سوید و تورکیا و کورد
6/30/2022 10:56:00 AM
سەردار عەزیز
سوید وێنایەکەی تایبەتی هەیە لە خەیاڵی کوردیدا،
دیموکراسی و نەرم و نیان و خۆشگوزەران. لە میانەی چەندین سەردانم بۆ ئەو وڵاتە و
کارم لە گەڵ ڕێکخراو و وەزارەتی دەرەوەی سویدیدا، ئەوە رون بوو کە کورد بە بەراورد
بە گروپەکانی تر دۆخیان باشترە.
بەڵام هێشتا تێگەیشتن لە سوید تێگەیشتنێکی
یوتوپیاییە.
سەرەتا بە کەمێک قسە لە سەر ڕێککەوتنەکە بکەین، پاشان
دەگەڕێینەوە سە ڕەهەندە جیاکانی.
یەکەم، پلان وەهابوو کە هەموو پرۆسەکە لە پشت
دەرگاوە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەردۆگان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و خۆی و بانگەشەی
هەڵبژاردن، پرسەکەی هێنایە دەرەوە. ئەم هەنگاوە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد بۆ هەموو
لایەک. سویدیەکان فێری ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتەنین، زیاتر بایەخ بە دیپلۆماسی
هاوکاری و فیمینیزم دەدەن، هەرچەندە چەک فرۆشێکی گەورەن.
ئەم دۆخە وەهایکرد کە دەبێت زمانی لەیەکگەیشتنەکە
بەجۆرێک بێت کە هەموو لایەک بتوانێت بۆ مەبەستی سودی خۆی بەکاری بهێنێت. سویدیەکان
دەیانەوێت بڵێن کە هیچ سازشێکیان بۆ تورکیا نەکردوە و تورکەکان دەیانەوێت بانگەشە
بۆ ئەوە بکەن کە دەستکەوتی زۆریان بە دەستهێناوە.
مامەڵەی سوید وەرچەرخانە، بەڵام پەیوەستە بە
گۆڕانکاری لە دۆخی سیستەمی جیهانیدا. لە سی ساڵی رابوردوودا، بە هۆی گەشەی
جیهانگەری و لیبرالیزم، دەوڵەت بە دۆخێکدا تێپەڕی کە ناچاربوو بوار بۆ دەزگا و
ناوەند و ڕێکخراوتی تر بکاتەوە لە پانتایی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەم بوارکردنەوە
زوو وەها لێکدرایەوە کە کۆتایی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیە. دروشێک کە کوردی بەدبەخت
لە هەموو زیاتر بانگەشەی بۆ دەکات. دیارە جگە لە فەیسبوکی خەڵکی باشور و هەندێک
جێگای تر هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕابوو. بەڵام سەرباری نەگۆڕانی کاریگەری گەورەی هەیە.
بانگەشەی نەمانی دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوەی لە فەیسبوکی کوردیدا، دۆخێکی ئاگایی
سەقەتی وەهای دروستکردوە کە کورد نەتوانێت بەباشی لە دۆخەکە تێبگات. لە مێژویدا
کورد بە ئاستە توانای ئەوەی هەبوە واقیع وەک خۆی ببینێت. هەمیشە لێکدانەوەی
حازرباش و کڵێشە و دروشمی ناواقیعی بەشێکی زۆری پێکهێنەری ئاگایی ساختەی کوردبوون.
ئەمڕۆ باشور لە هەموو ساتێک زیاتر سیخناخە بە ئاگایی ساختە.
هاتنی وڵاتانی وەک سوید و فینلەند بۆ ناو ناتۆ
دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی دەوڵەت و پاراستن و ئاسایش و
ئەگەری زۆری ململانێ و جەمسەرگیریی. لە دۆخی وەهادا بەهاکان لاواز دەبن. مافی مرۆڤ
و مافەکانی تر پاشەکشێ دەکەن.
سوید
دەزانێت بەرەیەک کە لە داهاتویەکی نزیکدا دەبێتە جێگای ململانێ سەهۆڵبەندانی
باکورە. بە توانەوەی شاخە بەفرەکان وڵاتان و کۆمپانیا جیهانییەکان لە هەڵپەی
ئەوەدان کە دەستیان بە سامانەکانی ئەو ناوچەیە بگات، لە دۆخێکدا کە سوید بێلایەن
بێت، ئەوا ناتوانێت خۆی بپارێزێت و بەشی خۆی بە دەست بهێنێت. ئەمە جگە لە گۆڕانی
دۆخی دونیا بۆ دۆخێک کە تەنها وڵاتە زلهێزەکان یان ئەو وڵاتانەی کە خاوەن توانا و
پشتیوانین بتوانن سەروەری خۆیان بپارێزن.