەریی زیاتر بوو. کەواتە بەشداریی لە کایەی سیاسیدا دیاردەیەکی دەنگییە. ئەگەر عەرەب دیاردەیەکی دەنگی بێت، وەک بیرمەندی سعودی عەبدواللە قسیمی ناوی دەنێیت، ئەوا دیاردەی دەنگی بوون کوردیشە. لای قوسەیمی دەنگ جێگای عەقڵ دەگرێتەوە. دیاردەی شیعری پڕوپوچ، جێگای ڕەخنە و تێگەیشتن دەگرێتەوە، ئەوەیە دەمەورێکی وەک موتەنەبی لە زۆر شاعیری گەورەی تر ناسراوترە. بەڵام دەنگ بەسەر کرداریشدا زاڵ دەبێت. لای مرۆڤی کوردی هاتوهاوار، قیژ و قاژ، قسەی زل، فەرتەنە، باڵاترین کردەی سیاسییە. 

دەنگ یان دیاردەی دەنگی دۆخێکی پاڵەوانێتی ساختەیە. لە زمانی ئینگلیزی  زمانە ئەوروپیە لاتینیەکاندا، ناوی vote ڤۆت، بەکاردێت.

ئیتمۆلۆجیای وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزە. وشەکە چەند مانایەک لە خۆی دەگرێت، وەک پەیمان، هیوا یان ئاوات. 

لە دیاردەی دەنگدانی کوردیدا دژایەتییەک دەبینین. دەنگ ئەگەر بەشداری مرۆڤەکان بێت لەوەی کە کێ نوێنەرایەتیان بکات هەتا یاسا دابڕێژێت بۆ ئەوەی لە ژێر سایەی ئەو یاسایەدا ژیانی خۆیان و هەروەها ژیانیان لە گەڵ ئەوانیتردا بەڕێبکەن، ئەوا ئەم پرۆسەیە پێویستی بە زیاتر لە دەنگەدەنگ و دەمەوەرییە، کە ئێستا بە سەر کایەی سیاسی کوردیدا زاڵە. دەزانین کە دەنگ بێدەنگییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت. بێدەنگی جۆری زۆرە، بەڵام بە گشتی کردەیەکی سیاسی پۆزەتیف نیە. ترسناکی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ئەوەیە کە دەنگ وەک کردەیەکی ناعەقڵانی بە ئاسانی عەقڵ پاڵدەنێت بۆ خانەی بێدەنگ بوون. 

ساڵانی پێشوو، هیوایەک هەبوو کە مرۆڤی کورد لە میانەی پیادەکردندا پێدەگات، گەورە دەبێت، فێر دەبێت. ئەمە خەسڵەتەکی دیاری پرۆسەی بەدیموکراسیکردنە، کە وەها دەبینێت مرۆڤەکان لە میانەی پیادەکردن و دوبارەکردنەوەدا فێردەبن، بەڵام وابزانم فێربوون دیاردەیەکی کوردی نیە.

 

فێربون دیاردەیەکی سەر بە ڕەوشەنگەرییە. فێربون بریتیە لە توانای جیاکردنەوەی خود لە ڕەفتارەکانی خود لە پێناو عەقلانیکردندا. عەقلانیەت کردەی ڕەخنە یان ڕامانە لە میانەی پرۆسەی بە ئەجینسی بوون. جا ئەم گوێدرێژە لەم قورە دەرنایەت. توانای ڕزگاربون لە خۆشی فێرنەبوون زۆر بەهێزترە لە ئازاری فێربون. لێرەدا جێگای سەرسورمان نیە کە دیاردەی دەنگدان و دەنگەوەریی و دەنگەدەنگ و لاعەقلانیەت و دوبارە خەسڵەتی زاڵی کایەی سیاسیین. ئەوەی سەیرە کە خەڵک نائومێد دەبێت بەڵام عەقلانی نابێت. مرۆڤی نائومێد بە گشتی مرۆڤێکی کەمعەقڵە. عەقڵ بە مانای باوەکەی نا لە دونیای ئێمەدا. عەقڵ لە ئاگایی کوردیدا لە عەرەبیەوە هاتوە کە یانی ڕەشۆ. کە ڕەشۆ دەکەیتە ملی ئەسپێکی عاقڵی دەکەیت. لە زمانی شەعبیدا دەربڕینی ئەوە باوە کە کەسێک بە کەسێکی تر دەڵێت: با نەیەم عاقڵت کەم، کە یانی لێدان و پڕ شەقکردن، نەک خوێندنەوەی ئیمانوئێل کانت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن