ڕیفراندۆم: ناستراتیژیەتی ستراتیژیی
9/24/2023 10:52:00 AM
سەردار عەزیز
بڕیاری ڕیفراندۆم، بڕیارێکی ستراتیژی بوو، بەڵام
دەرئەنجامی بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی نەبوو. کاتێک بڕیارێکی ستراتیژی، بەو مانایە کە
کاریگەر و درێژخایەنە، بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی لە پشتیەوەنیە، لە بڕی سودی ستراتیژی
زیانی ستراتیژی بەرهەم دەهێنێت یان زیانی درێژخایەن. لێرەدا تەنها بە خێرایی ئاماژە
بە گرنگی بیرکردنەوەی ستراتیژی دەدەم، کە کورد نیەتی. بیرکردنەوەی ستراتیژی جیاوازە
لە بیرکردنەوەی لۆجیکی و ڕەخنەیی و جۆرە بیرکردنەوەکانی تر. کرۆکی بیرکردنەوەی
ستراتیژی بیرکردنەوەی سیستەماتیکە. لێڕەدا دەکرێت بیر لە فیلەکەی ئیمامی خەزالی کە
لە بیری بودییەوە هاتوەتە ناو دونیای ئیسلامی بکرێتەوە. چۆن کاتێک فیلت نەدیوە، گەر
بەشێک لە فیلت بخەنە بەردەست لێت دەبێت بە هەموو فیل. خەسڵەتێکی تری هەرە گرنگ
چوارچێوەیەتیی و ناچوارچێوەیەتییە. مرۆڤ بە گشتی لە هەناو چوارچێوەکاندا دەژی،
نمونەی دیاری پۆلێنکردنی ئەم بوارە فرانسیس بەیکنە، کە بە چوار پۆلێن پۆلێنی دەکات
و ناویان دەنێت ئایدۆل، یان بت، کە بریتین لە خێزان یان تیرە، ئەشکەوت، بازاڕ یان
ژینگە لە گەڵ شانۆ یان دۆگمای ئاینی.
بە کورتی بیرکەرەوەی ستراتیژی کەسێکە کە بە
ئاگایە لەوەی کە زۆر ڕێگر هەیە لەوەی کە دەکرێت هەڵە بێت، بۆیە دەبێت هەوڵ بدات کە
چۆن هەڵە نەبێت و واقیعببینێت، ئەمەش پێویستی بە ماستەربونە بە سەر بیرکردنەوەی لۆجیکی
و ڕەخنەییدا.