ئێران و ئەمریکا: بەرەو داخستنی پەنجەرەکە
3/27/2021 9:41:00 AM
سەردار عەزیز
بە ھاتنی بایدن ھیوای ئەوە ھاتە ئاراوە کە ئێران و ئەمریکا دەگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما. ھۆکاری ئەم پێشبینی و گەشبینییە زۆربوو. نزیکێتی ئۆباما و بایدن، بانگەشەی بایدن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە لە کاتی کەمپەیندا، ھەبونی لۆبییەکی بەھێزی ئێرانی نزیک لە دیموکراتەکانەوە. بەڵام سەرباری دەنگۆ و باسکردن و ھەوڵی بچوک ھەتا ئێستا ھیچ ئاماژەیەک لە ئارادانیە کە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکە فەراھەم دەبێت.
لێرەدا بە کورتی ئارگومێنتی ئەوە دەخەمە ڕوو کە بۆچی بایدن پەلەی نیە یان نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنەکە. پاشان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە کە ئایا ئێران چی دەکات.
ڕۆژانی ڕابوردوو بینیمان شەقامەکانی بەغدا پڕبوون لە چەکداری میلیشیاکان. ھۆکاری ئەمە و ئامانجی ئەمە تەنھا یەکێک نیە بەڵکو زۆرە. بەڵام بە دڵنیاییەوە، یەکێک لە ھۆکارەکانی نمایشی فشارە لە سەر ئەمریکا و دۆستەکانی لە عێراق. ئەمە لە جێگاکانی تریش دەبینین لە ھەمانکاتدا.
سیاسەتی ئێرانی ئاشکرایە، کە خۆی لە چەند ھەنگاوێکدا دەبینێتەوە. یەکەم، بەم ئەم کارانە ئێران دەیەوێت خۆی بیری کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بخاتەوە کە دۆخی خراپە و پێویستە ئەمریکا ئابڵۆقەی لە سەر لاببات ئەگینا دەتوانێت کاری تێکدان بکات لە زۆر شوێن. دووەم، ئەڵتەرناتڤی نەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی شلۆقانی سەرتاپا ناوچەکەیە. دۆستەکانی ئێران لە واشنتۆن دەیانەوێت ئەم پەیامە بگەیەنن. ھەموو ئێرانییە ئەمریکییەکان وەک یەک قسە دەکەن لەمبارەوە.
بەڵام بایدن ھەست بە فشار ناکات. چونکە لە ڕاستیدا گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بڕی ئەوەی فشار لە سەر بایدن لاببات فشاری زۆری لە سەر دروست دەکات. بایدن پەروەردەی سێناتە. چاک شارەزای کۆنگریسە.
ئەوەی لە ئێستادا فشارە لە سەری دۆخی سەختی ناوخۆی ئەمریکایە، لە ئاستی کۆڤید، ئابوری، ژێرخان، کۆچبەر. ئەوەی بڕیار لە سەر سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئیدارەی بایدن و دیموکراتەکان دەدات ئێران نیە، بەڵکو دۆخی ناوخۆیە. بۆیە بایدن نایەت کۆنگریس لەخۆی بئاڵسکێنێت و ھەموو کارەکانی لە ناوەوە توشی شکست بن، لە بەر ئێران.
ئێران باش ئەمە دەزانێت بۆیە لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بنێرێت کە ئەگەر ئاوڕی لێنەدەنەوە ئەوا ناوچەکە تێکدەدات. بەڵام ئێران کۆریای باکورنیە، ھەرچەندە ھەوڵدەدات بە ڕێچکەی ئەودا بڕوات.
لە لایەکی ترەوە ئەگەر سەیری ئەجیندای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکەیت ئەوا ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی نیوەییە، میدتێرم، لە کاتی وەھادا دانوستان ناکرێت. پاشان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیک دەبینەوە، دیسانەوە دانوستان ناکرێت، بە گشتی لە خولی یەکەمی بایدندا مەحاڵە لەو پرسە نزیک ببنەوە، مەگەر ئێران بە تەواوی ڕەفتاری بگۆڕێت بە جۆرێک کە کۆنگریس لێی ڕازی بێت.
لە ئێستادا لە نەبونی ھیچ جۆرێک لە باوەڕ بەیەکترکردن لە نێوان ھەردوولادا، ئەوا چاوەڕوان ناکرێت ئێران ڕەفتاری خۆی بگۆڕێت. لە ڕاستیدا ئەگەری زۆرە لەیەنگرانی ڕێککەوتن لە گەڵ ئەمریکادا لە پاش ھەڵبژاردن کەمتربن. ئێستا دەنگۆی ئەوە ھەیە کە ئێران و چین ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵە لە نێوانیاندا واژۆ دەکەن. ئەمەش جۆرێکە لە فشار، بەڵام ئەمریکا، ئەمریکای جاران نیە، ئێستا ناوەوە لە ھەموو شتێک گرنگترە، لە دەرەوە چین.
بۆیە ڕەنگە برادەرانی ڕەبع اللە زیاتر سەرقاڵبن لە ماوەی داھاتودا.