172وتار

چەند سەرنجێک لە سەر بەناو بانگەشە

10/8/2024 11:21:00 AM
سەردار عەزیز

یەکەم، بانگەشە بە هیچ شێوەیەک پەرلەمانی نیە، هیچ پەیوەندی بە دیموکراسیی پەرلەمانییەوە نیە. بەڵکو نمایشی کۆمەڵێک خاوەن حیزبە، ناڵێم سەرۆک حیزب. 

دووەم، ئەندام پەرلەمان کە دەبێت کاراکتەری سەرەکی ئەم بانگەشەیە بێت، بە پێچەوانەوە وەک ژمارەیەک یان بتێکی بێ گیان لە سەر ستەیجەکان نمایش دەکرێن و لە بڕیان قسە دەکرێت، کە دیسانەوە دژ بە ڕۆحی پەرلەمانییە، کە ئەندام پەرلەمان نوێنەر و شەرعیەت بەخشە، نەک ژمارەیەکی پەسیو.

سێیەم، هیچ کام لەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین پانتایی و کاتی بانگەشەیان داگیرکردوە پاش دەنگدان ناچنە پەرلەمان، بەڵکو ئەندامەکانیان دەنێرن. ئەندامەکانیش لە ئێستاوە ڕونە کە کۆنترۆڵەکەیان لە دەستی کێدایە. دیسانەوە کۆتاییە بە پەرلەمان و نوێنەرایەتی و پەیوەندی خەڵک و حکومەت و زۆر خەسڵەتی پەرلەمانی تر کە ئەو جەماوەرە تەقەی سەریان دێت لێی.

چوارهەم، زمانی بەناو بانگەشە زمانێکی ترەمپییە. زمانێک کە سەنتەرێتی خود و سوککردنی ئەویتر ڕێسای یارییەکەیە. دیسانەوە ئەم زمانە زمانی بانگەشەی سەرۆکایەتییە نەک پەرلەمانی. لە ئەنجامدا بانگەشە ساتی گۆڕینەوەی دید و دونیابینی و زانیاریی نیە، بەڵکو لێدان و شکاندنی ئەویتر و فووکردنە خودە.

پێنجەم، وەها دەردەکەوێت دوو بەرە هەیە، پارتی و ئەوانیتر. ئەوانیتر دەیانەوێت پارتی بە هاوتای خۆیان یان بە گرنگییەکی زیاترەوە مامەڵەیان بکات. پارتیش هەتا بێت زیاتر مەغرور دەبێت. خەسڵەتێکی ناپەرلەمانی شەرقییە بۆ دەسەڵات. 
شەشەم، گەر نیتچەییانە بیربکەینەوە دژایەتی پارتی لە لایەن ئەوانیترەوە، ئەوانیتری نەکردوەتە بەدیلی پارتی، بەڵکو جۆرێک لە مینی پارتی.

باسی مامە ڤاندام و پیرباڵ و ئەوانیترم نەکردوە، تێزی نوێیان دەوێت. لە کتێبەکەمدا لە سەر ئەندام پەرلەمان باس لەمانە دەکەم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن