لە ئەمەریکا چی رویدا؟
1/7/2021 12:50:00 PM
سەردار عەزیز
دوێنێ کاپیتۆڵ هۆڵ (کۆنگریسی ئەمەریکا)، جێگای سەرنجی دونیا بو.
پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمەریکا لە چەندین دەیە و بگرە سەدەی رابوردودا هەرگیز مایەی سەرنج نەبوە، بەڵام دوێنێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسی توشی قەیران بو.
ئاپۆڕەکە خەڵکێکی تایبەت بون، هەمو سپی پێست و هەڵگری سیمبول و دروشمی تایبەت. کۆمێنتارە ئەمەریکیەکان نەیاندەزانی چۆن ناویان بنێن، چۆن بیانناسێنن. هەم روداوەکە و هەم ئەنجامدەرانی لە روی ناونانەوە مایەی کێشە بو.
ئایا ئەوەی رویدەدا کودەتا بو، یان ناڕەزایی دەربڕین؟ کارێکی تیرۆریستی بو، یان سیاسی؟؟ دەیڤید فرۆم کۆمێنتاری ناسراوی کۆمارییەکان وشەی پۆتچی ئەڵمانی بەکاردەهێنا. دیارە زمانی ئینگلیزی خۆی وشەی نیە بۆ کودەتا، کودەتا فەرەنسییە و پوتچ ئەڵمانییە، بەڵام هەردوکیان بەکاردێن. کودەتا ئاماژەیە بۆ کارێکی رێکخرا، پوتچ هەتا ئاستێکی زۆر رێکنەخراوە. ئایا ئەوەی رویدا رێکخراوبو، یان رێکنەخراو؟ بێگومان بە هەمو شێوەیەک رێکخراو دیاربو. رەنگە ئەوە گەردەلولەکە بێت کە ترەمپ باسی دەکرد.
کرۆکی مەسەلەکە چیە؟
ئەگەر گوێ لە وتارەکەی ترەمپ بگریت زۆر شتت بۆ رون دەبێتەوە. ترەمپ دژ بە ناڕازییان نەبو، پەیامی خۆشەویستی بۆ ناردن.
بە پێی هەندێک سەرچاوە، تەنانەت ئامادەنەبو ئەو قسانەش بکات، بەڵام بە فشار، خەڵکانی دەروبەری پێیان کرد. ترەمپ باسی ئەوە دەکات کە وڵاتەکەیان لێدزراوە. ئەمە یەکێک بو لە هاوارەکانی ناڕازییان، ئەو دزییە بوەستێنە.
ئەوە چیە دەدزرێت؟ دزی یانی بردنێکی نا شەرعی بە زۆر یان بە فێڵ.
ئەمەریکاییەک هەیە کە بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەمەریکای سپی پێست و ئەنگلۆساکسۆن و پرۆتسانت. ئەم ئەمەریکایە خاوەنی ئەمەریکا بوە لە دۆزینەوەی ئەمەریکاوە هەتا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ نایەوێت دەستبەرداری بێت، بۆیە هەست دەکات دزی لێدەکرێت.
دیموکراسی ئەمریکی هەر لە سەرەتاوە قەیرانی یۆنانی هەبو. قەیرانی یۆنانی بە مانای ئەوەی کە دیمو، کە یانی خەڵك مەبەست لێی هەمو خەڵكانی ئەمەریکا نەبو، بەڵکو توێژێکی تایبەت بو.
وردە وردە ئەم توێژە تایبەتە بە ناچاریی و بە پێویستی بە سەر توێژەکانی تری کۆمەڵگادا کرایەوە، وەک خەڵكی رەش پێست، ئافرەت، بەڵام ئەم کردنەوەیە بەو مانایە نەبو، کە ئەوان خاوەن دەسەڵاتی راستەقینەبن، بەڵکو ببنە بەشێک لە سیستەمێکی داڕێژراو.
بەڵام ئێستا لە زۆر روەوە ئەم وەرچەرخانە رودەدات، لە روی دیموگرافی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی. وەک زۆری شوێنی تری دونیا خەڵكی ئەمەریکا بە زۆری دەبنە خەڵكی شارنشین. خەڵكی شار خاوەن ئیثۆسێکی جودایە لە خەڵكی گوند و شارۆچکەکان. ئەم بەریەککەوتنە لە کۆمەڵگای کوردیشدا رودەدات.
ئەم ئەمەریکایە کە وردە وردە لە ئاوابوندایە، لە لایەن چەندین گروپ و رێکخراو و میلیشیاوە، داکۆکی لێدەکرێت. سیمبول و خیتابی ئەمانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئەمریکی.
ئەم خەڵکانە ئەمڕۆ هەست دەکەن نەک لە روی سیاسییەوە، بەڵکو لە روی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشەوە ئەمەریکایەک سەرهەڵئەدات کە لە گەڵ ئەواندا ناگونجێت. ترەمپ بە هیچ شێوەیەک سەر بەم خەڵکانە نیە، ترەمپ کەسێکی سێکویلاری، شاری، نمایشکارە. زۆربەی تەمەنی دیموکرات بوە و خەڵكی نیویۆرکە. بۆ زۆرینەی خەڵكی ئەمەریکا نیویۆرک ئەمەریکا نیە.
بەڵام توانی ببێت بە نوێنەریان.
دیارە هەمو پشتیوانانی ترەمپ لەمانە نین، خەڵكی تریش بە هۆکاری لۆکاڵی و تایبەت دەنگ بە ترەمپ دەدات، بەڵام ئامادەنیە بێت بۆ واشنتۆن بۆ توندوتیژی. دەنگدەری ئایدۆلۆژی جودایە لە دەنگدەری دیموکراسی.
لە نێو نوخبەی سیاسی ئەمەریکیدا ترەمپ دۆستی کەمە، بەڵام لە بەر ئەوەی جەماوەری هەیە، ئەوانەی، بە تایبەتی لە کۆمارییەکان، کە بە نیازی سودبینین بون لە جەماوەری ترەمپ، پشتیوانی بون. هەندێکیش هەبو لە تویتەکانی دەترسا. بەڵام دوێنێ ئەم هاوپەیمانییە فەیکە کۆتایی هات. مایک پێنس پشتیوانی ترەمپ نەبو. پێنس نوێنەری توێژێکی تایبەتی ئەمەریکایە، کە بە ئیڤانجیلیکە مەیسحییەکان ناسراون. هەروەها لیندسی گراهام پشتی تێکرد.
زۆرینەی ئەوانەی کە پشتیوانی ترەمپن لە کۆمارییەکان ئەوانەن کە بە نیازی خۆ پاڵاوتنن بۆ سەرۆکایەتی لە چوار ساڵی داهاتودا یان خۆ کاندیدکردنەوە بۆ کۆنگرێس. وەک زۆر شوێنی تری دونیا بەشێکی زۆری کاری پەرلەمانی نمایش و شۆیە.
لە نێو کۆمێنتارە ئەمەریکییەکان حەپەسانێک هەبو، کە بە ڕاستی بۆ هەر چاودێرێکی ئەمەریکی ئەوەی رویدا مایەی حەپەسان نەبو. ناسیونالیزمی ئەمریکی، لە هەمو ساتێکی تری بەهێزترە. ئەم ناسیونالیزمە، توێژی جیاوازی هەیە. لە دەیەی داهاتودا کاتێک ئەمەریکا لە ڕوبەڕوبونەوەدایە لە گەڵ زلهێزێکی تری وەک چین، ئەم ناسیونالیزمە دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ماوەی داهاتودا، بە خوێندنەوەیەک بۆ هەردو بیرمەندی گەورەی ئەمەریکی، جۆن ئیکیبێری و جۆن مێرشمایەر، زیاتری باس لە رەهەندی فیکری ئەم پرسە دەکەم.
ریتچارد هاس نوسیبوی کە سەردەمی ئەمریکی کۆتایی هات. رستەیەکی ئاوس بە مانا و دڵتەنگی، بەڵام چاوەڕوان نەکردنی ئەوەی رویدا لە ئەمەریکا، جۆرێکە لە غرور و بە تایبەت وەرگرتنی ئەمەریکا، بە ئەوەی پێی دەوترێت ئیکسێپشنالیزم.
ئەمەریکا دوێنی لە بڕی ئەوەی مایەی سەرنج و لاسایی بێت مایەی نوکتەبو. تەنانەت کەسێکی وەک مێرکڵ کە بە هیچ شێوەیەک لە نوکتەباز ناچێت، نوکتەی کرد. مێرکڵ لە ماوەی داهاتودا کۆتایی بە ژیانی سیاسی دەهێنێت. لە توێتێکدا نوسیبوی دەستەبەرداربونی من لە سیاسەت زۆر بێتام یان مومل دەبێت، boring.
بەڵام ئەوەی لە ئەمەریکا ڕویدا تەنها دیاردەیەکی ئەمریکی نیە. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەهێز و رێکخراوە. سەرۆکی فەرەنسی باوەڕی خۆی بۆ دیموکراسی دوپاتکردەوە، بەڵام فەرەنسا قەیرانەکەی لە ئەمەریکا قوڵترە.
چەندین ساڵە فاشیزم یەکێکە لە ڕکەبەرە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی فەرەنسی و بەردەوام لە لوتکەدایە.
لە کاتێکدا خەڵک بە ئەمەریکا پێدەکەنین لە هەمانکاتدا خۆیانیان بیردەکەوتەوە، ئەوەی مەترسیدارە ئەوەیە کە ئەوەی لە ئەمەریکا دەبێت هەرزو دەبێتە مایەی لاساییکردنەوە لە جێگاکانی تر، بەڵام دیموکراسی توشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەکانی تر توشی داڕمان دەبن.