پەیوەندی تورکیاو ئەمریکا؟
10/29/2019 12:34:00 PM
سەردار عەزیز
لە رۆژانی رابردوو، پاش هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ترامپەوە بۆ تورکیاو پاشان هێرشی تورکیاو کرێگرتەکانی بۆ رۆژئاڤا، پەیوەندی ئەمریکاو تورکیا لە زۆر رووەوە کەوتە ژێر فشارو هەڕەشەو بەرگریلێکردنەوە. لێرەدا بە پوختی هەوڵئەدەم رانانێکی ئەو دیدە سەرەکیانە بکەم کە ئەمڕۆ لە واشنتۆن و ئەنقەرە لەئارادان بەرامبەر ئەم پەیوەندییە.
یەکەم، پێش هەموو شتێک، ئەمریکاو تورکیا هاوپەیمانن. لە میانەی ئەم هاوپەیمانیەدا پەیمانی داکۆکیکردن لە یەکتریان هەیە. ئەم هاوپەیمانیە مێژویەکی درێژی هەیەو بە قۆناغی هەستیارو سەختتدا تێپەڕیوە. تورکیا لە سەردەمی جەنگی سارددا، کە دونیا بەسەر دوو جەمسەری سەرەکیدا دابەشبوبو، پێگەیەکی ستراتیژی تایبەتی هەبوو. تورکیا یەکێك بوو لەو وڵاتە کەمانەی کە زۆر نزیک بوو لە سۆڤیەتەوە، سنوری راستەوخۆی هەبوو لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتداو جێگایەکی وەک بنکەی ئەنجەرلیک تەنها ٦٠٠ کم لە مۆسکۆوە دوورەو زۆربەی کاتی ساڵ ئاسمانی روونە. هەموو ئەمانە تورکیایان کردە ئەو جێگایەی کە رۆڵێكی ستراتیژی ببینێت لە جەنگی سارددا. دەرئەنجامی ئەمە دروستبوونی مێژوویەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە لە ئاستی بیرۆکراتیەت و سەربازو بنکەی هاوبەش و راهاتنی دەروونی رەنگی داوەتەوە. ئەم پاشخانە بووەتە هۆکاری هاتنەئارای کۆمەڵێک لە دروشم و ئایدۆلۆژیاو ئاگایی رەق، وەک تورکیا هاوپەیمانە، تورکیا ستراتیژیە، تورکیا مێژووی هەیە. ئێستا کە ساتەوەختی قەیرانە ئەم مێژووە کاتی دەوێت هەتا هەڵوەرێت.
دووەم، ئەم پاشخانە بەئاسانی ناڕەوێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو ساتێکی تر ئەم پاشخانە لەبەردەم هەڕەشەو فشاردایە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە لەبەردەم قەیرانداین یان وەرچەرخان یان پچڕان. پەیوەندی ئەمریکاو تورکیا ئاشنایە بە قەیران و زۆرجار توشی قەیران بووە. بەڵام ئەگەری پچڕان و دابڕان، دەگمەن بووە. ئەوانەی کە لە قوتابخانەی پچڕانن ئارگومێنتیان ئەوەیە کە تورکیا لە سەردەمی جەنگی سارددا رۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕا، ئێستا ئەو رۆڵە ستراتیژیەی تەواو بووە. ئەمەش مانای وەهایە کە چیدی وەک جاران وڵاتێکی بەبایەخ نیە بۆ ئەمریکا. لە هەمانکاتدا تورکیا لە ناوەوە بە جۆرێک گۆڕاوە کە چیدی وەک هاوپەیمانێک دەرناکەوێت. لە رۆژانی رابردوودا یەکێک لە پرسیارە سەرەکیەکان لە کۆنگریس و سێنات لە جێمس جێفری دەکرا دەربارەی دۆخی ئەم پەیوەندیە بوو، کاتێک زۆرێک لە ئەندامانی هەردوو خانەکە پرسیاری ئەوەیان دەکرد ئایا هەتا ئێستاش تورکیا هەر هاوپەیمان، یان بە گاڵتەوە دەیانپرسی ئەمەیە هەڵسوکەوتی هاوپەیمان. گۆڕانی ناوەوەی تورکیا لە وەرچەرخانی تورکیاوە دێت لە عەلمانیەتێکی توندی رووکەشەوە بۆ ئیسلامیەکی نەتەوەیی فراوانخواز.
دەرئەنجامی ئەمە ئەوەبوو کە تورکیا دەیەوێت رابەری دونیای ئیسلام بێت. لەپێناو بەدەستهێنانی ئەم رابەریەدا ناچاربوو کە دژایەتی ئیسرائیل بکات، بەڵام ئەم دژایەتیە لە هەموو ئاستێکدا تەنها بۆ فریودانە. ئەگینا هەردوو وڵات لە هەموو ساتێکی تر دۆستترن. ئەم دۆخە لە پەیوەندی کوردو ئیسرائیلدا ئاوێنە دەبێتەوە. ئیسرائیل دەیەوێت کورد بگەوجێنێت کە دۆستە، تورکیا دەیەوێت موسوڵمانان بگەوجێنێت کە دۆستیانە، بەڵام لە ئاستی بونیادی و هاوکاری و ئابوری و کەلتوری و زۆر بواری تردا، تورکیا و ئیسرائیل لە هەموو ساتێک دۆستترن.
بە ئیسلامی بوونی تورکیا، هەستی ناسەقامگیری دەروونی لە ناخی زۆربەی تورکدا زیندوو کردەوە کە دونیا هەموو دوژمنیانە. دەرئەنجامی ئەمەش دژە ئەمریکاییەکی بەرفراوانە لەناو کۆمەڵگای تورکیدا. بە دوژمنکردنی دونیا لای تورک ئاسانەو بوونی سیاسی شەعبەوی وەک ئەردۆگان بەردەوام پەرەی پێئەدات. گەر دونیا هەمووی گورگ بێت ئەوا دەبێت هەمووان خۆمان لە سایەی شوانە بەهێزەکەماندا بپارێزین. ئەمە فەلسەفەی ئەردۆگانە. شایانی باسە کە تورک خۆیان بە باڵاتر دەزانن لە گەلانی رۆژهەڵات، ئەمەش بنەمای ئەو مامەڵە رۆژئاواییەیە کە تورکیا لەگەڵ خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیکات. کە تورکیا لە رۆژهەڵات دەڕوانێت خۆی رۆژئاوایی دەبینێت. کاتێک لە رۆژئاوا دەڕوانێت، ناچار دەکرێت کە رۆژهەڵاتی بێت.
سێیەم، دیدێکی تر کە چەند شارەزایانی تری تورکیا کاری لەسەر دەکەن ئەویش رۆمانسیەتی ئیمپراتۆریەتە. تورکیا بەئاسانی هێشتا نەبووەتە دەوڵەت نەتەوە، بەڵام توانای ئیمپراتۆربوونی لەدەستداوە. ئەم لەدەستدانی توانایە زیاتر هۆگری رابردووی کردووەو لە ئەنجامدا ئەو رابردووە رۆمانسیانە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمەش وادەکات کە هەوڵی ئەوە بدات کە وڵاتێکی سەربەخۆیەو یاری دەکات لەنێوان زلهێزەکانی ترداو بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت. ئەمە بە زەقی لە مامەڵەی نێوان تورکیاو ئەمریکاو تورکیاو روسیادا دیارە. ئایا تورکیا دەتوانێت بە یاری کردن لەنێوان هەردوولادا سود لە هەردوولا ببینێت؟ ئەمە لە خیتابی تورکدا دەبینین لە مەسەلەی ئێس ٤٠٠دا. خواستی تورکەکان ئەوەبوو کە ئەوان دەتوانن هەردوو سیستمەکەیان هەبێت، بەڵام وەک دەردەکەوێت کە تورکیا ناتوانێت خواستی خۆی بەسەر هیچ لایەکدا بسەپێنێت، ئەمریکاو روسیا هەردوو دەیانەوێت بە بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی بکەن.
دەرئەنجامی ئەمانە چەند دیدێکی ستراتیژیە:
یەکەم، بە لای هەندێک لە ئەمریکاییەکانەوە تورکیا ئێستا لە پەیوەندیەکی خراپدایە لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام توانای ئەوەی هەیە کە جارێکی تر بهێنرێتەوە ناو بەرەی ئەمریکایی. شایانی باسە لە ناتۆدا بەندێک نیە بە دەرکردنی ئەندام. ئەمریکاو کەنەدا هەوڵیاندا کە بەندێکی وەها بۆ هاوپەیمانییەکە زیادبکەن.
دووەم، تورکیا دەیەوێت سەربەخۆبێت و لە ئەنجامی ئەمەدا گەرەنتی نیە کە لە هەموو ساتێکدا وەک ئەوەی لایەنی ئەمریکی چاوەڕوان دەکات مامەڵە بکات.
سێیەم، تورکیا چیدی لەوە دەرچووە هاوپەیمان بێت و ئەمریکا ناتوانێت وەک هاوپەیمانێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات.