کەرکوک؛ نەوت، دەسەڵات، عێراق
6/2/2019 9:10:00 AM
سەردار عەزیز
کەرکوک بەشێکە لە عێراق بە هۆی نەوتەوە. ئەمە سەرەتای کێشەکەیە، بۆ هەمیشە وەها دەمێنێتەوە. لە ساڵی (1911) وینستۆن چرچڵ وەزیرێکی لاوی هۆم-ئۆفیس بو. بەشێک بو لەو گروپەی کە بە ئیکۆنۆمیست، یان ئابورییەکان دەناسران. ئەم گروپە بڕوایان وەهابو کە بەریتانیا دەبێت داهاتی لە خزمەتی ناوخۆدا خەرج بکات نەک لە هێزی سەربازیدا، چونکە هیچ مەترسی لە سەر نییە.
بەڵام لە هاوینی ساڵی (1911) روداوێک رویدا و دیدی چرچڵی لاوی گۆڕی. روداوەکە لە مێژودا بە قەیرانی ئاگادێر ناسراوە. ئاگادێر بەندەرێکە لە مەغریب، لە ئەدەبیانی ئەڵمانیدا بە پانثەرشپرنگ ناسراوە. بە کورتی روداوەکە یەکێکە لە ئەو روداوە زۆرانەی ململانێی هێزە گەورەکانی ناو ئەوروپا، بەریتانیا، فەرەنسا لە گەڵ ئەڵمانیادا.
ئەو سەردەمە قەیسەری ئەڵمان ولیام بو کە کەسێکی بەرباد و خراپ بو، هەمو ئەدەبیاتی ماکس ڤیبەر بۆ دژایەتی ئەوە. قەیسەر ولیام کەشتی هەناردە بەندەری ئاگادێر بۆ ئەوەی دۆخەکە هەڵبسەنگێنێت ئایا دەتوانێت هیچ بە دەست بهێنێت لە ئەفریقا. مەبەستم کۆڵۆنی کردنە.
فەرەنسیەکان لە مەغریب بون. ئەم روداوە گەورە بو لە ئەنجامدا بو بە قەیرانێک. دەرئەنجامی ئەم روداوە چرچڵ دیدی گۆڕی. دیارە روداو بنەمای دیدی سیاسییە، هەرکەسێک بە مێژوی سیاسی ئینگلیزی بە ئاگابێت، وتەکانی هاڕۆلد ماکمیلانی لە بیرە لەمبارەوە.
گۆڕینی دیدی چرچڵ ئەوەبو کە سوپای بەریتانی بە تایبەتی هێزی دەریاوانی بەریتانی دەبێت بەهێز بکرێت. یەکێک لەو بنەمایانەی بەهێزبون ئەوەبو کە دەبێت سەرچاوەی وزە لە خەڵوزەوە بگۆڕدرێت بۆ نەوت. ئەم وەرچەرخانە کە پێشتر ئەڵمانەکان پێشەنگی بون.
بەڵام بەریتانیا کێشەی ئەوەی هەبو کە ئەو سەردەمە نەوتی دەریای باکور دەرنەدەهێنرا و سەرچاوەی سەرەکی وزە ئەمەریکا بو. ئەمەریکاش دژ بە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی بو. لە روەوە دەکرێت لە هەوڵەکانی چرچل بنواڕن بۆ رازیکردنی ئەمەریکا بۆ هاتنە ناو شەڕی جیهانیەوە.
بەڵام سودی گۆڕینی سەرچاوەی وزە لە خەڵوزەوە بۆ نەوت زۆربو. بۆیە بڕیاڕی لە سەر درا. دەستوبرد پرسی دابینکردنی ئاسایشی وزە هاتە ئاراوە. عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن وزە، بە تایبەت لە کەرکوک بە سەرچاوەی وزە بینرا. ئەمە هۆکاری لکانی کوردستانی باشوربو بە عێراقەوە، بە ریفراندۆمیکی تەزویر.
ئەم پاشخانە تەنها پاشخانی مێژویی نیە. بەڵکو میکانیزمێکە. بونی عێراق بە دەوڵەت، پرۆسەیەکی خوێناوی ئاڵۆزی دڵڕەقی کوشندەیە، کە بەردەوام پێویستی بەوە بو کە توندوتیژی بەکاربهێنێت بۆ ئەم ئامانجە.
یەکێک لەو تێگەیشتنە هەڵانەی کە لە ئارادایە ئەوەیە کە کێشەی عێراق کێشەی ناسنامە یان کەلتور یان پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانە. نەخێر ئەوە پرۆسەی دەوڵەتی عێراقیە کە کەلتور و خەڵک و شوناس دەکاتە سوتەمەنی لەم پێناوەدا خەڵک ئازوگوێ پێدەکات، خەڵک قڕ دەکرێن، جێگۆڕکێیان پێدەکرێت، دەکرێن بە خەڵكی تر و زۆر پرۆسەی تر.
بۆیە کێشەی عێراق کێشەی پەیوەندی نێوان خەڵکەکان نیە، کێشەی هێزە. هێز لە پێناوی دروست بونی عێراق، کە لای هەر پێکهاتەیەک بە جۆرێکە. لە هەمانکاتدا کێشە باش یان خراپی ئەم و ئەو نیە، بەڵکو ئایا هێز چۆن پەیوەندی بەرهەم دەهێنێت. خەڵکەکان سەربەخۆنین لە چوارچێوەی عێراقدا کە پەیوەندیەکانیان بەرهەم بهێنن. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی پەیوەندی باش یان خراپ سودی نیە. (18)ی ئەم مانگە لە زانکۆی کۆرک بە زمانی ئینگلیزی لە کۆنفرانفراسێکدا باس لەم دۆخە دەکەم. هەروەها لە روی تیۆریەوە بۆچی پانتایی رەها، تیۆرەی هێنری لێڤیبفێر، نەهاتە ئاراوە.