95وتار

تورکیا و عێراق ڕێکناکەون

8/30/2023 12:09:00 PM
سەردار عەزیز


تورکیا لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا. هەندێک وەهای دەبینین بەشێکە لە هەوڵی وەرچەرخانی تورکیا بەرەو کەنداو، لە پێناو بوژانەوەیەکی خێرای ئابوری وڵاتەکەیدا. لە پاش هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆمار ئەردۆگان هەرزوو وەزیری داراییەکەی نارد بۆ کەنداو و پاشان خۆیشی بە دوایدا ڕۆشت. وەرچەرخان بەرەو کەنداو کۆمەڵێک هۆکاری زۆری لە پشتە، لێرەدا ناچینە تان و پۆیانەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوە لە گەڵ دەوروبەردا یەکێکە لە ستراتیژەکان، لە نێویاندا عێراقیش.

بەڵام عێراق وەک وڵاتانی کەنداو نیە. لە نێوان وڵاتانی کەنداو و تورکیا سنور و کێشەی زۆری ئاڵۆز بونی نیە، بەڵکو ئەوەی هەبوو چەند پرسێکی بچوک و دەرەکی بوو. بۆ نمونە لە نێوان تورکیا و سعودیەدا، پرسی جەمال خاشقچی هەبوو، هەر زوو وەلانرا. هەروەها لە نێوان ئیمارات و تورکیا پرسی بەکاربردنی ئیخوان هەبوو، ئەویش وەلانرا.

بەڵام لە گەڵ عێراقدا پرسەکان دێرین و ئاڵۆزن. لە دوا توێژینەوەم بۆ خانەی بیری ئیماراتی، جەختم لە سەر ئەو دیدە کردەوە کە بە هۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیانەوە، عێراق و تورکیا هەرگیز ناتوانن پەیوەندییەکانیان بگەنە ئاستی ستراتیژیی، بەڵکو هەمیشە بە نیمچەیی دەمێنێتەوە.

سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە مەبەستی ئامادەسازیی بوو بۆ هاتنی ئەردۆگان، کە پلان وەهایە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات. ئەردۆگان هەتا ئێستا دووجار سەفەرەکەی دواخستوە، بەڵام ئایا لە سێیەم جاردا سەفەر دەکات؟ بەڕای ئێمە ئەگەری لاوازە، چونکە وەها دەردەکەوێت کە وەزیری دەرەوەی تورکیا نەگەشتبێتە هیچ ڕێکەوتنێک لە گەڵ عێراقییەکاندا. گەورەترین هەنگاو لە هەموو بوارەکاندا دروستکردنی لیژنەیە، کە لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقیدا، یانی دێزە بە دەرخۆنە.

لە کاتێکدا چەند پرسێکی گەورە و ئاڵۆز لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە، بەڵام جۆر و پەیوەندی ئەم پرسانە گرنگن. هەندێک پێیان وەهایە کە پرسەکان وەک پاکێجێک وەهان و ناتوانرێت لە یەکتر جودا بکرێنەوە. جوداکردنەوەی پرسەکان و مامەڵەکردن لە گەڵ ئەو پرسەی کە چارەسەر دەبێت و دواخستنی ئەوەی لە ئێستا چارسەر نابێت، ڕێسایەکی باوی نێو سیاسەتی نێودەوڵەتییە.

لە هەمانکاتدا هەردوو وڵات ئەولەویەتیان جودایە. بۆ عێراق ئاو لە سەروی هەموو پرسەکانەوەیە، بۆ تورکیا پرسی پارتی کرێکاران. بەڵام پرسەکانی تری وەک هەناردەی نەوت، یان قەرەبوکردنەوەی ئەو برە پارەیەی کە دادگای پاریس بە سەر تورکیادا سەپاندی، هەروەها ڕێگریی لە بەردەوامی دادگاکە ۆ درێژەدان بە بەشی دووەمی دادوەرییەکە کە دەربارەی ساڵانی ٢٠١٨ هەتا ٢٠٢٣یە.

بەڕای من پرسەکان بۆ عێراق جگە لە ئاو، هەرێمی کوردستانە. لە کاتێکدا لۆجیک وەهایە کە عێراق دەستبەرداری پرسی دادگای پاریس ببێت هەتا تورکیا ئاوی زیاتری بۆ بەرداتەوە، چونکە پرسی ئاو لە عێراقدا پرسی مان و نەمانی جۆری ژیان و ژیاری ملیونان خەڵک و زەوی و زار و زیندەوەرە. بەڵام عێراق ئەوە ناکات، چونکە وەها دەبینێی کە پرسی نەوت گرنگ نیە، بە تایبەتی لە ئێستادا، کە نرخی نەوت بەرزە و عێراق، تەنها بە بڕی نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل رێگریی لێکراوە. بەڵام گرنگی پرسی نەوت بۆ عێراق لە ئەوەدایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پێگەی هەرێمی کوردستانەوە. پلانی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق ئەوەیە کە هەموو پەیوەندییە دەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنێت و بیکات بە یەکەیەکی ناوخۆیی دابڕو لە دەرەوە.

لەم پێودانگەوە، عێراق پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم وەک پرسێکی جیوپۆلەتیکی دەبینێت لە نێوان هەردوو لادا و نایەوێت هەرێم و تورکیا پەیوەندییان بەش بێت، چونکە بە دیدی ئەوان تورکیا سەرچاوەی بەهێزبونی هەرێم بوو لە ڕابوردودا. ئەم پلانە هەروەها ڕەهەندی ئیقلیمیشی هەیە.

بۆیە بەغدا لە ئێستادا نایەوێت و هەروەها ناشتوانێت لە قەرەبوەکان خۆش بێت و لە کەیس دادگای پاریس بکشێتەوە. دیارە تورکەکان پرسی پارتی کرێکاران زۆر دەهێننە بەرباس. بەڵام بەڕای من پرسی پارتی کرێکاران پرسێکی جیدیی نیە بۆ ئێستای تورکیا. ئێستا پارتی کرێکاران لە دەرەوەی تورکیایە. تورکیا ئەم پرسە بەکاردەبات وەک ئامرازی فشار بۆ سەر عێراق هەتا ناچاری بکات بە سازش لە بواری تردا.

دیارە لە ڕوانگەی جیوپۆەلتیکی فراوانەوە، تورکیا ئاماناجێک و دوو خەمی هەیە، ئامانجی تورکیا ئەوەیە بگاتە قوڵایی جیهانی عەرەبی سوننە. دوو بەربەرست لە بەردەم ئەم گەیشتنەدا هەیە، یەکەم، ئەگەری دروستبونی پشتێنەیەکی کوردی بوو لە سنوری ئێرانەوە هەتا عەفرین، دووەم دروستبونی پشتێنەیەکی شیعەیە لە تارانەوە بۆ بەیروت. تورکیا ئەم پشتێنانە وەها دەبینێت کە بەربەست دروست دەکەن لە بەرامبەر تورکیادا بۆ گەیشتن بە پارە و بازاڕ و سامانی وڵاتانی کەنداو. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە کە تورکیا پرۆژەی ڕێگای گەشە بە بایەخێکی زۆرە مامەڵە دەکات، چونکە ئەو پرۆژەیە، ئەو دوو پشتێنەیە کون دەکات و تورکیا ڕاستەوخۆ دەگەیەنێتە کەنداو.

دیارە لە ئێستادا تورکیا، عێراق خۆی وەک چەشەیەکی گەورە دەبینێت کە خاوەنی داهاتی زۆرە بە هۆی بەرزی نرخی نەوتەوە و هەروەها پێویستی بە بونیادنانەوە و کاڵا و ئاو و خۆراک و شمەکی زۆرە. وەک بینیمان کاتێک وەزیری نەوتی عێراقی لە تورکیا بوو، یەکەم شت وەزیری تورکی هاوتا کردی لێخوڕینی ماشینی کارەبایی تورکی بوو، وەک جۆرێک لە ڕێکلام بۆ کاڵای تورکی لە عێراق. بەڵام عێراق ناتوانێت سازش بکات چونکە حکومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لاوازە و چاوی موقتەدا سەدری بەسەرەوەیە بۆ هەر سازشێک لە گەڵ وڵاتانی تردا، وەک لە کەیسی کوێتدا بینیمان، دەبەتە مایەی ڕەخنە و هێرشی زۆر، بە اتیبەتی لە سەروبەری هەڵبژاردندا.

هەروەها هەبونی هەڵبژاردنی ناوخۆیی عێراق و تورکیا وەها دەکات کە هەردوو لا، نەتوانن واقییعیانە مامەڵە بکەن. بۆ تورکیا، بە تایبەتی لە ڕوانگەی هەڵبژاردنەوەی پرسی شەڕی کورد گرنگە. بۆ عێراق سازش نەکردن. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر هەردوولا خۆیان نەگەنە ڕێکەوتن چی دەبێت؟

یەکەم، زۆرجار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک پرسی وەها دێتە ئاراوە، لایەنێکی نێودەوڵەتی دێتە ناو پرسەکەوە. ئایا ئەمریکا ڕاستەوخۆ دێتە ناو ئەم پرسەوە؟ هەرچەندە ئەمریکا نایشارێتەوە کە پشتیوانی هەناردەی نەوتی کوردستانە، بەڵام لەوە زیاتر هیچ هەنگاوێکی نەناوە. هەمیشە هەوڵ هەیە وەک لۆبی بۆ ئاشتبونەوەی تورکیا و ئەمریکا و پشتبەستنی ئەمریکا بە تورکیا. دوا نوسین لە ڕۆژنامەی هیڵ، کە تایبەتە بە کۆنگریس بەو ئاراستەیە بوو.

دووەم، گرەو لە سەر مەترسی ڕۆخانی هەرێمە. وەک ئەو نوسینەی لە گۆڤاری فۆرین پۆلسەی کە لە لایەن پارێزەرێکی تورکەوە نوسرابوو، دیار بوو دیسانەوە جۆرێک بوو لە کاری لۆبیی. بەپێی ئەم دیدە، ئەگەر عێراق و تورکیا نەگەنە ڕێکەوتن و مامەڵەی بەغدا لە گەڵ هەرێمدا باش نەبێت ئەوا مەترسی لە سەر هەرێم هەیە. بە کەوتنی هەرێم دۆخێکی ناسەقامگیریی بەرفراوان لە ناوچەکە دروست دەبێت، بۆیە وڵاتان دەبێت لەم پرسەدا دەستوەردان بکەن.

وەها دیارە پارتی قومار لە سەر ڕێکەنەکەوتنی تورکیا و عێراق دەکات، کە لە ئەنجامدا وەها دەکات تورکیا جارێکی تر پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەرێمدا وەک جاران لێ بکاتەوە. من ئەم ئەگەر بە دوور دەبینم. تورکیا بە هۆی سیاستە بەرفراوانەکەی دەیەوێت دەستی بگاتە عێراق و کەنداو نەک تەنها هەرێم. لە ڕابوردودا کە ئابوری باش بوو، پەیوەندی لە گەڵ هەرێمدا بەس بوو، بەڵام ئێستا دۆخی ئابوری پرسەکەی گۆڕیوە. بەڵام بەهۆی پشتێنەی شیعەوە، هەروەها بونی ڕکەبەری ئیقلیمی لە گەڵ ئێراندا، تورکیا ناتوانێت بە ئاسانی بەم ئامانجەی بگات.

+تایبەت بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی نوسراوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن