لە ئایەوا چی ڕوویدا؟
2/11/2020 10:49:00 AM
سەردار عەزیز
ولایەتی ئایەوا یەکەم ولایەتە کە کۆکەس، یان دەنگدانی حیزبیی تیادا ڕوودەدات، لە هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. ئایەوا ولایەتێکی گرنگ نییە لە هیچ ڕوویەکەوە. هەندێک دەڵێن ئایەوا بەهۆی گرنگییەوە یەکەم نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەهۆی یەکەمییەوە گرنگ بووە. یەکەمبوونی ئایەوا لە زنجیرەی ولایەتەکان بۆ دەنگدان مایەی ڕەخنەو هەندێکجار گاڵتەجاڕیشە، چونکە ئایەوا یەکێکە لە ولایەتە سپییەکانی ئەمریکاو خەڵكی دەڵێن کە ئایەوا بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی ئەمریکای ئەمڕۆ ناکات، بۆیە نابێت ڕۆڵێکی هێندە کاریگەری هەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکی ئەمریکادا.
سەرەتای ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی شەڕی ڤێتنام کاتێک پارتی دیموکرات بەهۆی شەڕەوە پڕ لە کێشەبوو، کۆکەس یان دەنگدانی حیزبی داهێنرا وەک جۆرێک لە بەشداریکردنی خەڵک لە دیاریکردنی کاندیددا.
چی ڕووئەدات لە کۆکەس؟ بۆ نمونە لە ئایەوا لە زیاتر لە ١٥٠٠ جێگا، کە بەگشتی هۆڵی گەورەی قوتابخانەو یاریگاو جێگای وەرزشین، ئەندامانی پارتی سیاسی کە سەرۆکایەتی لە دەست نییە، دەچنە ئەو جێگایانە. لە سەرەتادا هەر کاندیدێک نوێنەرێکی دەبێت، نوێنەرەکان لە هۆڵەکەدا ناو و وێنەی کاندیدەکەیان بەرز دەکەنەوە. ئەوەی دەنگ بە هەر کاندیدێک دەدات دەچێتە لای گروپی خۆی. ئەمە گردبوونەوەی یەکەمە. پاشان لە هەنگاوی دووەمدا بە تەواوی لە یەکتر جیادەبنەوە. هەنگاوی دووەم ئەوەیە کە گروپەکان دەکەونە قسەکردن لەگەڵ یەکتردا، بە هەوڵی گۆڕینی ڕای یەکتر، پاشان گردبوونەوەی دووەم روودەدات، لەم گردبوونەوەیەدا، ئەگەر هەر کاندیدێک لە پانزە لە سەدی ئامادەبووانی کەمتر هەبوو، ئەوا وەها دادەنرێت کە چانسی نییە، بۆیە پشتیوانانی دەبێت بەسەر ئەوانی تردا خۆیان بەش بکەن، پاش ئەمە دەنگی کۆتایی دەدرێت.
دەنگدانی ئایەوا ئەمساڵ کۆمەڵێک کێشەی هەبوو، لە سەرووی هەموویەوە دواکەوتنی ڕاگەیاندنی دەنگەکان و دروستبوونی کێشە لە ئەپلیکەیشنەکەدا. ئەمەش وەهای کرد کە ڕەخنەو گاڵتەکردنی زیاتر بە ئایەوا بکرێت، بەتایبەتی لەلایەن شارو ولایەتە گەورەکانی ترەوە. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەمریکا چەند لە یەکتر دابڕاوە. کێشەیەکی تری کۆکەس ئەوەیە کە لەکاتی کاردا بەڕێوە دەچێت، ئەمەش وەها دەکات کە بەگشتی خەڵكی بەتەمەن لە هەمووان زیاتر ئامادەبن. ئەمە لە ئایەوا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە دەنگدەران ببنە ئەو فیگەرەی کە لە ئەمریکا جێگەی ڕەخنەیە کە فیگەری کەسێکی سپی پێستی بە تەمەنی چینی ناوەند یان باڵایە، کە بەگشتی لە ڕووی دیمۆگرافیەوە لە ئەمریکا کەمینەن و هەروەها لە ڕووی سیاسیەوە نوێنەرایەتی کەمینە دەکەن لە ئەمریکای ئەمڕۆدا.
ئەمەش یەکێک بوو لەو بەهانانەی کە دەهێنرایەوە بۆ شکستی کەسێکی وەک جۆ بایدن. بایدن بە گشتی وەها دادەنرێت کە ئەو کەسە بێت لە ترەمپ بباتەوە، چونکە ساندەرس و بوگەجێج بە هۆکاری زۆر لیبرالێتی ساندەرس و هۆمۆسێکچوالی بوگەجێجەوە سەخت دەبێت کە دەنگی زۆرینە بهێنن لە ئەمریکا. بەڵام بایدن دەنگی کەم هێناو ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی بۆ هەڵبژاردنەکان لەکاتێکدا کە خۆی هەر لە سەرەتاوە کێشەی کەم پارەیی هەبوو.
هەموو ئەمانە ئاماژەن کە ترەمپ ئەگەری بردنەوەی زۆر زیاترە لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە زیاتر لە نەوەد لە سەدی کۆمارییەکان پشتیوانی دەکەن و لە ئەگەری پەرتبوون و دروستبوونی کێشە لەنێوان دیموکراتەکاندا وەها دەکات کە چانسی ترەمپ زۆر بەهێزبێت.
ئەمە لەکاتێکدا کە پێوەری هەرە سەرەکی بۆ دەنگدەری ئەمریکی ئابوورییە. وەک لە وتاری دۆخی وڵاتدا گوێبیستی بووین، ترەمپ زۆر شانازی بە باشی و بەهێزی ئابووری ئەمریکاوە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بێگومان زۆرینەی خەڵکی ئەمریکا دەنگدەری دیموکراتەکان دەبن، بەڵام بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە ئەگەری زۆرە کۆمارییەکان براوە بن. هەرچەندە ڕکەبەری ڕاستەوخۆ لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا دەستی پێنەکردووە، بەڵام هەموو کارەکانی ترەمپ بە ئامانجی کامپەین کردنە، تەنانەت هەنگاوەکانی لە سیاسەتی دەرەوە. بۆ نمونە وروژانی پرسی گرێبەستی سەدە لەلایەن ترەمپەوە لە ئێستادا، ئەوەندە بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەرە ئاینیەکانی وەک مەسیحیە زایۆنیستیەکانە، هێندە بە ئامانجی چارەسەری کێشەی فەلەستین نییە. تەنها لەم ڕوانگەیەشەوە دەکرێت لە ڕەفتارەکانی ترەمپ تێبگەین کە بەهیچ شێوەیەک گوێ بە ڕاوبۆچوونی فەلەستینیەکان نادات. ئەمە لەکاتێکدا دێت کە ماوەیەک لەمەوپێش بیللی گراهام ناڕەزایی دەربڕی دەربارەی ترەمپ، بۆیە ترەمپ هەموو شتێک دەکات بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو گروپە لە دەنگدەر کە ئەو بە کەسێکی تایبەتی و نێردراو لەلایەن خوداوە دەبینن.
ئەمە بۆ هەڵوێستی ئەمریکا لەگەڵ ئێرانیشدا ڕاستە.