دانوستانەکانی ناوچەی ئارام
8/27/2019 12:42:00 PM
سەردار عەزیز
ڕەنگە دەستبەسەرکردنی شارەوانییە کوردەکان یەکێکبێ لە ئەو یارییانەی کە ئەردۆغان دەیکات بۆ لابردنی فۆکەس لەسەر ناوچەی ئارام. ئەردۆغان زۆر باش یاری میدیا و سەرقاڵبونی جەماوەر دەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت دانوستانێکی چڕی فرە لایەنی ئاڵۆز لەنێوان تورکیاو ئەمریکاو کورددا هەیە لەسەر ناوچەی ئارام.
دانوستان هەمیشە پەیوەستە بە دۆخی باوەڕ لەنێوان دوو لایەن یان زیاتردا. پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز، هەروەها پەیوەستە بە مێژوو و ئەگەرەکانی داهاتوو. هەموو ئەمانە لەنێوان تورکیاو ئەمریکادا لە قەیراندایە لە ئیستادا. چەند شتێک تورکەکانی دڵخۆشکردووە، یەکەم، دانوستانەکان لەلایەن سینتکۆمەوە بەڕێوەناچێت بەڵکو لەلایەن ئیوکۆمەوە بەڕێوەدەچێت. سینتکۆم کە بنکەکەی لە قەتەرە بنکەی سەربازیی گەورەی ئەمریکایەو بەرپرسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەڵام ئیوکۆم بەرپرسی کیشوەری ئەوروپایە. لە سیستەمی ئیدارەدانی سەربازیی ئەمریکا بۆ دونیا چەند ناوەندی هەیە، کە بەگشتی بە سەر کیشوەرەکاندا دابەشبوون، بەڵام سینتکۆم تایبەتە. کورد چانسی هەبوو کە سینتکۆم بەرپرسی سوریا بوو.
لە سەرەتای جەنگی سوریاوە سینتکۆم کە بەرپرسی ئەو جەنگە بووە کێشەی هەبووە لەگەڵ تورکیادا. بە پێچەوانەوە ئیوکۆم زیاتر مەیلی بەرەو تورکیا پێشان داوە. بەڵام ئەمە پرۆسەیەک نییە کە تەنها لەلایەن پەنتاگۆن یان ئیوکۆمەوە بەڕێوەبچێت. بەڵکو کۆشکی سپی و ئاسایشی نیشتمانی و سی ئای ئەی تیایدا بەشدارن.
لە دانوستانەکاندا چەند ئەگەرێک لە ئارادان کە هەردوولا یاری لەسەر دەکەن. یەکەم، تورکەکان وەها بیردەکەنەوە کە ئەوەی بەدەست هاتووە، کە بریتیە لە کردنەوەی بنکەیەکی چاودێری و ڕێگەدان بە تورکیا بە هاتنە ناو خاکی سوریاوە کە هەتا ئێستا مەوداکەی دیار نییە، جۆرێکە لە بەرەوپێشچوون. بەڵام لە هەمانکاتدا لە مەترسی ئەوەدان کە پرۆسەکە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە لە ڕێگایەوە شەرعیەت بدرێت بە کوردەکان.
وەها دیارە ئەمە ئامانجی ئەمریکایە کە ئەم دانوستانە دەرئەنجامەکەی ئەوەبێت کە ڕۆژئاڤا شەرعیەت وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکیەکان وەهایان پێباشە کە ڕۆژئاوا ناوێکی جوگرافی تەکنیکی هەبێت وەک باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەو مانایە تورکیا لەگەڵ حکومەتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا مامەڵە بکات. ئەم ناوە جوگرافیە نائیتنیکیە بەشێکە لە تەکنیکی دانوستان و قبوڵکردن. پەیەدە خۆی لەمە ئاگادارە، بەتایبەتی لە ڕەهەندی ترەوە، کاتێک ناوی ڕۆژئاڤای لە خۆی کردەوە، کە زیاتر مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسی خێڵە عەرەبەکان بوو. ئەمەش لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا ڕوونە کاتێک سڵاو بۆ خێڵە عەرەبەکان دەنێرێت.
بەو مانایە ئیدارەی کوردی دەبێت بە ڕێگایەکی زۆر هەستیاردا بڕوات لەنێوان ناوەوەو دەرەوەدا.
گەرچی ڕوونە کە تورکەکان ئامانجی بەرفراوانیان هەیە لەوەی کە ناوچەی نفوزیان لە حەلەبەوە بۆ کەرکوک فراوان بکەن. یەکێک لە ئامانجەکانی هێنانی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان تەنیا ئەوەنییە کە کورد بکاتە کەمینە، بەڵکو ئەوەشە کە لە ڕێگای ئەو هێزانەوە ناوچەی نفوز دروست بکات. خەونی تورکی کۆنە، ئەردۆغان بە ڕاشکاوانە بە برێت مەکگۆرکی وتبوو. بەڵام ئامانجی هەنوکەیی لە هاتنە ناو خاکی سوریا لەهەمانکاتدا دەستگرتنە بەسەر ڕێگایەکدا کە بە ڕێگای ڕۆدکۆ ناسراوە کە نزیکەی سی کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە کە باشوری کوردستان بە حەلەبەوە دەبەستێت.
دیارە مەترسیەکی تری تورکەکان ئەوەیە کە هیچ ڕوونەدات یان ڕێککەوتن ئەگەر ڕووشبدات هەر لایەن بەجۆرێک لێی تێبگات. لەمەوە گلەیی ئەوەیان هەیە کە جێمس جێفری لە تورکیا بە جۆرێک قسە ئەکات و لە واشنتۆن بەجۆرێک و لەگەڵ کوردەکاندا بەجۆرێکی تر. ئەم نەبوونی دڵنیاییە وەها لێکدەدرێتەوە کە هەرلایەک ئامانجی خۆی هەیەو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە بەدەستی بهێنێت، بەبێ بوونی هیچ ئامانجێكی هاوبەش لەنێواندا.
ئەمە لە ئاستی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکترو هێڵە گشتیەکاندا. بەڵام لە ئاستی تەکنیکی یاریەکی تر بەڕێوەدەچێت. ئەم یاریە بریتیە لەوەی کە چۆن ناوچەی ئارام دروست بکرێت و درێژی و پانتایی چەند بێت.
لێرەدا پێشنیازی ئەوە هەیە کە لە پێنج کیلۆمەتری یەکەمدا ئەمریکی و تورکەکان پێکەوەبن، لە نۆ کیلۆمەتری دوای پێنج کیلۆمەترەکە ئەمریکییەکان بن و پەیەدە لێی بکشێتەوە، بەڵام تورک بۆی نییە بێتە ناویەوە. لە چوار کیلۆمەتری پاشتر ئەمریکییەکان و پەیەدە بەڵام پەیەدە چەکی قورسی پێنەبێت. لەهەمانکاتدا سوپای تورک بۆی نییە کە بچێتە ناو شارەکانەوە، بەڵکو دەبێت تەنیا لە دەرەوەی شارەکانەوە بێت.
هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵین:
یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت فشاری تورک نەهێڵێت و بەجۆرێک ڕازی بکات کە کاریگەری نەبێت لە سەر گۆڕینی دۆخەکە.
دووەم، ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگای ئەم پرۆسەیەوە دەروازە بۆ کورد بکاتەوە لە ڕێگای تورکیاوە هەتا مامەڵەکردنی لە ڕووی لۆجستی و سەربازیی و زۆر بواری ترەوە ئاسان بکات.
ئەمە ئاماژەیە بۆ پرۆسەی درێژخایەن، چونکە لەهەمانکاتدا لە هەوڵی ڕێکخستنی ناوەوەن. وەک فەرەنسیەکان دەڵێن پرۆسەکە جۆرێکە لە دی جا ڤۆ لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان و تورکیادا.