509وتار

تێگەیشتن لە سیڤەر

2/2/2022 1:23:00 PM
سەردار عەزیز

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبەکەی د.بورهان یاسین

سیڤەر زیاتر  لە سەد ساڵ لەمەوپێش ڕویدا. بۆ کورد لە کاتی گەرمای مانگی ئابدا، کە یادی ڕۆژی تەواوبونی ئەم کۆنگرەیەیە، هەندێک لێرە و لەوێ یادیان دەکەوێتەوە. پەیوەندی کورد لە گەڵ ڕابوردودا، پەیوەندییەکی پڕ لە کێشەیە. ڕابوردوو وەک کێڵگەیەک نابینرێت هەتا لێکۆڵینەوە و پشکنین و تێگەیشتنی جیاواز و هەروەها ئایندەناسی تیادا ئەنجام بدرێت.

مێژونوسانی ئێمە زۆر  کەم لە دونیای مێژونوسین و میتۆدە نوێکانی ئاگادارن. بە گشتی مێژوی کورد بە دوو جۆر نوسراوە، یان ئەوەی کورد بە تەواوی دەکاتە قوربانی یان تاوانبار. دیارە هیچ کامیان بە تەواوی ڕاست نیە. پەیماننامەی سیڤەر، یەکێکە لە ئەو ڕوداو سیاسیانەی کە پشکی شێری بەرکەوتوە لە سەقەتگەرایی مێژونوسینی کوردی.

سیڤەر تەنها تایبەت نیە بە کوردەوە، ئەمە ڕاستییەکە گرنگە بوترێت. ڕەنگە یەکەم ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بێت کە ئاماژە بە کوردی و نیشتمانی کوردەکان بکات بە شێوەیەکی پەرت، بەڵام لە هەمانکاتدا بەشێکە لە پرۆسەیەکی گەورە و دوور درێژ لە پەیوەندی ئەوروپا، هەروەها ئەمریکا بە ئاستێکی کەمتر، بە خۆیان و دونیای دەرەوەیان. لە هەمانکاتدا گرنگە بزانرێت کە سیڤەر لە چ سەردەمێکدا بوە، ئەم سەردەمە مێژوونوسان بە سەردەمی کۆنفرانسەکان ناوی دەبەن. سەردەمێک کە هەوڵ دەدرا لە ڕێگای کۆنفرانسی دوور و درێژەوە سازش لە نێوان هێزە ئەوروپاییەکان بێتە دی، هەر لە ڤییەناوە هەتا ڤێرسای. لە هەمانکاتدا لە ڕۆژگارێکدا سازکراوە کە ڕۆژگاری کۆتایی سەردەمی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بوە بە سەر دونیادا. هەرئەمەشە مێژونوسی ئینگلیزی ئەی ئی مۆنتممری سیڤەر بە لەبارچوو ناوی دەبات. نەک تەنها لەبەر هەڵکشانی هێزەکانی کەمال، ئەتاتورک، بەڵکو زیاتر لەبەر ململانێی نێوان هێزە کۆلۆنیالییەکان خۆیان.

لەم ڕوانگەیەوە د. بورهان یاسین، لێکۆڵەر و مێژونوسی کورد کتێبێکی دەربارەی سیڤەر نوسیوە. بە جیاواز لە کارەکانی ڕابوردوو دەربارەی سیڤەر د. بورهان هەوڵدەدات ڕوانگەیەکی فراوانتری هەبێت بۆ سیڤەر. ئەو باس لەو ئەو ژینگەیە دەکات کە سیڤەری تیادا هاتە ئاراوە. هەروەها هەوڵدەدات کە پاشخانی کۆنفرانسەکە بخوێنێتەوە و لە گەڵ ئەو ڕێککەوتنەکانی تری ئەو سەردەمەدا، بە تایبەتی پاش جەنگی جیهانی یەکەم بەراوردی بکات. لە ئاستی گریمانەدا بورهان یاسین باس لە ئەگەری جێبەجێکردنی دەکات. ئەم بوارە بە بواری what if ناسراوە بوارێکی گرنگی مێژوە، کە ئێمە هێندە پێی ڕانەهاتووین.

بورهان یاسین دەرئەنجامێکی هەتا ئاستێک دڵتەنگانەی هەیە، بەڵام واقیعی کاتێک باس لە دوانەیی سیڤەر دەکات لە پەیوەست بە کوردەوە. لە کاتێکدا سیڤەر کورد دەناسێنێت و دەیکاتە بابەت و هەتا ئاستێک ئەکتەری نێو پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکان بەڵام لە هەمانکاتدا ساتەوەختی شکستیشە. ئەم پێکەوەبونەی شکست و سەرکەوتن لە یەک دیاردەی سیاسیدا، دەرخەری دۆخی ئالۆزی پرسی کوردە لە ناوچەکە و ڕۆڵی کاریگەری زلهێزەکان و کۆمەڵگای نەودەوڵەتی لە پەیوەست بەو پرسە.

لێرەدا حەز دەکەم بە کورتی باس لە سێ ڕەهەندی ئەم پرسە بکەم:سیڤەر وەک مێژوو، مێژووگەرێتی سیڤەر هەروەها سیڤەر وەک ڕوداوێکی فیکریی.

وەک مێژوو، سیڤەر ڕوداوێکە ڕویداوە. ساتەوەختی ئەم روداوە ئێجگار ئالۆزە. ساتەوەختێکە دونیا تیایدا لە نێوان دوو جەنگدایە. سەرەتای سەردەمی کۆلۆنیالیزمی ڕاستەوخۆ بەرەو کۆتایی دەچێت. کەواتە سیڤەر دەتوانرێت مێژویەکی کۆلۆنیالی هەبێت. لە هەمانکاتدا ئیمپراتۆریەتەکان سەردەمیان بەرەو کۆتایی دەچێت و دەوڵەت نەتەوە سەرهەڵئەدات. سیڤەر ڕوداوێکی گرنگی هەناو پرۆسەی دەوڵەتسازی تورکییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کورد و ئەرمەنەوە هەیە. بۆیە هەتا ئەمڕۆش سیڤەر وەک دێوەزمەیەک لە سیاسەتی ڕۆژانەی تورکیادا دەبینرێت. د. بورهان باس لە کۆدەرد، یان سیندرەمی سیڤەر دەکات لە کتێبەکەیدا. لە هەمانکاتدا سیڤەر، بەشێکە لە پرۆسەیەکی درێژ کە فردریک شومان دەڵێت وەک هەموو ڕێکەوتنە ئاشتیەکانی تر وەها دارێژراوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بچەسپێنێت، بەردەوامی بە  دەستکەوتەکانی بدات، هەتا ئامانج و خواستەکانی لایەنی سەرکەتوو فەراهەم بکات بە سەر لایەنی دۆڕاودا، بە ئاستێک لایەنی دۆڕاو بگەیەنێتە ئاستی بێتوانایی و چۆکی پێدادات. هەروەها بۆ ئەوەی  گەرەنتی باڵادەستی براوە بکات لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە داهاتودا.

بە ئاگابوون لەم خەسڵەتە بنەڕەتیانەی ڕێکەوتنەکانی ئەو سەردەمە ڕوناکییەکی زۆر دەخاتە سەر سروشتی پەیماننامەکە. بە تایبەتی کاتێک لە سیڤەر دەڕوانین بە گشتی ڕێککەوتنی ئەوروپییەکانە لە سەر چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵ تورکەکاندا، ئەمەش دیرۆکێکی کۆنە، کە لە ئەدەبیاتی ئەوروپادا بە پرسی ڕۆژهەڵات ناسراوە. ئەم پرسە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە چۆن ئەوروپاییەکان بە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ناڵاندویانە  و ئەو خەونە لە لایان دروستبوە کە چۆن ئەو مەترسییە بۆ یەکجاری ڕیشەکێش بکەن، دانی پارچە خاکێک بە کورد، بەمەرجی ئەوەی بتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن، لەم ڕوانگەیەوەیە.

سیڤەر ساتەوەختێکی ڕاستیی ڕەوشتی هێزە نێودەوڵەتییەکانە. دۆخی نێودەوڵەتی کە لە ڕوانگەی هەندێک قوتابخانەی فیکرییەوە بە پشێوی دەناسرێت لە سیڤەردا جوان ڕەنگ دەداتەوە. د.بورهان بە باشی هۆکارەکانی شکستی سیڤەر باس دەکات، لە سەروی هەمویەوە هەڵکشانی ئەتاتورک و شۆرشی ئۆکتۆبەر و بونی بەرژەوەندی جیاوازی هێزە هاوپەیمانەکان و هەروەها لاوازی نوخبەی کوردی و ئەرمەنی. هەرچەندە ئەرەمەنەکان بەبەراورد بە کوردەکان زۆر بەهێزتربوون. سیڤەر لێرەدا ئەو ساتەوەختە تراژیدیەیە کە ئەوانیتر لە میانەی بەکاربردنی خواستی گەلانی بچوکدا، تەنها بەرژەوەندی و رێگری لە مەترسی و هاوسەنگی هێز بەلایانەوە گرنگە.

مەبەستم لە مێژوگەرێتی سیڤەر ئەوەیە کە چۆن لە مێژودا باس لەم ڕوداوە کراوە. ئێمە دەزانین، تەنها یەک مێژووو بونی نیە و بەردەوام مانا و تێگەیشتنمان بۆ ڕابوردوو دەگۆڕێت. لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساتی ڕودانی روادوەکەوە نزیکن ڕەنگە باشترین شایەدحاڵ بن، بەڵام لە لایەکی ترەوە لە گەڵ تێپەڕینی کاتدا بەڵگەنامە و دۆکیومێنت و ئەرشیفەکان بەردەست دەبن و تێگەیشتنمان بۆ دیاردەکان دەگۆڕێت.

لە ڕوی ئەکادیمییەوە لێکۆڵینەوە و میتۆد و توێژینەوەکان دیدمان دەربارەی ڕوداوەکان دەگۆڕن. لە هەمانکاتدا ئێستا کاریگەری هەیە لە سەر ئەوەی کە چۆن لە ساتەوەختە تایبەتەکانی ڕابوردوو دەڕوانیت. کورد هەتا ئەمڕۆ هیوایەکی زۆری بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، هەتا بێت ئەم پێکەوەبەستنەی نەوان کورد و کۆمەڵگای نەودەوڵەتی فرە ئاست و ئاڵۆزتر دەبێت، لە کاتێکدا دەبینین کە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ساتەوەختی گۆرانی سرشتی مامەڵەیانن لە گەڵ یەکتر و دونیادا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر ئێمە.

لە ڕوی فیکرییەوە سیڤەر ساتەوەختی دوفاقیی و ناسەقامگیری و پشێوی و بەرژەوەندییەکانە. ئەو ساتەوەختەیە کە هاوکاریمان دەکات چۆن لە دونیا بنواڕین. دەکرێت لە ڕوانگەی فەلسەفەییەوە وەک ڕوداوێکی سیاسی تەماشی بکەین. ڕوداوی سیاسی ئەو ساتەوەختەیە کە ڕاستی دۆخێک بە هۆی ڕوداوێکەوە دەردەکەوێت.

سیڤەر لە ئێستادا ئەوەمان پێدەڵێت کە مێژوی کورد لە سەد ساڵی ڕابوردودا لە سەر شانۆی جیهان، مێژویەکی هەژار و پەراوێز و تراژیدیییە. بەشی زۆری ئەمە بۆ نەبونی بنکەکانی نوێنەرایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بۆ لاوازی نوخبەی کوردی و خۆخۆریی و نەبونی توانای سودبینین لە مەعریفە بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ دونیادا. ڕەنگە ژیاننامەی شەریف پاشا گەر بە ووردی و زانستیانە بنوسرێتەوە هاوکاری باشمان بێت لەم بوارەدا. کتێبەکەی د. بورهان هەوڵێکە شایستەی دەستخۆشی و خوێندنەوەیە بۆ ڕوناکی خستنە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم ڕوادوە سیاسییە گرنگە لە مێژوی کوردا. لە هەمانکاتدا لە تراژیدیای جۆری پەیوەندییەکان لە دونیادا. کورد پرسێکی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم پرسە لە ئاستی دونیادا ئامادەیی هەبێت پێویستی بە هێزە. هێزەکانیش تەنها لە کاتی قەیراندا ئامادەن پشتیوانی بکەن. قەیران و هێز هەردوو ناسەقامگیرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن