73وتار

سووریا بەبێ ئەسەد

12/8/2024 8:40:00 PM
سەردار عەزیز

ئەم یەکشەممەیە، یەکەمجارە پاش زیاتر لە نیوسەدە سووریا بەبێ ئەسەد و خێزانەکەی. شەوی ڕابردوو ئەسەد بە فڕۆکەیەک بەرەو حەمەیم هەڵات و پاشان گومانی ئەوە هەیە چووبێت بۆ مۆسکۆ، چونکە پێشتر خێزانەکەی ناردووە. کە دیکتاتۆر دەڕوات، لە پاش خۆی سێ شتی سیمبولیک جێدەهێڵێت: بەندیخانە، کۆشک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری پەیکەر و وێنەی بێ زەوق. هەموو ئەمانە ئامراز و سیمبولی دەسەڵاتێکن کە دەبێت نەبێت.

کەوتنی ئەسەد کەوتنی دەسەڵاتی خێزانییە، کە خەریکە دەبێتە مۆدێل لە ناوچەکە. ئالی ئەسەد، جیاوازە لە هەر دیکتاتۆرێکی تر. دەسەڵاتی خێزانەکان عەقڵیەتێک و واقیعێکی خوڵقێنراو دروست دەکەن کە تیایدا کۆمەڵگا دەکەن بە دوو بەشەوە: خێزانەکانیان و ئەوانیتر. ئەوانیتر بە سروشت کەمترن. ئەم هاوکێشەیە، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی دوورکەوتنەوەیە لە کۆمەڵگا و چوونە باوەشی دەرەوەیە. سیستەمی دەسەڵات لە ناوچەکە هەتا ئێستا بە گشتی لەم دۆخەدا دەژی، لە مرۆڤخستنی ناوەوە و خزمەتکردنی دەرەوە.

خێزان سەردەمانێکی زۆر لە مێژووی ناوچەکەدا بنەمای دەسەڵات بووە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنەدا چیدی ناتوانێت بە مۆدێلی پێشمۆدێرنە بەردەوام بێت. بۆیە هەمیشە لاوازە و ناتوانێت هاوسەنگی نێوان دەرەوە و ناوەوە بکات.

وەک بینیمان ئەسەد لە دواجاردا تەنها بوو. هەموو دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامدا تەنهان. کاتێک سەدامیان لە کونەکەی دەرهێنا، ئەویش تەنها بوو.

کەوتنی ئەسەد مانای زۆر، نەک تەنها کەوتنی دەسەڵاتی خێزانی نییە، هەروەها کۆتایی بەعسە وەک یەکێک لە دڕندەترین مۆدێلەکانی حوکم. بەعس سەرەتا کابرایەکی مەسیحی بە بیریدا دێت وەک ڕێگایەک بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ بۆ پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای نەتەوە و هاوڵاتی و ڕزگاربوون لە مۆدێلی ئەهلی زیممە، کە مەسیحی ناو کۆمەڵگا ئیسلامییەکان وەک کەمتر دەبینێت. بەڵام بەعس لە دەسەڵاتدا بوو بە هێزێکی تێکەڵ لە پان-عەرەبیزم، پاشان قوتری، پاشان خێزانی و شەخسی. ئەم تێکەڵەیە کوشندە بوو بۆ هەموو ئەوانەی لە سایەیدا ژیان. بەعس لە سەرەتاوە بڕوای بە کودەتا هەبوو، وەک شێوازی گەیشتن بە دەسەڵات. لە ڕێگای ئەمەوە بڕوای بە توندوتیژی هەبوو لە پیادەکردنی دەسەڵاتدا.

کەوتنی ئەسەد کۆتایی دەسەڵاتی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سووریا لە سەردەمی خێزانی ئەسەددا، هەمیشە لە ڕووسیاوە نزیکتر بوو هەتا ڕۆژئاوا. بۆ ڕووسەکان سووریا گرنگ بوو، بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، هەبوونی پێگە لە ناوچەکە و بوون بە بەشێک لە ململانێی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دۆکترینی پریماکۆڤ بە کورتی وەها بوو: ڕووسیا زۆر هەوڵی دا ببێت بە بەشێک لە ڕۆژئاوا بەڵام قبوڵ نەکرا، بۆیە تەنها ڕێگا بۆ قبوڵکردنی ڕکابەریکردنە، لەو جێگایانەی کە دەسەڵاتی ئەمریکی لاوازە، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام سووریا لە زۆر ڕووی ترەوە گرنگ بوو بۆ ڕووسیا.

پاش ئەوە یان پێش ئەوە کۆتایی بەرەی موقاوەمەیە. وەک ڕووسیا، ئێرانیش خەونی هەبوونی پێگەی هەبوو لەسەر دەریای ناوەڕاست لە ڕێگای لوبنان و سووریاوە. بەڵام کەوتنی ئەسەد، حیزبوڵڵا هێندەی تر لاواز دەکات.

کەوتنی ئەسەد وەک بوومەلەرزەیە بۆ بەغدا. بەغدا نازانێت چی بکات، هەرچەندە تازە درەنگە. بەغدا پەرت بوو لە نێوان بینینی سووریا وەک بەرەیەک یان وەک جیاوازێک، کە لە قوڵاییدا جەدەلی نێوان دەسەڵاتی تایفی و دەسەڵاتی دەوڵەتییە.

ئێستا عێراق دەبێت بە هیوا بێت کە جوولانی، کۆنە بەندی لە عێراق کە ئێستا بووەتە ئەحمەد شەرع، ئامانجەکانی تەنها لە ناو سووریادا بێت، کە وەها دیارە، نەک بەوەی بڕوای پێی نییە، بەڵکو ئەزموون و واقیع زیاتر پراگماتی کردووە.

بێگومان ئەگەر دەسەڵاتی نوێی سووریا خواستیشی نەبێت کاریگەری دەبێت لەسەر عێراق.

ئەوەی لە هەموو گرنگترە کوردە. کورد سوودمەندە لە کەوتنی ئەسەد، هەروەها ئێران، بەڵام ئەوەی جێگای داخە زاڵبوونی تورکە. ئەمەش لەسەر ئەمریکا وەستاوە. هەتا ئێستا ئەمریکا هەڵوێستی باشە. تەنانەت ترەمپیش لە تویتەکەیدا کە دەڵێت "سووریا هاوڕێمان نییە"، دەکرێت وەها بخوێنرێتەوە، کە ئەمریکا دەیەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت بەڵام نابێت بە بەشێک لە ململانێی ئیسلامی و ئەسەد. هەمیشە ترسی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە لە پێناو داکۆکی لە کورد ناچار بن سوود بە ئەسەد بگەیەنن، بەڵام ئێستا ئەو مەترسییە لە ئارادا نییە.

هەموو ئەمە لەسەر ترەمپ وەستاوە. باوەڕ ناکەم پێش هاتنی ترەمپ فشارێکی زۆر لەسەر کورد بکرێت. بەڵام کەمبوونەوەی فشاری ئێران یان نەمانی ئاسانکاری دەکات بۆ ڕۆژئاڤا کە بەرژەوەندی خۆی لە بەرچاو بگرێت، پێش هەموو شتێکی تری هەرێمی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن