کتێبی لە پەکەکەوە بۆ کەجەکە: ڕانان
1/31/2020 5:28:00 PM
سەردار عەزیز
سیڤان سەعید لە ساڵی ٢٠١٤ لە زانکۆی ئێکستەر لە وڵاتی بەریتانیا، لە ڕشتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێزێکی دوکتۆرای نووسیوە لە ژێر ئەو ناونیشانەی سەرەوەدا. وەک لە ناونیشانەکەدا دیارە، سەرتاپای تێزەکە سەبارەت بەو وەرچەرخانەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان پیایدا تێپەڕی، لە پارتێکی نەتەوەیی دەوڵەت خوازەوە بۆ پارتێکی خاوەن ئایدۆلۆژیاو ڕێکخستن و خیتابی نوێ. ئەم وەرچەرخانە پارتی کرێکارانی کردە کەجەکە یان کۆما جڤاتێ کوردستان.
بۆ ئەوەی لە دۆخ و پانتایی ئەم تیزە تێبگەین دەبێت لە تورکیای مۆدێرن تێبگەین. دوای ڕوخان و مەترسی کۆتایی هاتنی هەمیشەیی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ڕێگای ڕێککەوتننامەی سیڤەرەوە، ئەفسەرێک لە ڕێگای هەستانەوەی سوپاو سەرکەوتن لە جەنگەکاندا، دەتوانێت تورکیا لە پاشماوەی عوسمانیەت بەرهەم بهێنێت. تورکیا دەوڵەت نەتەوەیە. پرۆسەکەش وەرچەرخانە لە ئیمپراتۆریەتەوە بۆ دەوڵەت نەتەوە.
بە دەوڵەت نەتەوەییکردنی سەرزەمینی عوسمانی پرۆسەیەکی خوێناوی و پر لە کوشت و کوشتار بوو. تورکەکان پێش ڕوخانی عوسمانیەکان بە بیری ناسیونالیزمی ئەوروپی ئاشنابووبوون و هەوڵیاندا لە ڕێگای ناسیونالیزمەوە ئیمپراتۆریەتەکە ڕزگار بکەن، بەڵام نە ئەوەندە هێزیان هەبوو، نە وڵاتانی کۆلۆنیالی نوێ، بەریتانیاو فەرەنسا ڕێگەیان پێدان. لە ئەنجامدا سەرزەمینی عوسمانی زۆر بچوک بووەوە. بەشێکی زۆری خاکی کوردستان کەوتە ژێر دەستی دەوڵەت نەتەوەی تورکیاوە. لە رووی سایکۆلۆجیەوە ئەم دەوڵەت نەتەوەیە هەمیشە لە ژێر مەترسی ئەوەدا ژیاوە کە ئەوانیتر دەیانەوێت لەناوی بەرن، لە ئەدەبیاتی سیاسی تورکیدا ئەمە بە گرێی سیڤەر ناسراوە. زۆر گەلان گرێی سایکۆلۆجی گشتییان هەیە کە کاریگەری هەیە لە سەر ڕەفتارو شوناسیان، بۆ نمونە ئێمە لە مەودوا گرێی ڕیفراندۆممان هەیە.
لە پەرچەکرداری ئەمەدا پرۆژەی ئەتاتورک بەیەککردنی خاکو خەڵکی تورکیابوو. ئەنجامی ئەمە لەناوبردنی کەلتوری کوردو کوشتنی ئەوانەی کە ڕێگرن لەم پرۆسەیە.
پرۆژەی ئەتاتورک هەتا ئەمڕۆ ئەو پرۆژەیە کە هەموو ئەوانیتر کە قسە لە سەر تورکیا دەکەن، دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. دوو پرۆژەی سەرەکی لە ساڵانی ڕابوردودا هاتنە ئاراوەو هەریەک بە جیاواز دژە ئەتاتورکی بوون: یەکەمیان پرۆژەی ئۆجەلان و پرۆژەکەی تر پرۆژەی داودئۆغلۆە. ئەگەر مێژووی پەکەکە وەها پۆلێن بکەین کە دوو قۆناغە، وەک تێزەکەی سیڤان ئاماژەی پێئەدات، ئەوا قۆناغی یەکەم دژە ئەتاتورکی بوو، وەک کورد. بەڵام لە قۆناغی دووەمدا پرۆژەیەکی سەرتاپایی جیاوازە لە هەموو ئاستێکدا پێچەوانەی پرۆژەی ئەتاتورکە.
ئەگەر ئەتاتورک پێداگری لە سەر یەکبوون، سڕینەوە، ئەسیمیلەیشن، ناوەندگەرایی، تاک نەتەوەو تاک زمان و تاک ئاڵا دەکات، ئەوا پرۆژەی ئۆجەلان دژ بە ناوەندگەرایی، یەکبوون، دەوڵەتگەرایی ستەیتیزم.
کەجەکە وەک کیانێکی فرە ڕەهەند کە بووە بە ئەکتەری سەرەکیی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی تورکیادا: چون چەترێکی لێ هاتووە بۆ سەرجەم چالاکییە کۆمەڵایەتی و کەلتووری و سیاسییەکان.
بە کورتی کەجەکە لە دە پرینسیپدا کۆدەبێتەوە:
یەکەم، پرینسیپی نەتەوەی دیموکرات. مەبەست لە ئەمە هاتنە ئارای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە بە دوور لە شوناسە تەقلیدیەکانی وەک نەتەوە و ئیتنیک و ئاین و زمان.
دووەم، پرینسیپی نیشتمانی هاوبەش: خاک بە یەکسانی و بێسنور بۆ هاوڵاتییان بێت.
سێیەم: پرینسیپی کۆماریی دیموکراتیک. مەبەست لەمە ئەوەیە کە تاک و کۆمەڵگە دیموکراتییانە بکرێنەوە بەرامبەر دەوڵەت.
چوارەم: پرینسیپی دەستوری دیموکراتی. دەستورێک کە لە بنەمای ڕێککەوتن لە نێوان خەڵک و دەوڵەتەوە ئامادە دەکرێت لە سەر بنەمای پاراستنی تاک و کۆمەڵی سەربەخۆ لە بەرامبەر دەوڵەت-نەتەوەدا.
پێنجەم، پرینسیپی چارەسەری دیموکراتی. مەبەست لەمە ئەوەیە کە هێنانە ئارای بنەماکانی پێکەوەژیانی دیموکراتییانەی دەوڵەت و هاوڵاتی.
شەشەم: پرەنسیپی وابەستەیی مافە تاکەکەسی و دەستەجەمییەکان: مافە تاکەکەسی دەستە جەمییەکان دوو خاڵی جیاوازی ئامانجی لەیەکچووی خەڵکن. دەبێت لە هەموو کۆمەڵگایەکدا مافی تاک و مافی گروپیش دەستەبەربێت.
حەوتەم، پرینسیپی ئازادیی سەربەخۆیی ئایدیولۆژی: ئۆجەلان مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکات کە ناشێت چارەسەری نەتەوەی دیموکرات دەستەبەر بکرێت بەبێ زاڵبوون بە سەر هەژموونی سۆسیۆ-پۆلیتیکی پۆزەێتیڤیزمی سەرمایەداریی مۆدێرنەو گۆڕینی بەندایەتیی لیبراڵانەی بە تاکگەرایی.
هەشتەم، پرینسیپی دیرۆکی هەنوکەیی: هێنانەوەی مێژوو بۆ ئێستا لەپێناو بەرگری لە سەرمایەداری مۆدێرنەدا.
نۆیەم، پرینسیپی ئاکار و ویژدان، لەپێناو بوونی کۆمەڵگایەکی سەقامگیرو کەم کێشە، دەبێت ڕاستوگۆیی و ئاکار بوونی هەبێت. ئەمە وەک ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ کۆنترۆڵ و یاسا.
دوا پرینسیپ بریتیە لە پرینسیپی بەرگری لەخۆکردن. بەبێ بەرگری لە خۆکردن هیچ کۆمەڵگایەک بوونی نیە.
تەواوی ئەم پرەنسیپانە جەخت لە سەر یەک خاڵ دەکەنەوە، ئەویش خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤێکە بۆ سیستەمی هەنوکەیی دەوڵەت-نەتەوە لە تورکیا کە لەسەر بنەمای یەکڕەنگکردن و یەکدەنگکردنە.
کتێبەکەی سیڤان لە ئێستادا گرنگە بۆ پوختکردنەوەو هەڵسەنگاندنی یەکێک لە هەرە وەرچەرخانە گەورەکانی ئەم ڕۆژگارەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حیزبایەتی کوردی. ئەم کتێبە ئەو پاشخانە پێویستە دابین دەکات بۆ ئەو وەرچەرخان و ململانێیەی ئەمڕۆ لە دونیای کوردیدا بەڕێوەدەچێت. چونکە بەشی زۆری ئەم ململانێیانە لە ئاستێکی زۆر سادەو تەنکدا بەڕێوەدەچێت، کە نەک دونیای کەلتورو سیاسەتی ئێمە دەوڵەمەند ناکات بەڵکو زەخیرەیەکی تری دەداتێ بۆ سەنگەر لەیەکگرتن و ئاهەنگسازی بۆ پەرتبوو.