شەڕکەری باش، حوکمداری خراپ: کوردی نانەتەوە
1/23/2025 12:14:00 PM
سەردار عەزیز
کاتێک مەسعود بەرزانی و مەزڵوم عەبدی یەکترییان بینی، یان دیدارەکەیان ئاشکرا کرد، زۆرێک لە خەڵک پێی خۆش بوو، هەندێکیش قەڵس بوون. بەڵام دیدارەکە و وێنەکانی یەکێک بوو لەو ساتە دەگمەنانەی کە کوردە جیاوازەکان بەیەکەوە دابنیشن و ئاشکرای بکەن. دیارە چەندێک دانیشتنەکە گرنگ بوو، هێندەش ڕاگەیاندنەکەی.
وێنەکە ساتەوەختێکی گرنگ بوو لە توانای یەکتر بینین، ڕوبەڕو، ناساندن و دانپیان بەیەکتردا، لە هەمانکاتدا بونی پرۆسەیەک. لە ڕاستیدا، گرنگ بونی دیدارەکە نیشانەیەکی زەقە لە نەتەوەنەبونی کورد، بەڵام لە هەمانکاتدا بونی خواستی نەتەوەیی لە ناو کورددا.
پرسی نەتەوە لە ناو کورددا قێزێنراوە. ئەمە نەک مایەی سەرسوڕمان نیە، بەڵکو دەرئەنجامێکی تەواو تەواو چاوەڕوانکراوە. دژە نەتەوە کوردەکان دەڵێن، نەتەوە بۆ هەموو گەلانی دونیا باشە بۆ کورد نەبێت. دیارە هەموو ڕەخنەکان یان پڕوپاگەندەکان دەکرێن لە ڕوانگەیەکی ترەوە بخوێنرێنەوە. ئەویش خزمەتچێتی ئەویتر.
دیدێک هەیە لە ناو کورددا کە کورد شەڕکەری باشن. لە ڕاستیدا ئەم دیدە وەک ئەفسانەیەکی لێهاتوە. ئایا ڕاستە یان نا، پرسێکی ترە، بەڵام هەبونی ئەم دیدە لە سەدان بەڵگەنامە و دۆکیومێنتدا نیشانەی بونی ڕاستیەکە. بەڵام ئایا یانی چی؟
لە مێژوی ناوچەکەدا، کورد وەک خەڵکانێکی چیایی پەرت، لە گەڵ زۆر خەڵک شەڕیان کردوە، هەروەها دژ بە زۆر خەڵک شەڕیان کردوە. زۆرجار ئەم شەڕانە کوردی پەرتکردوە و دژ بە یەکی کردوون. هەرگیز ئەمە کێشە نەبوە لای کورد، وەک ئەمڕۆ دەیبینین. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد، هەستی نەکردوە دژ بە کوردێکی تر شەڕ دەکات. لە گەڵ ڕوس دژ بە عوسمانی، لە گەڵ عوسمانی دژ بە ڕوس، لە گەڵ سەفەوی دژ بە عوسمانی، لە گەڵ عوسمانی دژ بە سەفەوی، لە گەڵ تورک دژ بە ئەرمەن، لە گەڵ، لە گەڵ، لە گەڵ.
ئەوانیتر هەمیشە بۆ ئەوەی ئیدارەی کورد بدەن، دژایەتی یەکگرتنی کورد، یان بونی تاک ناسنامەیی کورد، یان هەر دژ بە بونی کوردن. چونکە ئاسان نیە بە کوردێک بڵێی تۆ کوردیت و ئەویتریش لەو بەرەکە کوردە. بۆیە لە کۆن و لە ئێستاش کورد پەرت و دژ بە یەک بوون و ئەمە سروشتیە لە لایان. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ کوردبوون زۆر ناسروشتییە. مەبەستم لە سروشتی ئاسایی نەک ناچڕاڵ.لە هەمانکاتدا وەک دەبینین خەسڵەتە کەلتورییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی دژ بە پرۆسەی نەتەوەبون بەکاردەبرێت، وەک ئاین، زاراوە، ئایدەلۆژیا، باوەڕ، کەلتور و زۆری تر.
کاتێک مۆدێرنە و کۆلۆنیالیزم دێن بۆ ناوچەکە، دەبینن کورد، بە ئاسانی مۆدێرن نابێت. لە تورکیا دژ بە ئەتاتورک دەوەستێتەوە. دیارە یانی دژە بە پرۆسەی نەتەوە و مێژوو. لە عێراق پشتی تورک دەگرێت.
نەبونی توانای کورد و نوخبەی بۆ ئەوەی بزانن کە لەو ساتەدا لە مێژودا چی دەگوزەرێت، تەنها بێئاگایی نیە، بەڵکو بەردەوامییدانە بە نەریتێکی کۆن کە لە ناو کورددا وەک ئاسایی لێهاتوە، ئەویش پەرتبون و بەیەک نەگەشتن.
لێرەدا کۆمەڵێک خەسڵەتی سەرەکی لە سیاسەتی کوریدا دەبێت بە سروشتی:
یەکەم، بە ئاسانی سازان و ملکەچی بۆ ئەویتر
دووەم، نەبونی توانا و ئاگایی ئەوەی کە پێکەوە بسازێن. هەموو کوردێک گلەیی لەمە دەکات بەڵام هەمووی پیادەی دەکات.
سێیەم، نەزانینی مۆدێرنە و نەتەوە. ئەمڕۆ کورد، بۆ نمونە پەکەکە دژ بە مۆدێرنە و یەکبونە. [دیارە پەکەکە بڕوای بە فرەیی کەلتوری هەیە، بەڵام دژ بە فرەیی سیاسییە].
چوار، نەزانینی ئەوەی کە ئەگەر نەگوێزیتەوە بۆ نەتەوە، ناتوانیت حوکم بکەیت. چونکە بەبێ بونی هاوبەشی و ئاشنایی و پێکەوەیی ناتوانرێت حوکم بکرێت، وەک ئەوەی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەیبینین.
پێنجەم، کورد زۆر زوو و بە ئاسانی دژی کوردە. ئەمە بە زەقی لە نێو چەپی و ئیسلامییەکاندا دەبینین. هەردوو بەرەکە نازانن کە ئامرازی جیوپۆلەتیکین.
بۆچی نەتەوە گرنگە:
نەتەوە ئەوەنیە پارتی باسی دەکات. لە راستیدا پارتی بە دیدێکی خێڵەکی لە نەتەوە تێگەشتوە. چونکە لای پارتی نەتەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگای کوردییە لە بڕی یەکخستن و کۆکردنەوەی. نەتەوە گرنگە چونکە پەیامی ئەوە بە دونیا دەدات کە تۆ بریتی نیت لە کۆمەڵێ هێزی هەمیشە دژ بە یەک، بەڵکو دەتەوێت گەلێک بونی هەبێت و حوکمی خۆی بکات. بۆ نمونە شکستی پرۆژەی یەکخستنی پێشمەرگە ئاماژەیەکی ڕونە بەوەی کە کورد لە باشور نەتەوە نین.
لە هەمانکاتدا پەرتبونی ئاسانی باشور و نەتوانینی بۆ تێپەڕاندنی شەڕی ناوخۆ دەرخەری ئەوەیە کە پەرتبون ئاساییە، بەڵام تەنها نەتەوە دەتوانێت ئەم پەرتبونە کۆتایی پێبهێنێت.
بە سادەیی سێ جۆر لە پێکهاتەی سیاسی بونی هەیە. تیرە، نەتەوە لە گەڵ ئیمپریالیزم. کورد کۆمەڵێک تیرەن کە ناتوانن و ناهێڵن نەتەوە بن، چونکە گەلانی زاڵی ناوچەکە، تورک و عەرەب و فارس، بونیادی ئیمپریالییان هەیە. بونیادی ئیمپریالی یانی بە ئاسایی زانینی ئەوەی کە حوکمی ئەوانیتر بکەن و ئەوانیتر خزمەتیان بکەن یان لە هەناویاندا بتوێنەوە.
ئێستا ئەوەی دەیەوێت نەتەوەی کورد دروست بکات، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکایە.