ئەنفال تاوانێکی بیرلێنەکراوە
4/19/2021 12:49:00 PM
سەردار عەزیز
بە داخەوە دەتوانم بڵێم ئەنفال ڕوداوێکی بیرلێنەکراوەیە.
بیرمەندی گەورەی ئۆگەندی مەحمود مەمدانی، کە یەکێکە لە باڵاترین بیرمەندەکانی دونیا
لە بارەی توندوتیژی سیاسییەوە، کاتێک لە کتێبەکەی دەربارەی ڕواندا ئەرکی ئەوە بە خۆی دەدات کە جێنۆسایدی ڕواندا
بکاتە بابەتی بیکردنەوە؛ دێت مێژو و جوگرافیا و سیاسەت پێکەوە گرێدەدات. مەحمود هەمان
کار لە سەر دارفوریش دەکات. لە پرۆسەیەکی جینالۆجیادا ڕێچکەی ئەو تراژیدیایەمان بۆ
ڕون دەکاتەوە. هەندێکجار ڕەگی جینۆسایدێک چەندین سەدە پێشتر دەستی پێکردوە. ووردە
ووردە گەشەی کردوە. ئێمە هەتا ئێستا کاری لەو جۆرەمان نیە. کاتێک لە ڕەگی ئەو
تاوانە تێناگەین ئەستەمە لە داهاتوشی تێبگەین.
ئەمەشە وەهایکردوە کە ئەنفال لە میانەی ڕوداوی ڕۆژانەدا بەکارببرێت. وەک ئەوەی وەسفێک
بێت بۆ کردارێک، هەندێکجار خەڵكی وەک میتافۆریش
بەکاری دەبەن.
ئەگەر ڕەهەندی مێژویی و جوگرافی و سیاسی تاوانی
ئەنفال ڕوون نەبێت، ئەوا ڕەهەندە کردارییەکی هەر باسی لێوەنەکراوە. کێیە ئەوەی کە
بە ئەنفال هەستاوە؟ ئەم پرسیارە ناکرێت. کاتێکیش دەکرێت لە بەر ئەوەی عەقڵی دەوڵەتی
ئامادەیی نیە، ئەوا ئەنفال وەها دەبینرێت کە وەک ئەوە وەهایە کە ڕوداوێکی هاکەزاییە.
بەردەوام ئەنفال وەها دەبینرێت کە بەرئەنجامی هەڵە و پەرچەکردار و هەڵچونی ئەم سیاسی
و ئەو سیاسیی بێت. ئەنفال وەک جینۆساید کاری دەوڵەتە. جیونۆساید تاوانێکی هێندە گەورەیە
تەنها لە توانای دەوڵەتدایە کە کاری وەها ئەنجام بدات. جینۆساید پێویستی بە پلانڕێژی
چەند ساڵە هەیە، پێویستی بە بەکاربردنی هێز و سوپا و بەکرێگرتەی زۆرە. هەروەها پێویستی
بە توانایەکی دارایی زەبەلاح هەیە. لە سەروی هەمویەوە پێویستی بە ئامراز و تەکنەلۆجیا
و سیستەمی پڕوپاگەندە و پشتیوانی نێودەوڵەتیی و زۆر شتی تر هەیە.
ئەمە هەر ئەوەنیە کە تەنها دەوڵەت دەتوانێت بەو
کارە هەستێت. بەڵکو لە زۆرجاردا جینۆساید یەکێکە لە پێداویستییەکانی دەوڵەت، بۆ دەوڵەت.
دەوڵەتی ئەم سەردەمە ئەو جۆرە دەوڵەتەیە کە پێی دەوترێت دەوڵەت نەتەوە. ئەم جۆرە دەوڵەتە
دوو مێژوی هەیە؛ یەکێکیان مێژویەکی لیبرالە کە دەگەڕێتەوە بۆ وێستڤیلیا. ئەویتریان
مێژویەکی کۆلۆنیالە کە مەمدانی دەیگەڕێنێتەوە بۆ نیمچە دوورگەی ئایبیریا. دەوڵەتەکانی
دەرەوەی ئەوروپا بە تایبەتی، بە زۆری بەرهەمی کۆلۆنیالیزمن و لە سەر بنەمای کۆلۆنیالی
دامەزراون و پەیوەندی و مامەڵەیان لە گەڵ خەڵکەکەیاندا پەیوەندییەکی کۆلۆنیالیانەیە.
