بۆچی بارزانی هەڵە دەکات؟
2/14/2022 10:01:00 AM
سەردار عەزیز
ئەمە چەندەمین جارە بارزانی توانای خوێندنەوەی توانا و ڕۆڵ و نیەتی ئەکتەرەکانی
نیە کە مامەڵەیان لە گەڵدا دەکات یان ڕوبەڕویان دەبێتەوە. ئەم پرسە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی
زۆر هەڵدەگرێت، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیستەمی بیرکردنەوەی سیاسی و باجەکەی خەڵکی
دەیدەن.
ئێمە لە ڕیفراندۆمدا ئەوەمان لا رون بوو، زۆر هەوڵماندا لە ڕێگای نوسینەوە
کە ئەو کارە نەکرێت، بەڵام سودی نەبوو. ئەمجارە پرسەکە جیاواز بوو، بۆیە هێندە جێگای
بایەخ نەبوو لامان. بەڵام سەرباری ئەوە تێگەیشتن لێی گرنگە بەتایبەتی کاتێک جەمسەرگیری
دونیای کوردی ڕێگرە لەوەی تێگەیشتنێکی هاوسەنگ بێتە ئاراوە.
لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە بە خێرایی دەخەمە ڕوو:
یەکەم، مەسعود بەرزانی ناسیاسیانە لە سیاسەت دەڕوانێت. زیاتر نزیکە لە دیدێکی
ئاینی یان، مەسیانییەوە، بەوەی کە گوایە پەیامێک یان ئامانجێکی گەورەی هەیە. ئەمجۆرە
لە تێڕوانین لە سیاسەت زەمینەی هەڵە لێکدانەوەی زۆر دەسازێنێت. لە هەمانکاتدا خراپ
تێگەیشتنە لە سیاسەت وەک چالاکبون لە پانتایی گشتیدا لە پێناوی گشتدا.
دووەم، مەسعود بەرزانی لە بڵقدا دەژی، تەنها گوێبیستی ئەو دیدانە دەبێت کە
جەخت لە سەر دونیابینییەکەی دەکاتەوە. ئەم دابڕانە لە واقیع لە هەمانکاتدا هەوڵدان
بۆ گۆڕینی واقیع هەڵە تێگەیشتنی گەورە دروست دەکات. سیاسی خاوەن دیدی ڕاستەقینە هەمیشە
بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە چ ڕەهەندێک، ئەگەرێک، بوارێک هەیە ڕەنگە ئەو چاوپۆشی لێکردبێت
یان نەیبینەبێت، بۆیە گوێگرتن لە جیاواز بنەمای تێگەیشتنە لە خود لە واقیع.
سێیەم، لە عێراقدا کۆمەلێک ناوەندی سیاسی هەیە، کە هەریەکەیان نەزم و ڕێسای
خۆی هەیە. هەولێر جیاوازە لە بەغدا، بەغدا جیاوازە لە نەجەف. سلێمانی جیاوازە لە ئەنبار.
بەسرە جیاوازە لە هەموان. تێگەیشتن لەم ناوەندە سیاسیانە پێویستی بە ئاگابونە بە
ووردی و بە قوڵی، بەڵام بەرزانی دابڕاوە لەم ناوەندە جیاوازانە. ئەمجارە ئەوانەی کە
بەغدایان لای بەرزانی ڕاڤەکردەوە کەسانی وەک مستەفا کازمی و هوشیار زێباری و چەند
کەسێکی تر بوون، کە هەمویان ئەجیندای تایبەتی خۆیان هەبوە. بۆ نمونە بینینی دەزگاکانی
حکومەتی ناوەندی بەهەمان شێوازی دەزگا دەستەمۆکراوەکانی هەولێر، دیدێکی فریودەرە.
چوارهەم، نادیدەگرتنی فێڵ و تواناکانی ئێران. کادیرانی پارتی ئێرانیان لە سەر
بنەمای ئەو قسانە دەخوێندەوە کە لە هەولێر کردبونی. بەڵام یەکەم خەسڵەتی کەلتوری ئێرانی
درۆیە.
پێنجەم، گرەوکردن لە پشتی (سەماحەتی) موقتەدا. موقتەدا کەسێکی ترە کە مەسیانیانە
سیاسەت دەکات، بەڵام هەتا ئێستا بە سەر ڕکەبەرەکانیدا زاڵە. موقتەدا خەونی ئەوەیە
نەجەف و بەغدا کۆنترۆڵ بکات. ئەمە ترسی گەورەی لای ئێرانییەکان دروستکردوە. شەڕی گەورەی
داهاتووی عێراق لە سەر نەجەفە. بۆیە بوون بە بەشێک لە ئەجیندای موقتەدا، یانی
دروستکردنی عێراقێک کە سیاسەت و ئاین و تیادا تێکەڵە و ناوەندگیرییەکی چر لە
ئارادایە و کورد بەردەوام وەک لیمۆ دەگوشرێت.
شەشەم، نەبونی توانای داننان بە کورتهێنان. هەرکە پارتی هەڵەیەکی گەورە دەکات،
کادیرە مامناوەندیەکانی هاندەدات پاساوی بۆ
بهێننەوە، دیارە ئەمە لە پێناوی وورەی جەماوەرەکەیاندایە، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆکاری
ئەوەی کە دان بە هەڵەدا نەنرێت بنەمای شکستی تر دادەڕێژێت.
حەوتەم، زاڵبونی باری دەرونی و خواستی کەسایەتی بە سەر پرۆسەی سیاسیدا.
هەشتەم، ئامادەنەبونی کورد وەک خەڵکێک لە دانانی پۆستە سیاسییەکان لە بەغدا.