ئەردۆگان لە واشنتۆن
11/14/2019 7:42:00 PM
سەردار عەزیز
دوای هەژدە مانگ رەجەب تەیپ ئەردۆگان جارێکیتر گەڕایەوە واشنتۆن. سەفەری پێشوی، سەفەرێکی پڕ لەکێشە بوو کاتێک کە پێکدادان لە نێوان پاسەوانەکانی ئەردۆگان و خۆپێشاندەراندا دروست بوو. سەردانی ئەمجارە لە زۆر ڕوەوە ئاڵۆزتر بوو.
هەردوو ترامپ و ئەردۆگان لە زۆر ڕوەوە لە یەک دەچن، لە بڕوا نەکردن بە سیستەمی وڵاتەکەیان، بە حکومەت، بە میدیا، بە ئازادی و ئۆپۆزسیون و زۆر بواری تر. هەروەها هەردوو زۆریان پێباشە زۆر شت لەڕێگای خۆیان یان کەسە نزیکەکانیانەوە بکەن، بۆ نمونە هەردوو زاوای ئەردۆگان و ترەمپ ڕۆڵێکی چڕ و چالاک دەبینن لە فەراهەمکردنی پەیوەندیەکەدا.
ترەمپ لە دیدارێکدا لە گەڵ ستیڤ بانۆن پێش بونی بە سەرۆک باس لە پەیوەندی بازرگانی و نزیکایەتی خۆی دەکات لە گەڵ ئەردۆگاندا، لەم دوایانەشدا جۆن بۆڵتن ئاماژەی بەم بوارە دا.
بەڵام هاتنی ئەردۆگان لە ساتەوەختێکی باشدا نەبوو، چونکە ئەوە یەکەم ڕۆژی پرۆسەی لە کار لابردنی ترامپ بوو لە کۆنگریس. یەکێک لە هۆکارەکان کە ترامپ بایەخێکی زۆری بە ئەردۆگان دەدا و تەنانەت بە ڕاشکاوانە ووتی ئەوەبوو کە لە بەها و بایەخی پرۆسەی ئیمپیچمێت یان هەوڵی لە کارلابردنی کەم بکاتەوە.
ئەردۆگان بە ئەجیندایەکی چەند خاڵیەوە هاتبو بۆ واشنتۆن، موشەکی ٤٠٠ئێس، کۆتایی هێنان بە پەیوەندی کورد و ئەمریکا، هالك بانک، بە جینۆساید ناساندنی قڕکردنی ئەرمەنیەکان و هەروەها کۆمەڵێک پرسی تری کۆن وەک گویلەن و زەراب .
سەرەتا بە کورتی یەکتریان بینی پاشان دانیشتنی تایبەتیان هەبوو. ترەمپ لە یەکێک لە دانیشتنەکانی ئۆڤاڵ ئۆفیس لیندسی گراهام و چەند سیناتۆرێکی تری بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی لە گەڵ ئەردۆگاندا قسە بکەن. ئەردۆگان لە کاتی دانیشتنەکەدا ئایفۆنێکی دەرهێناوە و هەوڵیداوە کە کورتە فلیمێکی پڕوپاگەندەیی دژ بە کورد پێشانی ترەمپ و سێناتۆرەکان بدات. لیندسی ئامادە نەبوە تەماشای بکات بەڵام ترامپ بینەری بوە. لەم کاتەدا مشتومڕی گەرم لە نێوان ئەردۆگان و لیندسی گراهامدا لە سەر کورد دروست بوە. لیندسی بە ئەردۆگانی ووتوە ، ئایا تۆ ئەتەوێت وەک تۆ هەمان شت بکەم بە کورد. ئەردۆگان لە وەڵامی لیندسیدا هەڵچوە.
ئەردۆگان ووتبوی کە تورکیا زیاتری کردوە بۆ دژایەتی داعش لە کورد، لیندسی ووتبوی کە بڕوای بەوە نیە.
بە کورتی لە پرسی کورددا وەها دەرناکەوێت کە هیچ گۆڕانکارییەک ڕوبدات. هەرچەندە ترامپ هەلەق و مەلەق قسە دەکات.
ئەو پرسەی کە لیندسی گراهام وەها دیارە کە سازشی لە سەر کردوە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەکانە کە ڕێگا نادات لە سێنات تێپەڕێت، بەو جۆرە نابێتە یاسا و حکومەت ناچار نابێت پیوە پەیوەست بێت. پرسی ئەرمەنیەکان بۆ ئەمریکاییەکان هەتا ئاستێک سیمبولییە، سەرباری بونی لۆبیەکی بەهێزی ئەرمەنی، کە زیاتر لە دیموکراتەکانەوە نزیکن. بەڵام بۆ تورکیا ئەم پرسە جەوهەرییە چونکە ئەگەر ئەمریکا دانی پیادا بنێت ئەوا ئەگەری هەیە کە سزایەکی قورسی ئابوری و قەرەبوکردنەوەیەکی درێژخایەن بە سەر تورکیادا بسەپێنێت، وەک پرسی جولەکە و ئەڵمانیا هەروەها عێراق و کوێت.
بەڵام پرسی جەوهەری بۆ ئەمریکا پرسی ڕۆکێتە ڕوسیەکانە کە بە ئێس ٤٠٠ ناسراوە. کۆشکی سپی بە ڕاشکاوانە ئەوە دەڵێت کە هەر هەنگاوێک بۆ گۆرانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی ئێس ٤٠٠ەوە. ئەم پرسە بۆ ئەمریکا سەختە چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە سیستەمی بەرگری ناتۆوە. بەڵام تورکیا لە دۆخێکدا نیە کە بتوانێت بیوستێنێت، چونکە تورکیا ئێستا بە هەمانشێوەی ئەمریکا پێویستی بە ڕوسیایە.
بە قسەی هومیرا پاموک کە ڕۆژنامەنوسێکی ناسراوە (خوشکی ئۆرهان پاموکی نوسەرە) کە لە فڕۆکەکە لە گەڵ ئەردۆگاندا بوە، ئەردۆگان لە فڕۆکەکدا وتویەتی کە تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری مەشەکی ئێس ٤٠٠ ببێت
هەروەها ئەوەشمان لە بیرنەچێت کە ئەردۆگان نامەکە بەناوبانگەکەی ترەمپی هێنایەوە بۆ ترەمپ.