ئایا بای بای خەلیفە؟
3/24/2019 11:50:00 AM
سەردار عەزیز
سیستەمی خەلافەت بۆ حوكمڕانی وەك سیستەمی ئیمپراتۆریەت وەهایە. لە هەمان سەردەمدا هاتوەتە ئاراوە و خەسڵەتەكانی هاوبەشە. خەلافەت سنور نازانێت، هەتا هێزی هەبێت دەكشێت. بە مافی خۆی دەزانێت هەتا هێزی هەبێت دەسەڵاتیشی هەبێت. دوژمن كەسێك نیە كە مەترسی هەیە لە سەر ئەو، بەڵكو دوژمن كەسێكە، كە وەك ئەو نیە. ئەم جۆرە سیستەمە لە مێژوی سەرهەڵدانیەوە، مایەی كێشە بوە بۆ دەوروبەری، بە تایبەتی ئەوروپا. ئەوروپاییەكان كێشەی گەورەیان لە گەڵ خەلافەتی عوسمانیدا هەبو. دەسەڵاتی خەلافەت گەشتە ڤییەنای ناو دڵی ئەوروپا. ئەمە لە مێژوی ئەوروپادا بە مەسەلەی ڕۆژهەڵات ناسراوە. ئەم پرسە لای ئەوروپیەكان بە ئاستێك مایەی نیگەرانی بو كە پلانرێژی ئەوەكرابو كە بۆ یەكجاری خەلافەت و سەرزەمینی توركیا لە ناو بەرن. ئەم پلانە بە دو ئاراستەدا بو، یەكەم لێسەندنەوەی خەلافەت لە تورك و گەڕانەوەی بۆ عەرەب، دوەم، لە ڕێگای پەیماننامەی سیڤەرەوە كۆتایی هێنان بە توركیا. گەڕانەوەی خەلافەت هۆكاری ئەوەبو كە ئەورپاییەكان هیچ كێشەیان نەبو لە گەڵ ڕەوتە ئاینیە عەرەبیەكان. زیندوكردنەوەی بنەماڵەی هاشمی لە سەر ئەو بنەمایە بو كە ئەمان شەرعیەتی ئەوەیان هەیە كە ئەم ڕەوتە بگرنە دەست. دیارە ئەوروپاییەكان خوازیاری ئەوە نەبون كە سیستەمێكی خەلافەتی تر دروست بێت، بەڵكو لە بڕی ئەوە پەرەیان بە ناسیونالیزمدا وەك سیستەمێكی پاش خەلافەت. ناسیونالیزم لەوەدا جیاوازە كە فراوانخوازنیە، سنوری دیاریكراوە و سەر بە سیستەمی وێستڤیلیایە. بە گشتی دەوڵەتی نیشتمانی، تیرەتۆری بنەمایەكە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی. نەتەوە نیشتەجێی خاكێكە.
بەڵام پرسەكە لە رۆژهەڵات بەو جۆرە نەبو، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بەكار هات بۆ كۆتایی هێنان بە خەلافەت. پەیوەست بون بە خاك و سەرزەمینی تازە داڕێژراو بۆ ئەوە بو كە شوناسی ئیسلامی خەلافەتی كۆتایی پێبهێنرێت. هەندێك وەها دادەنێن كە ئەمە كارێكی خراپ بو، چونكە ئیسلامی توركی ئەگەری هەبو مۆدرێن بێت، بەڵام ئەوەی ئەو رۆژگارە كرا، ئەمڕۆ لە توندڕەوی ئیسلامی و سیستەمی خەلافەتی داعشدا خۆی نمایش دەكات.
گەر لە تەنزیمان بنواڕیت دەبینێت بە گشتی سێ رەوت بو، رەوتێكی كە داوای گەڕانەوەی دەكرد بۆ ئیسلام، رەوتێك بانگەشەی دەكرد بۆ سودبینین لە مۆدێرنەو رەوتێكی تر تەواو مۆدرێنخوازبو. دەكرێت ئەم سێ رەوتە ئەمڕۆش بە رونی ببینرێت. بەڵام لە دۆخ و جیوپۆلتیكێكی جیاوازدا. لە راستیدا پرسەكە ئەوەنیە كە خەلافەت دەبێت لە دەستی كێدابێت، هەبونی ئەم سیستەمە لە دەستی هەركەسدا دەبێتە مایەی كێشە بۆ نیزامی جیهانی ئەمڕۆ. بە كەوتنی باغۆز خەلافەت و ئاگایی خەلافەت كۆتایی نایەت. كێشەی گەورەی ئەوروپاییەكان و ئەمڕۆش ئەمەریكاییەكان ئەوەیە كە لە خود سەنتەرییەوە لەم كێشەیە دەنواڕن، چۆن لە خۆمانی دورخەینەوە. گەر لە سەرەتای سەدەی بیستدا مەوداكان بەربەست بون، ئەمرۆ چیدی مەوداكان بەربەست نین. سیستەم و خەیاڵی خەلافەت ئەمڕۆ وەك خەیاڵێكی سیاسی لە دو بنەماوە سەرچاوە دەگرێت، یەكەم شكستی ئەو وڵاتانەی كە زۆربەیان موسوڵمانن، دوەم رەگەزپەرستی ئەوروپی.
ئەوروپاییەكان ئەمڕۆ توانای ئەوەیان نیە كە دەستكاری سیستەمی جیهانی بكەن، هەتا بێت زیاتر دەبنە هێزێكی هەرێمی. بەڵام سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی لە پەراوێزی ئەواندا مایەی كێشەیە بۆیان بە شێوازێكی راستەوخۆ. ئەم بێدەسەڵاتی و قەیرانە دۆخێكی دەرونی سەختی دروستكردوە كە دەبێتە مایەی رەگەزپەرستی زیاتر لە هەناوی ئەوروپادا.