ڕۆشنبیری و کورد و گلەیی
9/29/2019 11:58:00 AM
سەردار عەزیز
وەک چۆن گلەیی لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیە، لە سیاسیەکان، بازرگانەکان، پیشەوەرەکان، بە هەمان شێوە گلەیی زۆر لە ڕۆشنبیران هەیە. بەڵام ئایا ئەم گلەییە لە جێگای خۆیدایە؟
لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەردەبڕم، وەک گفتوگۆیەک لە گەڵ ئەحمەدی مەلادا
یەکەم، ئاسانە ببیەت ڕۆشنبیر لە کوردستان، چونکە لە سەردەمی تەلەفزیونی ٢٤ کاتژمێری و زۆری پارت و ڕێکخراوی سیاسی و بونی دیموکراسییەکی هاکەزایی، قسەکەر و ڕا دروستکەر لە پانتایی گشتیدا گرنگە، بۆیە لە هەمانکاتدا پێویستە. کورد لە مێژویدا خەڵکێکی پەراوێزی دەسەڵات بوە، بواری سیاسەتکردنی پێنەدراوە، بۆیە ئێستا پاشخانی نیە بەڵام پێداویستی هەیە، ئەمەش وەهایکردوە کە بە ئاسانی ببیت یان بکرێیت بە ڕۆشنبیر.
دوو، فرە-کردن، یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ڕسواکردن، زۆر و بۆر. بونی هێزی زۆر، مانای وەهایە بەرژەوەندی وگوتار و دیدی زۆر هەیە کە پێویستە داکۆکی لێبکرێت و برازێنرێتەوە، ئەمەش وەهادەکات کە بازاڕێک هەبێت، لە هەمانکاتدا بۆ سەرلێشێوان و بێنرخکردنی ڕایەکان، ڕای زۆر و بێ بنەما دێنە بازاڕەوە. ئەمە دیاردەیەکی جیهانیە، پۆستمۆدرێنەکان بنەماکەیان داڕشت کە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە ڕاستی نیە و ئەوەی هەیە تەنها ڕایە. لە ئەنجامدا ڕای زۆر بێکارگەرییبونی ڕاوبۆچونی لێکەوتەوە.
سێ، ڕۆشنبیری کوردی بەشێکە لە ڕۆشنبیری دونیای سێ، لە دونیای سێدا، جگە لە هیند و یابان، هیچ وڵاتێکی تر نیە خاوەن گوتار و بیر و تێڕامانی خۆی بێت. لە هەمانکاتدا هەمو بیرەکانی دونیای ئەمڕۆ، لیبرالیزم، کۆمیونیزم، کەپیتالیزم، ئەنارکیزم، هەرچی ئیزم هەیە، سەرچاوەکەی ئەوروپا و ئەمریکایە. ئەوە تەنها ڕۆشنبیری کورد نیە بەرخۆرە، زۆربەی زۆری گەلانی دونیا وەهان.
چوارهەم، نەرجسیەتێکی زۆر باڵا بونی هەیە لە ناو چینی ڕۆشنبیری کوردیدا، کە بەشی زۆری لە خۆ بە کەمزانینەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕۆشنبیربون زیاتر تەقس و تقوسە، لەوەی پرۆسەی ڕۆشنبیربون بێت.
پێنجەم، هەرگیز ئەرکی ڕۆشنبیر نەبوە کە بیرمەند بێت، ڕۆشنبیر، بە تایبەتی لە هەناو گەلانی دواکەوتودا، ئەرکی گەیاند و ئاسانکاری و ناوەندگەراییە. ئەرکی ئەوەیە کە ئاڵۆزی ئاسان بکاتەوە و تێگەیشتن بەرهەم بهێنێت. جۆرێکە لە میانگری لە نێوان ئاڵۆزی دیاردەکان و ئاسانخوازی جەماوەردا. ئەمە بە تایبەتی لە دونیایەک کە ژمارەی خوێنەری گەلێکی چەند ملیونی تەنها چەند هەزارێکە.
پێنجەم، ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت هەڵگەری کەلتوری خۆمانین بە باش و خراپیەوە. کەلتوری دەوڵەمەند ڕۆشنبیری کارا و کاریگەر بەرهەم دەهێنێت. ئەمە دۆخی ئێمە نیە. مەعریفە هەتا ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا هیچ بایەخ و گرنگی نیە.
شەشەم، ڕۆشنبیر یەکێکە لە دەرکەوتەکانی کەلتور و کۆمەڵگای ئێمە، وەک هەمو ئەوانیتر. کۆمەڵگا کاتێک گلەیی لە ڕۆشنبیر هەیە، بەبێ ئاگایی گلەیی لە خۆی هەیە، بەڵام هەمیشە بەرپرسکردنی ئەوانیتر کارێکی خۆش و پڕ چێژە.