دەوڵەتی عێراق کە کۆلۆنیالیزمی بەریتانی دایمەزراندوە لە سەرەتاوە وەک دەرەکیەک دژ
بە خەڵکی عێراق دروست بوە و هەمیشە هەوڵی ئەوەبوە کە خۆی بە سەر خەڵكدا بسەپێنێت و
خەڵك بەو جۆرە دابڕێژێت کە بەشێک بن لە خواستەکانی ئەو. ئەم دەوڵەتانە، کە مۆدێرنەیەکی
زۆڵن، زۆڵ لێرەدا بە مانای ناڕەسەن بەکاردەبەین، کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتیان هەیە کە
بینینی ئەوان بۆ دونیا دادەڕێژێت. بینین وەک دەوڵەت یەکێکە لە کتێبە هەرە گرنگەکانی
ئەم بوارە کە جەیمس سکۆت نوسیویەتی.
لەم ڕوانگەیە دەبێت ئەنفال چۆن ببینرێت. یەکەم،
ئەنفال کردارێکی جینۆسایدە کە لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە، بۆ مەبەستی بونیادی دەوڵەتی
عێراقی ئەنجامدراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت دەوڵەت وەها دابڕێژرێتەوە کە ئەم مەترسییەی
تیایدا بن بڕ بکرێت. کەواتە جینۆساید کاری هەڵەی چەند کەسێک و سەرکردەیەک نیە بە تەنها.
دیارە بێگومان کەسانی باڵا لە دەوڵەت بەو کارە هەڵدەستن، بەڵام ئەگەر دەوڵەت و
توانا و ئامراز و پێداویستییەکانی نەبێت ئەوان ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن. ئەمەشە
بونی ناوەندێکی وەک دادگای تاوانەکانی نێودەڵەتی ICC،
هەرگیز نابێتە مایەی ڕێگریی لە جینۆساید.
وەک کردارێکی دەوڵەتیی ئەوە دەوڵەتە کە دەبێت
تاوانەکە لە ئەستۆ بگرێت. پەیوەست بە ئەنفالەوە، دەبێت دەوڵەتی عێراقی لە ڕێگای نوێنەرەکەیەوە،
کە سەرۆک کۆمارە، داوای لێبوردن لە تاوانی ئەنفال بکات. هەتا ئەم هەنگاوە نەنرێت بە
نێودەوڵەتی بونی ئەنفال مەحاڵە.
لە باسی نێودەوڵەتیدا، تاوانی جینۆساید، تاوانێکی
سیاسییە، بۆیە هەمیشە کات و زەمینە گونجاونیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ناساندنی جینۆساید.
ئەمە بۆ ئەنفالیش ڕاستە. بۆیە کاتێک کە هەست دەکرێت لە ئاستی نێودەوڵەتی کاتی
گونجاوە، ئەوا دەبێت دەستوبردی لێبکرێت. چونکە وەک گوتمان هەمیشە کات گونجاونیە. بۆ
نمونە ڕەنگە دوو تاوانی هاوشێوە لە هەمانکاتدا لە دوو شوێنی جیاواز ڕوبدەن، کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی ئامادەبێت بە یەکێکیان بڵێت جینۆساید و بە ئەویتریان بڵێت شەڕی ناوخۆ،
بۆ نمونە عێراق و سودان، شەڕی ناوخۆ بە
مانای ئەوەی کە هیچ بەرپرسیارێتییەکی نێودەوڵەتی نیە لە تاوانەکاندا.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئەدەبیاتی ئەنفال و بیرکردنەوە
لە ئەنفالدا، چوارچێوەی کوردایەتی یان ناسیونالیزمی کوردی زۆر زاڵە. بۆ نمونە
داواکردن بۆ سزادانی تاوانباران، بە تایبەتی کوردە بەشداربوەکان، بە جاش و ناپاک
ناوبردنیان، داواکردن بۆ دادگاییکردنیان. ئەم دیدە لەو ڕوانگەیەوە هاتوە کە کورد
نابێت خیانەت لە کورد بکات، ئەگەر هاتوو کردنی ئەوا دەبێت سزا بدرێت. ئەم دیدە لایەنی
باش و لایەنی خراپیشی هەیە. پێش ئەوەی بێینە سەر لایەنی باش و خراپی دەمەوێت سەرنجی
ئەوە بدەم کە بە گشتی هیچ ئاگاییەک لە ئارادانیە کە خەڵکی لە هەناو کوردایەتی یان
ناسیونالیزمی کوردیدا بیر لە ئەم پرسە دەکەنەوەو وەهای دەبینن کە کورد یەکن و دەبێت
ناپاکەکانیان سزا بدرێن. دیارە ئەمڕۆ بازرگانیی و گەڕەلاواژەیی زۆر بە کوردایەتیوە
دەکرێت لە بازاڕی کوردیدا.
لایەنی باشی ئەم بیرکردنەوە ئەوەیە کە لە نەستی
خەڵکدا ئەو دیدە هەیە کە کورد نابێت خیانەت لە کورد بکات، ئەگەر کردی ئەوا دەبێت
سزا بدرێت، ئەگەر هاتوو سزا نەدرا ئەوا بێڕێزی بە ئەنفالکراوان و کورد دەکرێت. لایەنی
خراپی ئەم دیدە ئەوەیە کە ئەنفالی ناوەکی کردوە، بە جۆرێک وەک ئەوەی کە ئەنفال تەنها
جاشەکان ئەنجامیان دابێت. جاش ڕۆڵی هەبوە لە ئەنفالدا، بەڵام تەنها وەک ئامرازێک.
ئەمە تەنها کاتێک تاوانە کە کوردانە یان کوردایەتیانە بیربکەیتەوە. مەبەستمان لە
کوردایەتی بونی سیاسی کوردە لە دونیادا. هەرکەسێک باوەڕی بە ئەوە هەبێت کە کورد دەبێت
خاوەن بونێکی سیاسی بێت چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆ، ئەوا کوردایەتی دەکات. لە
کتێبی هۆمۆ ساکەردا ئەگامبین جیاکاری لە نێوان ژیانی سیاسی و ژیانی ناسیاسی دەکات.
ژیانی ناسیاسی زوە،zoe ژیانی سیاسی بایوس.bios ژیانی ناسیاسی ژیانێکی مرۆڤانە نیە، بەڵکو زیاتر ئاژەڵانەیە.
لە کاتێکدا دەبێت کوردە بەشداربوەکان لە ئەنفالدا
سزا بدرێن، بە تایبەتی ئەمە وەک بەشێک لە پرۆسەی سارێژبون و گێرانەوەی ڕێز و کەرامەت
بۆ قوربانیان، لە هەمانکاتدا نابێت ئەمە تەنها لایەنی ئەم پرسەبێت.
بە بیرنەکردنەوە لە ئەنفال، ئەنفال دەمرێت. چونکە
تەنها لە میانەی بیرکردنەوەدا توانای بەردەوامی دەبێت. ئەمە بە تایبەتی کاتێک ئەنفال
بە زۆری بە سەر خەڵكێکیدا هاتوە کە شاری نین. شار هەمیشە لانکەی دەسەڵاتە و دەسەڵات
هەمیشە شار دۆستە. بۆیە نوخبەی کوردی کە شارنشینە ناتوانێت نوێنەرایەتی ئەم تاوانە
بکات. لە بەر ئەوە زۆرجار بە بابەتیی دەکات. دیارە پرسی نوێنەرایەتی لێرەدا پرسێکی
ئێجگار ئاڵۆزە. بۆ ئەوەی لە ئێستادا بیر لە ئەنفال بکەینەوە، بتوانین لە داهاتودا
بیر لە ئەنفال بکەینەوە، پێویستمان بە داتا و مەتریاڵە، وەک ئەرشیف، یادەوریی، ئەزمون،
ووردە مێژوو و زۆر بواری تر. هەتا ئێستا لە کوردستان وەها بیر لە ئەنفال دەکرێتەوە
کە تاوانێکە بەرامبەر توێژێک لە کۆمەڵگا کراوە، بۆیە دەبێت بە نازەوە لە گەڵ ئەو قوربانیانەدا مامەڵە بکەین، نەک وەک
ئەوەی کە تاوانێک بەرامبەر مرۆڤایەتی کرابێت، لە لایەن دەوڵەتەوە لە میانەی پرۆسەیەکی
فرە لایەنی ئاڵۆزدا.