104وتار

فەلەستین بە کوردی

10/27/2023 11:23:00 AM
سەردار عەزیز

لێرەدا دەمەوێت قسە لە سەر ڕەفتار و ستراتیژ بکەم لە هەموو شتێکی تر زیاتر. لەم ڕوەوە ئایا پرسی فەلەستین چیمان پێدەڵێت وەک کورد؟

یەکەم، کە ئیسرائیل دروستکرا، لە لایەن بەریتانیەوە، پرسی فەلەستینیەکان بوو بە ڕێگریی گەورە لە بەردەم بون و سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیەدا. بە هەمانشێوە کە عێراق لە لایەن ئیستعماری بەریتانیەوە دروستکرا، پرسی کورد بوو بە ڕێگری ئەو پرۆژەیە. بۆیە چۆنێتی مامەڵە لە گەڵ ئەم ڕێگرییەدا، پرسێکی هاوشێوەیە لە نێوان هەردوو لادا. لە یەکەم دەرکەوتەیدا، پرسی کورد و فەلەستینیەکان هاوشێوەییەک دروست دەکات بەوەی دەبێت بە پرسی خەڵکێک بەرامبەر دەوڵەت. هاوکێشەی خەڵک و دەوڵەت لە میانەی سیستەمی دەوڵەتیی نێودەوڵەتیدا هاوکێشەیەکی لاسەنگە. دەوڵەت ماف و شەرعیەتی بەکاربردن و قۆرغکردنی توندوتیژیی هەیە، بەڵام خەڵک نیەتی. خەڵک دەبنە تیرۆریست، بەڵام دەوڵەت نابێتە تیرۆریست، ئەگەر پڕا و پڕ تیرۆریستیش بێت.  پرسی تیرۆر یانی داماڵینی هەموو مافیک بۆ داخوازیی و داواکاریی. بۆیە ململانێ لە گەڵ دەوڵەتدا هەمیشە لە سەر پێگەی دەوڵەتەکە وەستاوە لە ناو کایەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەگەر دەوڵەتەکە قبوڵکراوبێت ئەوا ململانێ لە گەڵیدا سەختە. هەروەها ئەگەر قبوڵ نەکراوبێت ئەوا ئاسانترە.

دووەم، ئیسرائیل ستراتیژی جیاوازی گرتە بەر بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ فەلەستینیەکانیدا. دەکرێت ئەم ستراتیژیانە بکەین بە دوو بەشەوە، ستراتیژ بەرامبەر خەڵک، لە گەڵ ستراتیژ بەرامبەر هێزەکان. سەرەتا قسە لە سەر هێزەکان دەکەین. کاتێک ئیسرائیل لە شەستەکان و حەفتاکان، لە گەڵ فەلەستینیەکاندا دەجەنگا، ئەوان لە بەرەی چەپ بوون. ئەمە بەشێک بوو لە دەرهاوێشتەی دۆخی سیستەمی جیهانی ئەو سەردەمە. لە شەست و حەوت ئیسرائیل بوو بە جێگای بایەخی ئەمریکا، چونکە دەرکەوت کە هێزێکی کاریگەرە و دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ مامەڵەکردن لە گەڵیدا بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە. ئەمریکادا لە سەرەتادا دۆستی ئیسرائیل نەبوو.
ئەمە دەرخەری پەیوەندی نێوان هێزی ناوخۆیی و زلهێزە. ڕۆڵی زلهێز لە دروستکردن ون ئیدارەدان و هەندێکجار کۆتایی هێنانی پرسی کورد لە باشور لای کەس نهێنی نیە. هێشتنەوە و درێژەپێدانی ئەو پەیوەندییە زۆر ئاڵۆزە، ئیسرائیلیەکان لە چەندین ئاستدا کاری لە سەر دەکەن، ئاستی کاریگەریی بوون لە ناوچەکە، ئاستی دیموکراسی بوون (هەرچەندە ئێستا دیموکراسیەتی ئیسرائیلی نیشانەی پرسیاری لە سەرە، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری چەندین دەیە لە پێشە)، بە لۆبیی کرد، بە بونی توانای زانستی و ئابوریی، بە بونی ناوەندی توێژینەوە، بە بونی میدیای زەبەلاح و چیرۆک و بیرمەند و زۆر زۆری تر. کورد لە بەر دوو هۆکار توانای نەبوە هیچ کام لەم هەنگاوانە بنێت، یەکەم، خەڵکەکەی بێئاگایە و دووەم، نوخبەکەی تەنها بەرژەوەندی خۆی لا مەبەستە. خەڵکی کورد حەزی لە ناوی بێناوەڕۆکە، وەک، بڕوانامەی بێ مەعریفە، پۆستی بێکار، ڕۆشنبیریی جنێوفرۆش. بەم ڕەفتار و ئاگاییە ساویلکانە ناتوانرێت کاریگەریی لە دونیادا دروست بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدا زلهێزێکی وەک ئەمریکا ئەوەی بۆ کوردی کردوە، مەگەر بۆ ئیسرائیلی کردبێت، لە پاراستن و پشتیوانی و گۆڕینی عێراق و نوسینی دەستور و تەنانەت موچە بە چەکدارەکانیشی. بەڵام کورد ناتوانێت سودمەنی ستراتیژیانەی ئەم هاوکاریانە بێت، چونکە بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار زۆر تەبانیە لە گەڵیدا و خەڵکی کوردیش نازانێت چ باسە.

سێیەم، ئیسرائیل لە مامەڵەی لە گەڵ هێزە فەلەستینیەکاندا، کاتێک کە چەپ بوون، بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە چۆن ڕکەبەرێکیان بۆ دروست بکات. بۆیە بۆ ماوەی بیست ساڵ هاوکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شێخ یاسین بوو لە پێناو دروستکردنی حەماس. دروستکردنی حەماس لە لایەن ئیسرائیلەوە لای کەس نهێنی نیە. ئامانجی ئیسرائیلیەکان دروستکردنی نەیاریی و شەڕی ناوخۆ و پەرتبونی فەلەستینەکان بوو، بە جۆرێک بە خۆیانەوە خەریک بن، نەک ئیسرائیل.
ئەم ستراتیژەی ئیسرائیل هاوشێوەی مامەڵەی هێزەکانی ترە لە گەڵ کورددا. شەڕی ناوخۆی کورد لە چەندین لاوە ئیدارە دەدرێت، بە کاراکتەری کوردی خۆی بەڕێوەدەبرێت. هێزە کوردیە جیاوازەکان بە ئاگایی و بێئاگایی بەشدارن لە هێشتنەوە و درێژەپێدانی شەڕی ناوخۆ، [بۆ نمونە یەک هێزی سیاسی کوردی نیە، لە دەرەوەی زمان و عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆوە قسە بکات]. لە میانەی ململانێی وەهادا خواست و داواکاریی گروپ و هێزەکان باڵادەبێت نەک خەڵک و نیشتمان. ئیسرائیل بە گرتنە بەری سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، یان پەرتبکە و بە شەڕیان بدە و ئیدارەیان بدە، توانای فەلەستینیەکان بەرە و نەمان بەرێت و ڕوبەڕوی بژاردەی مردن بکاتەوە لە پێناوە مانەوە.

چوارهەم، گەندەڵیی نوخبەی دەسەڵاتداری فەلەستینی و کوردی بە چەندین شێواز پرسی ئەم خەڵکانەیان لاواز کردوە. گەندەڵی نوخبە مانای تەنها ئەوە نیە کە داهاتی خەڵکی دەدزرێت، بەڵکو کۆمەڵێک کاریگەری کوشندەی هەیە، لەوانە گۆڕینی پرسی خەڵکێک بۆ پرسی کەڵەکەکردنی سامان، هەروەها نەمانی سەنگ لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. لاوازبون لە بەرامبەر خەڵکدا کە دەبێت ەمایەی گەندەڵی زیاتر، چونکە کاتێک هێزێک کە بە ڕەوایی پرسەکەی پشتیوانی ناکرێت ئەوا پێویستی بە سامانە بۆ ڕاکێشانی خەڵک. بۆ نمونە هەمومان دەزانی کە لە کوردستان دەنگدان کردەیەکی ئابورییە، نەک سیاسی یان نیشتمانی یان خەمخۆریی. بە ئابوریی کردن دەنگدان یان دیموکراسی یانی کردنی گەندەڵی بە کردەیەکی ناوازەوە بۆ سیستەم.
پێنجەم، لە مامەڵە لە گەڵ خەڵکدا، ئیسرائیل هەمیشە چەند ستراتیژێکی هەبوە. کوشتن، ترساندن، ڕەوکردن، هەموو لە میانەی ئەم ستراتیژانەدا بوون، لە پێناو چۆڵکردنی فەلەستین و جێگیرکردنی ئیسرائیلی. ئێستا یەکێک لەو بژاردانەی کە بەردەوام باسی لێوە دەکرێت گواستنەوەی سەرجەم خەڵکی غەزەیە بۆ دەرەوەی فەلەستین. لە پاش هێرشەکانی حەماس، ئەم بژاردەیە زیاتر بڕەوی پەیداکردوە، بە جۆرێک خەریکە لە پلانێکی توندڕەوەوە دەکرێت بە بژاردە. سەرۆکی میسری بە ڕاشکاوانە دژ بەم هەوڵەبوو. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سیسی دژ بە هەوڵی گواستنەوەکە نیە، بەڵکو دژ بە گواستنەوەیانە بۆ سینا، بەڵکو ئەو بیابانی نەقەبی پێباشە. بە هەمانشێوە عێراق بەردەوام لە هەوڵی جێگۆڕکێ و جینۆساید و گۆڕینی دانیشتوانی عێراقە لە نێویاندا کورد، لە پێناو گونجاندنی لە گەڵ خواست و بەرژەوەندی حوکمداراندا.
شەشەم، لە دەستدانی پرسەکە. حەماس هێزێکی ئیخوانیە، بەڵام لە ناو کایەی جیوپۆلەتیکی ئێرانیدایە. بەمجۆرە قەتەر و تورکیا و ئێران وەک کارتێک بە کاری دەبەن. ئەمە دەرئەنجامێکە هیچ هێزێک ناتوانێت لێی دەربازبێت. ئەم یارییە زۆر ئاڵۆزە، هەمیشە دەربڕینە فۆکۆییەکەم بیردەخاتەوە، کۆندەکت ئۆف کۆندەکت کە یانی بەکاربردنی ئەوەی هەیە. بە مانایەکی تر، فەلەستین کێشەی لە گەڵ ئیسرائیلدا هەیە، کورد کێشەی هەیە، بەڵام ئەم کێشەیە لە کایەی ململانێکانی تر بەکاردەبرێت. ئەمە گرێکوێرەی پەیوەندی کورد و ئەوانیتر بوە. ئێرانیەکان دەڵێن، شەر لە غەزە و عەدەن و دیمەشق و موسڵ دەکەن بۆ ئەوەی لە ناو ئێراندا نەیکەن. بەکاربردن و بە سوک سەیرکردنی ژیان و ژیاری ئەو خەڵکانەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن