147وتار

هەرێم بەغدا: باڵایەتی ناعەقڵ

8/5/2023 4:19:00 PM
سەردار عەزیز

قسە زۆر لە سەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا کراوە، بەشی زۆری تایبەتە بە هەنوکەییەتی کێشەکان، زاڵبونی لایەنگریی و نەیارێتی، بێتوانایی لە بینینی وێنا گەورەکە و لە سەروی هەمویەوە جنێو. بۆیە دەکرێت بڵێن قسەی سەنگین دەربارەی ئەو پەیوەندییە هێشتا نەکراوە.

 

یەکەم، هەرێم لە دۆخێکی تایبەتی جیهانیدا هاتە ئاراوە، کە زاڵبونی جیهانگیریی و تاک جەمسەریی بوو. جیهانگیری دەوڵەتی وەها دەبینی کە دەبێت دەسەڵاتەکانی لە دەستدا بۆ یەکە ناوخۆییەکان و یەکە جیهانییەکان. پرسی تاک جەمسەریش ڕونە. ئەم رەهەندە ئێستا گۆڕانکاری ڕادیکاڵی بە سەردا دێت، دژ بە بەرژەوەندی کورد. ساڵانێکی زۆرە هاواردەکەین سی ساڵی ڕابوردوو ناوازە بوو، بەرەو کۆتایی دەچێت. خەڵک و دەسەڵاتداریش نە تێدەگات و نە گوێ دەگرێت. چەند ساویلکەییە نەزانی بۆچی دەمریت!

دووەم، ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش نوسیمان پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێم، لە سەر بنەمای یاسا یان دەستورنیە، بەڵکو لە سەر بنەمای هێزە. کەس لە پەیوەندی یاسا و هێز تێناگات. 

 

سێیەم، لە ناوەوە یەکێتی و پارتی و خەڵک دەیانزانی دەبێت پێکەوەبن باشە، بەڵام لە بەر زاڵبونی دەسەڵاتی حیزبی و گروپ و کەسەکان، نەیارێتییەکان بەردەوام درێژەی پێدەدرا. خەڵکێکی زۆر سودمەندبوو لەم پرسە. بۆیە مانەوە و درێژەپێدانی گەرەنتیی بوو.

چوارهەم، لای هیچ هێزێکی کوردی، پرسی کورد لە ئارادانیە. هەموو بەشێکن لە هەناو قەیرانەکەدا بۆ دەستکەوتی خۆیان. خەڵک هاندەر و بەکاربەر و درێژەپێدەری ئەم دۆخەیە. 

 

پێنجەم، لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا، کاتێک ئەمریکاییەکان داکۆکی لە یەکخستن و رێکخستن و کرانەوەی ئابوری و بونی پەیوەندی لە نێوان باشور و ڕۆژئاڤا و زۆر بواری تر دەکەن، خواستەکانی ئەمریکا وەک مەترسی دەبینرێت بۆ سەر نوخبەی حاکم. ئێستا شتێک نەماوە بە ناوی پەیوەندی کورد و ئەمریکا، ئەوەی هەیە لە گیانەڵادایە.

 

شەشەم، ڕوون بوو، سیاسەتی موچە، چ داهاتویەکی هەیە. نە بەشی هەموو دەکات و نە دەتوانرێت درێژەی پێبدرێت. موچەی سیستەمی هەرێمی دروستکرد. موچە کۆتایی پێدەهێنێت. 

 

حەوتەم، زاڵبونی دیدی لاکۆڵانی بەوەی دەبوایە هەرێم هەمیشە گوێڕایەڵی بەغدا بوایە بۆ ئەوەی بەغدا سزای نەدات. تێنەگەیشتنە لە چیەتی دەوڵەت، بە تایبەتی دەوڵەت لای نوخبەی عێراقی کە هێشتا دیدێکی ڤیبەری سێنتراڵیان هەیە. تێنەگەیشتنە لە ترسە وجودیەکانی عێراق، تێنەگەیشتنە لە بونی عێراق بە دەسکەلای وڵاتانی ئیقلیمی، تێنەگەیشتنە لە ڕۆڵ و پێگەی کەمینە لە ناو عەقڵیەتی ئەم نوخبە سیاسییەدا، کە هەمیشە وەک تاوانبار و خیانەتکارێک تەماشا دەکرێت. تێنەگەیشتنە لە مێژوی عێراق لە فەیسەڵەوە، لە جیهانگەرایی شیعە، چۆن زوڵم لێکراو دەبێت بە زاڵم. 

هەشتەم، ئەوەی جێگای پێکەنین و گریانە زۆرێک بڕوایان وەهابوو کە ترسی دەرەکی بونی نەماوە لە سەر کورد، هەرێم بوەتە یەکەیەکی سروشتی. 

 

ئەوەی هەموو کەسێک دەبێت لە خۆی بپرسێت، بۆچی کورد دروست نەبوو وەک یەکەیەک، بۆچی بنەماڵەکان دروست بوون؟ حوکمی بنەماڵەکان تەنها دۆخێکی دەرەوەی خۆیان بڕیار لە گەشە و مەرگیان دەدات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن