ڕامان لە هەستانەوەی گۆڕان
10/18/2021 5:57:00 PM
سەردار عەزیز
بزوتنەوەی گۆڕان توشی شکستێکی گەورەبوو. ئێستا هەموو قسەکان دەربارەی هەستانەوەن. بەڵام ئەم هەستانەوەیە هێندە ئاسان نیە. لێرەدا چەند سەرنجێکی خۆم دەخەمە بەرچاو.
یەکەم، زۆربەی ئەوانەی قسە لە سەر ئەم پرسە دەکەن، لە دیدی دوبارەکردنەوەوە دەیبینن. مەبەستمان لە دووبارەکردنەوە ئەوەیە کە: بزوتنەوەی گۆڕان لە رابورودا سەرکەوتووبوە، پاشان توشی هەندێک قەیران و زۆرێک هەڵە بوە، ئەگەر بێتوو هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، ئەوا دەتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی جارانی. ئەم پرسی دوبارەکردنەوەی مێژوو، لە ڕوی فیزیکی مێژوییشەوە ئەستەمە. بۆیە گۆڕان دەبێت ئاوڕێک لە ڕابوردوو بداتەوە نەک هەوڵبدات دوبارەی بکاتەوە. چونکە لە هەوڵی بۆ گەیشتنەوە بە رابوردوو داهاتوشی لە دەست دەچێت. نە دۆخی سیاسی، نە کۆمەڵایەتی، نە دیموگرافی، نە ئابوری، نە جیوپۆلەتیکی، نە ئاگایی، وەک جارانە و وەک جاران ماوە.
دووەم، گۆڕان لە پاش کاریزمان، تەنها یەک چارەسەری هەیە ئەویش خۆی بە دەزگایی بکات و جۆرێک لە هاوپەیمانێتی گروپەکانی پێکبهێنێت. دۆخی ئەوەی کە دوو گروپ یان کەسایەتی ناتوانن لە هەناو جوڵانەوەیەکدا هەڵبکەن، شکستی توانای بە دەزگایی بونە. هێزێک گەر بیەوێت کۆمەڵگایەکی پڕ لە جیاواز ئاراستە بکات، نەتوانێت جیاوازییەکانی هەناو خۆی ڕێک بخات، قەیرانە. زاڵبونی کەلتوری یەکێتی لە ناو گۆڕاندا دۆخی پەرتەوازەیی و نەبونی هاوبەشیی و پێکەوەهەڵنەکردن و زۆر خەسڵەتی تری لە گەڵ خۆیدا هێناوە.
سێیەم، گۆڕان گەر بیەوێت هەستێتەوە دەبێت ببێتە ناوەندێک بۆ راکێشانی وزە و تواناکان. لە قۆناغی پاش کاریزمای گۆڕان ئەم بزوتنەوەیە لە بڕی جەختکردنەوە لە توانا زیاتر پەنای بۆ وەلائی ئەندامەکانی برد. وەلائیش بنەمای پەرتبونە. کەلتوری وەلائی دەبێتە هۆی سەرکەوتنی لاواز و بێتواناکان لە بڕی خاوەن تواناکان.
چوارهەم، گۆڕان لە میانەی ململانێی لە گەڵ ئەوانیتردا لە بڕی ئەوەی خۆی ئەوانیتر بگۆڕێت خۆی وەک ئەوانیتری لێهات. ئەمە دۆخە ئایا بەرهەمی فشار، بەرژەوەندی، ناچاری یان کەم ئاگایی بوە، دەبێت ببێتە بنەمای فەلسەفەی داهاتوو. ڕەنگە دەنگدەرێکی پارتی بە بنەماڵەیی شاگەشگە بێت، بەڵام ئەم مەرج نیە بۆ دەنگدەرێکی گۆڕان ڕاست بێت.
پێنجەم، گۆران پێویستی بە بیر و ئایدەلۆژیایە، بۆ تۆکمەیی ناوەوە و پەیوەندی دەرەوە. دەبێت دیپلۆماسیەتی بەهێز بکات.