206وتار

چەند سەرنجێک دەربارەی کوشتنی اسماعیل هەنییە

7/31/2024 3:55:00 PM
سەردار عەزیز

یەکەم ڕۆژی کاری پزیشکیان پڕ دراما بوو. کوشتنەکە لە چەند ڕویەکەوە جێگای گومان و سەرنجە:

یەکەم، وەها دادەنرێت کە ئیسرائیل بوبێت. ئەگەر وابێت ئەوا ئیسرائیل بە قوڵی دەستی هەیە لە ناو سوپای پاسداراندا، ئەگینا ئەو هەموو ئامادەکاریی و ئاگادارییانە بە ئاسانی ناکرێت.

دووەم، لە ڕوی سیمبولیکەوە گرنگە، چونکە کوشتنەکە لە یەکەم ڕۆژی کاری سەرۆکی نوێ و لە کاتی ئاهەنگ و لە تارانی پایتەخت هەموو ئاماژەن بۆ پێگە و پەیامی ئیسرائیل. بۆ نمونە هەنییە و ئیسرائیلییەکان بە ئازادی لە دەوحەن، بەڵام دەست بۆ یەکتر نابەن. 

سێیەم، ئێران ناتوانێت بیکات بە پرسێکی گەورە چونکە دەبێت وەڵامی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا نایەوێت وەڵامی هەبێت.

سێیەم، ئەگەر ئیسرائیل بێت، ئەوا مانای وەهایە کە نەتانیاهو دانوستانی ناوێت، چونکە هەنییە بەرپرسی مەلەفی دانوستان و گۆڕینەوەی بارمتەکان بوو. 

چوارهەم، ئایا ئەو پێشوازییە تایبەتەی لە کۆنگریس لە نەتانیاهوو کرا ڕۆڵی هەبوو لەم بڕیارانەدا؟

پێنجەم، لە تورکیا داوای ئەوە دەکرا کە هەنییە بهێنرێت هەتا لە پەرلەمان وتار بدات و بە شێوازی نەتانیاهو لە کۆنگریس پێشوازی لێبکرێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێشوازییەکەی نەتانیاهوو. خەمیس خەنجەریش هەمان پێشنیاری کرد بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام کەمێک درەنگ کەوتن. 

شەشەم، جەنگی ئیسرائیل و ئەوانیتر دەرخەری ڕۆڵی هۆشمەندی دەستکرد AI یە. موساد چەندێک هاوکاری هەیە لە سەر زەوی، هێندەش بە ئەی ئای کارەکانی دەکات. 

حەوتەم، ئایا ئێران لە دەستپێکی حکومەتە نوێکەیدا هەنییەی کرد بە شەکی قوربانی بۆ باشکردنی پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن