449وتار

ئۆکرانیا و شەڕەکانی

2/27/2022 1:09:00 PM
سەردار عەزیز



هەوڵئەدەم چەند لایەنێکی جیاوازەکانی جەنگی ئۆکرانیا ڕوون بکەمەوە:

یەکەم، جەنگی شەخسی: ڤلادیمێر پوتین مێژویەکی تایبەتی هەیە لە گەڵ سۆڤیەت و سیستەمی پاش سۆڤیەت و ڕوسیادا. کاتێک کە سۆڤیەت ڕوخا هێندە هەژار بوو شەوان ئیشی تاکسی دەکرد. کە گەڕایەوە بۆ سان پیترسبۆرگ لای پارێزەری ئەو کاتەی شارەکە بوو بە بەڕێوەبری پەیوەندی پارێزەر و لایەنە پارەدارەکان بە تایبەتی بازرگان و مافیاکان. چەند خاڵێک هەیە  گرنگە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی ئەو. پوتین لە خێزانێکی هەژاری شاری لینینگرادە، بە منداڵی لە ناوچەیەکدا ژیاوە کە زۆربەی کات یاری لە گەڵ جرج و پیس و پۆخلیدا کردوە. ڕوداوێکی سەردەمی منداڵی  شەڕی لە گەڵ جرجێکدا، بە دیدێکی فرۆیدیانە وەک لەقاڵبدەری ڕوانگەی ژیانی دەبینرێت.

پۆتین بە یارمەتی کەی جی بی و توێژی نوێی ڕوسی پلەی بەرزدەبێتەوە. هەتا ئێستا ڕون نیە بۆچی یلسن ئەوی هەڵبژارد بۆ جێگرەوی. کە بوو بە سەرۆک وەزیران و پاشان کاندیدی سەرۆک کۆمار، روداوێکی تەقینەوە لە سان-پترسبۆرگ هەیە زۆر جێگای سەرنجە لە پرۆسەی دروست بونی ئەو. ووردەکاری ئەم روداوەم لە زاری کەسێکی نزیک لە پوتینەوە بیست کاتێک دۆکیومێنتەرییەکی لە سەر پوتین نمایشکرد لە ڤیستڤاڵێکی فلیمدا، لە شارێکی ئەوروپی.


پوتین کاتێک لە درێسدن دەبێت، هێرش دەکرێتە سەر بنکەی کەی جی بی، ئەویش دەچێت بۆ بنکەی سەربازی سۆڤیەتی بۆ داوای پاراستن، ئەوانیش پێی دەڵێن، بەبێ ڕەزامەندی مۆسکۆ ناجوڵێین، بەڵام مۆسکۆ بێدەنگە. ئەم بێدەنگییەی مۆسکۆ خاڵێکی تری لە قاڵبدانی کەسایەتی پوتینە.

ڤال هەتا بێت بەهێز دەبێت. کە دەبێتە سەرۆک کۆمار بڕوای بە ڕۆژئاوا هەبوو. تەنانەت داوای لە کلینتۆن کرد کە ئەندام بونی ڕوسیای بۆ ناتۆ پێ چۆنە؟ بەڵام داواکەی بەر گوێی کەڕ کەوت. پوتین هەتا دەهات زیاتر بە گوماناوی دەبوو لە ڕۆژئاواو و بڕوای بەوە دەهێنا کە نیازی ڕۆژئاوا کۆتایی هێنانی ڕوسە. ئەم دیدە بردی بەرەو دونیای بیر و ئایدەلۆژیای ئەوە بوارە.

فەریکە بیرمەندێک لەم بوارەدا گرنگە ئەویش ئیڤال ئیلینە. Ivan Ilyin

بە دیدی ئەو روسیا ناتوانێت خۆی بپارێزێت بەبێ بونی لە گەڵ بلەروس و ئۆکرانیادا. هەروەها ئۆکرانیا نە نەتەوەن نە خەڵێکی جودا، بەڵکو بەشێکن لە روسی و سلاڤ. ئیڤان دژ بە بۆلشەڤیکەکان بوو، دۆستی هیتلەر و مۆسۆلینی بوو.

دیدی ئەو ئەمرۆ بۆ تێگەیشتن لە دیدی پوتین گرنگە. دیارە بیری تایبەتمەندی ڕوس و پەیوەندی ئاڵۆز و بە مەترسی بینینی کەلتوری ئەوروپا بەشێکی گرنگی بیری ڕوسی پێکدەهێنێت، لە دۆستەیەڤسیکشدا ڕونە. کەسێک زەق کاری لە سەر ئەم رەهەندە کردوە  میلان کۆندێرایە.

ئەم ڕۆژانە دەڵێن پوتین لە ستالین زیاتر گۆشەگیرە. مەشهورە کە ستالین ماوەیەکی زۆر نەدەهات بۆ کرملین، ئەندامانی پۆلیتبیرۆ یان جەماعەتی مەکتەب سیاسی خۆمان، دەچون بۆ ماڵ بۆ لای، دەیانخواردەوە و باسی سیاسەتیان دەکرد.

پۆتین وەها خۆی دەبینیێت کە ڕزگارکەری روسە لە مەترسییەکانی ناوەوە و دەرەوە. ئەوەی وێنەی گرۆزنی دیبێت دەزانێت چ دڵڕەقێکە. بە پێی ئەم روانگەیە ئۆکرانیا دەبێتە ئەو جێگایەی کە ڕۆژئاوا سودی لێدەبینێت بۆ وێرانکردنی ڕوسیا.

دووەم، خاڵی وەرچەرخانی پەیوەندی روسیا و ئۆکرانیا لە شۆرشی ڕەنگاڵە یان خۆپێشاندانەکانی مەیدانی ساڵی ٢٠١٤  دایە. هەتا ئەو ساتە ئۆکرانیا حکومەتێکی دۆستی ڕوسیای هەبوو، بەڵام گەندەڵ و کوشندە بوو. کاتێک خەڵک لێی هەستان هەڵهات بۆ مۆسکۆ. لەو ساتەوە ڕوسەکان بێزارن لە ئاراستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئۆکرانیا. لێرەدا ئەوەی جێگەی بایەخە ناسیونالیزمی ئۆکرانیە.

 

ڕۆژئاوا دەیەوێت ئەو ناسیونالیزمە دروست بکات، لە ڕێگای شەڕ و دروستکردنی دوژمنی روسی و بە کاریزماکردنی زلینیسکییەوە. ئەمانە بە رونی لە ڕوماڵ و خیتاب و مامەڵە و هاوکاری و سۆزی ڕۆژئاوادا دیارە بە رامبەر ئەوان. لە هەمانکاتدا ڕوس دەیانەوێت ئەو ناسیونالیزمە تێکبشکێنن بۆیە بە نازیی نوێ ناوی دەبەن. گرنگی دروستبونی ناسیونالیزمی ئۆکرانی لە ئەوەدایە دەبێتە سەرەتای نەرەتیڤێکی تر بۆ دروستکردنی خەڵکێکی جیاواز لە مێژوە هاوبەشەکەی ڕوس و ئۆکرانییەکان. بۆ ئەوروپا ئەمە بنەمای لاوازکردنی خەونی ئیمپراتۆری ڕوسە، بۆ ڕوسەکان کۆتایی وڵاتەکەیانە.

سێیەم. ئەم پرۆسەیە کاریگەری هەیە لە سەر چۆنێتی بەڕێوەچونی شەڕەکە و پەیوەندییەکان و هاوکارییەکان. ڕۆژئاواییەکان چاوەڕێ بوون سوپای ئۆکرانی بکەوێت. بۆیە لە دوو دڵیدابوون ئایا هاوکاری پارتیزان بکەن یان سوپا. ئەمە گرنگە لە چەند ڕویەکەوە. کاتێک دەتەوێت هاوکاری گروپی پارتیزان بکەیت ئەوا چەکی سوکی کوشندەی بۆ دەنێریت، وەک دژە تانکی سەر شان. بەڵام کاتێک هاوکاری سوپایەک دەکەیت ئەوا دەتوانیت تانک و تۆپ و هەلیکۆپتەری بۆ بنێریت. دوا هاکارییەکانی ئەمریکا بە ئاراستەی شکستی سوپای ئۆکرانی و بە پارتیزان بونیەتی. بەڵام سوپای ئۆکرانی ماوە و باش شەڕ دەکات. ڕوسەکان نایانەوێت وەک سوریا و چیچان خاکی وڵاتەکە بە تورکە بپێون. چونکە ئامانجیان ئەوەیە کە داگیری بکەن و بیکەنە بەشێک لە خۆیان. لە سوریا ڕوسەکان هەتا ئەو پەڕی بێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتی دەستکراوەبون. بەڵام نایانەوێت یان ناتوانن ئەوە بکەن لە ئۆکرانیا. بەڵام کاتێک وەها ناکەن ئەوا بە خێرایی سەرکەوتوو نابن، ئەمەش پشتگیری ڕۆژئاوا زیاتر دەکات بۆ سوپای ئۆکرانی و ڕۆحی بەرگری خەڵک زیاتر دەکات. بە جۆرێک کاتێک تانکی ڕوسەکان لە بەر بێ سوتەمەنی و هۆکاری تر پەکیان دەکەوێت، ئۆکرانییەکان بە گاڵتەوە پێیان دەڵێن هاوکاریتان بکەین هەتا بگەڕێنەوە بۆ ڕوسیا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن