تورکناسی
ئەلیڤ سکۆت ناوێکی سەیرە. وەک پاڵەوانەکەی هاروکی مۆراکامی، تۆنی تاکیتانی. هەروەها ئیدوارد سەعیدیش. ئەم پێکەوەگرێدانەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە یەک کەسدا خەسڵەتی دونیای ئەم سەردەمەیە. ئەلیڤ سکۆت، وەک لە ناوەکەیدا دیارە پێکەوەگرێدانی ناوێکی تورکی ئەلیڤ لە گەڵ ناوێکی ئینگلیزی سکۆت. بەڵی لە ڕاستیدا وایە ئەلیڤ سکۆت نیمچە تورک و نیمچە ئینگلیزە. لە کتێبی بەئاگابونەوەی تورکی، ئەلیڤ باس لە ژیانی دەکات لە تورکیا. وەک نیمچە تورکێک و نیمچە ئینگلیزێک، نە هێندە تورکە لە تورکیا قبوڵبکرێت و نەهێندە ئینگلیزە لە بەریتانیا بە ئینگلیز قبوڵ بکرێت. ئەلیڤ دەرچوی ئۆکسفۆردە، بە زمانێکی ئینگلیزی ڕۆژنامەنوسیانەی پاراو دەنوسێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو دیدە ناوەکیە/دەرکیەیەتی کە بۆ تورک هەیەتی. هەرچەندە ئەم پەرتبونە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا لە کەیسی تورکیدا وەک برینێک دەبینرێت. ئەوەی دۆخی برینداری بە چەمککرد سامؤئێل هەنتنگتۆن بوو. ئەم بریندارییە تەنها تورکەکانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو هەمو گەلانی دونیا بەڵام بە تایبەتی ئەوانەی ڕاستەوخۆ لە بەر دەرگای ئەوروپادان. روسەکان زۆر بە دەم ئەم برینەوە دەتلێنەوە، یەکێکە تێزە سەرەکیەکانی دۆستەیەڤیسکی ئەم برینداریەیە.
بۆ ئێمەی کورد سەختی تورکناسی لەوەدایە کە ئێمە پەیوەندیەکی ئازاراویمان هەیە لە گەڵ پرۆسەی بە تورکبوندا. بەڵام ئەوەی دەبێت لێی بەئاگابین ئەوەیە کە ناسینی ئەویتر وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی لە دۆخی بەرەوڕوبونەوەدا بەرهەم بێت پێویستە بۆ دروستکردنی پەیوەندی.
دەبێت لە سەرەتادا لەوە بە ئاگابینەوە کە تورک جیاوازە لە تورکیا. تورکیا پرۆژەیە. تورکیا پرۆژەی بە تورککردنی خاکێکە. یان بەرهەمهێنانەوەی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی تێرەتۆریدا. لە هەناو ئەم پرۆسەیەدا لاوازیی و توندوتیژی و مەترسی گەورە خۆی پەنهانداوە. تورک یان دەستەبژێری تورک بە ئاگان لەوەی کە ئەوان کەمینەن لە تورکیا.بۆیە دەبێت وەک زۆرینە بن، ئەگیان هەمو شتێکیان لە دەست دەچێت. کەمینەیەک بۆ ئەوەی وەک زۆرینە بێت دەبێت بونی ئەویتر نکوڵی بکات و بیکات بە خۆی. هەمو تورک لەمە بە ئاگان. بۆ نمونە ئەوەی خۆی بە ئۆز-تورک دەزانێت ئەوانەن کە دەنگ بە مەهەپ دەدەن. ڕۆشنبیرانی مەهەپ لەمە بە ئاگان، وەک خۆم چەندین جار لە گەڵیان گفتوگۆم کردوە.
بەڵام ئەم گرێی کەم بونە، لە گەڵیدا گریی باڵایی بون و ئیمپراتۆری بون لە گەڵ گرێی مۆدرێن بوندا تێکەڵ دەبێت. لە تورکیا چەمکی ئیمپراتۆریەت و مۆدرێن زۆرترین قسەی لە سەر دەکرێت.
ئەلیڤ باس لە شۆفێری تاکسیەکان دەکات، لە زمانی بازاڕ، لە دۆخی ڕۆژانە. لە ژیانی تاکە کەسەکان، لە هەمانکاتدا بە سەرتاپا وڵاتدا سەفەری کردوە. جێگەی باسە ئێستا ئەو بۆی نیە بچێتە تورکیا چونکە لە نێو ئەو ئۆردوە زۆرەدایە کە ئەردۆغان ڕێگەی پێنادات بچێتە تورکیا.
ئەلیڤ بە سەر زمان و ئەدەبیاتێکی تردا دەمانکاتەوە نە ڕۆژهەڵاتیە نە ڕۆژئاوایی، بەڵکو وەک برینێک لە نێواندایە.