602وتار

بزوتنەوەی گۆڕان، حیسابەکی بۆ خۆی نەکات زیاتر دەھاڕدرێ

9/12/2020 5:49:00 PM
مەهدی کاوانی

وەختی خۆی مەبەستم لە یەکەمین خولی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردن و ٢٥ کورسیەکەی، ھەر یەکێک لە ئەندامانی تەیاری دینیتان بدواندبایە، دەیانگۆت کورتھێنانی ئێمە ھەمووی لەبەر بەشداری کردنی حکومەتمان بوو و بزوتنەوەی گۆڕان ئەو ھەلەی قۆستەوەو زیچی(پڕی) کرد .
بە بڕوای خۆم ئەگەر بۆ ئەوکاتی ئەوھای لێ بکەوێتەوە کە ھەم گوزەرانی خەلک باش بوو ھەم جولەی ئابوریش ھەبوو و نیوە موچەو چارەگە مووچەش نەبوو  و ئێستاکە ئەمانە غایبن .
ھەر ئەوە نا ئەدی ئەو کەرت بوونەی گۆڕان . ئەوانەی کە کەوتوونەتە دەرەوەی گردەکە بە حەق بێت یان ناحەق لە قسەی خراپ بەو لاوە ھیچی تر بۆ جەماعەتی گردەکە نانێرن ، ھەڵبەتە دیوە پێچەوانەکەش لێرەو لەوێ ، ھەر خۆی بەدەر دەخا  . 
ئەدی وەفاتی ناوەختی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا . 
ئەو پیاوە کاریزمایە ھەر بۆ خۆی دەیکردە نیوەی بزوتنەوەی گۆڕان و بە زیاتریشەوە . 
ھەتا ئەو پیاوە مابوو ، قیادەکانی یەکیەتی بە ھەمووانیانەوە ، ھەتا ئەگەر ئاکەشیان نەگۆتبایە ، شەرمیان دەکرد ناکە بڵێن ، ئێستاکە ھەر یەکەیان بگریت و خۆیان بە ھیچ لە سەرکردەکانی گۆڕان ناگۆڕنەوە . یانی با ئێمە خۆمان ھەڵنەخەلەتێنین ، بڕوا بکەن ئەو پیاوە نەبووایە ، بزوتنەوەی گۆڕان ھەر دروست نەدەبوو . 
ئەوپیاوە بوو توانی دەنگی ھەموو ناڕەزایەتیەکانی خەلک بە ھەوادارانی حەرەکەی دینی ویەکیەتی و پارتیش لە ناو یەک خێمە کۆکاتەوە . ھەر ئەوەندە نا بەلکو میدیای ئازادو شەقامیشی خستە ناو خێمەکەی خۆی . خەلک بۆ ئەو کاتی دەیگۆت فێڵو تەزویر لە گۆڕان نەکرابایە ، کورسیەکانی گۆڕان بۆ ٤٠یش دەڕۆیشت . 
ئێستاکە میدیای ئازاد نەک بۆیان چۆلی کردووە بەلکو تا زۆر ڕادە دەیانکاتە شەریکی پارتی و یەکیەتی بە تایبەتی ئەمەکەی یەکەم . بینیشمان شەقام بە تێکڕا لە سەروی ٦٠٪‏ بایکۆتی ھەردوو دوا ھەلبژاردنی عیراقی و کوردستانی کرد کە نیوەی ئەو خەلکە دەنگدەری گۆڕان بوون و بۆ ئێستاکەش خراپتر لە باشتر . 
جڤاتی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی پێشتری بە ڕەھا باسیان لەوە دەکرد کە پارتی ، پێنج لە سەدی ئەوەی لە ناو بەرنامە چوونە ناو حکومەت کە واژۆشی لە سەر کردبوو ، جێبەجێی نەکردووە . نان بڕاوەکان بەشە ھەرە کەمەکەی ناویان دەناو لیستی گەڕانەوە دایە . پۆستە باڵاکان ھێشتا دوو بەشی ماوە کەدابمەزرێندرێن . دامەزراندنی نوێ وەک نەبێ وایە . ناو ناوە گوێ بیستی ئەوەش دەبووین کە وەزیرەکانی گۆڕان و دەسەلاتیان دەناو حکومەت ھەر ھەندی مدیر عامەک یان موستەشارەکی دەستڕۆیشتووی پارتی دەڕوا .
لەو کۆبوونەوەی ئەو جارەی جڤاتیش ئەو دەنگانە زیادی کردووە کە دەبێ گۆڕان لە ناو حکوومەت دەر بێ .
پارتی ویەکیەتی و ھەر یەکە بە دەوری خۆی جگە لە زۆنی حوکمرانی وابەستە بە خۆیان ، وەک حیزب و ھەر یەکەیان میزانیەکی زەبەلاحی حیزبیان بە دەستەوەیەو دەتوانن ئەگەر لە ڕێگای حکومەتیش نەبێ بە ڕێگای حیزب  ، زۆر شت بکەن . با لەبیر خۆشمان نەبەینەوە ، ئەگەر بە ڕێکارەکانی حکومەتیش نەبێ بە ڕێکاری خۆفەرزکردنی زۆنیان ، درێژە بە حوکمڕانی خۆیان دەدەن . 
بەمن بڵێن بزوتنەوەی گۆڕان ئێوە ھیچ لە گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەتان دەناودا ھەیە . بێشک وەڵامەکەی نەخێرە . بە من بڵێن ئەو ٢٥کورسی و ٢٤ کورسیەی لە دوو خولی ھەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکتری کەبە دەستان ھێنا ٩٠٪‏ لە ڕێگەی متمانەی شەقامی ناڕەزایی نەبوو . بەدوای ئەو دوو خولەش کە ژمارەی کورسیەکانتان بۆ نیوە کەمبۆوە ئایا لە ڕێگای لە دەست دانی متمانەی شەقام نەبوو. ئەدی بۆ ئەو جارە ئەگەر درێژە بەو خۆ سڕکردنە بدەن ، ئایا ئەو ١٢ کورسیەش نیواو نیو نامێنێتەوە ! .
بە بۆچوونی خۆم ، دەبێ گۆڕان گشت گیریەک بکات :
لە ناو ھۆڵی پەڕلەمان بە جوانی ورد بینی بکات ، کە پارتیەکان دەستیان بڵند کرد ئەوانیش وەک وان ئاسا دەست بڵند نەکەن ئەگەر بزانن ئەو بڕیارەی دەنگی بۆ دەدەن لە قازانجی شەقامی ناڕەزایی نیە ، ئەوە نەڵێن بۆ پارتی لە خۆمان زوێر بکەین ، یانی ئەمەش دەنگی پێ نەدەین پارتی بە زۆرینەی خۆی تێپەڕی دەکات . گۆڕان با وەھا بیر نەکاتەوە بەو سەنگەی ئێستا ھەیەتی ، دەرچوونی لە ناو حکومەت ھیچ لە مەسەلەکان ناگۆڕێ و یەکیەتی و ئیدیکە شوێنیان پڕ دەکەنەوە . سەنگی ئەوان و تەیاری دینیشی بخە سەر ، دەبێ بیر کردنەوەیان جیا بێت لە بیر کردنەوەی پارتی و یەکیەتی . ئەوان پارەو دەسەلات و حوکمڕانی زۆنیان لە بن دەستە ئێوە ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی شەقام پشتتان تێ بکات ، بە دواوە لە ھەیکەلێکی مردوو، ھیچی ترتان بۆ بەجێ نامێنێ . 
بە داخەوە ئێستاشی لە گەڵدابێ ھەر یەکە لە پارتی و یەکیەتی گرەو لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن و دەڵێن خۆی بداتە پاڵ ھەر یەکێک لەم دوانە باڵادەستی حەرەکەی سیاسی بۆ خۆی مسۆگەر دەکاو شتی تریشی بە دواوە دێت . دیسان بە داخەوە گۆڕان ڕێگاکانی گوشار نازانێ ئەگەر نا زۆر زۆرتری بە دەست دەھێنا . 
یەکیەتی و پارتی و ھەتا ئێستاکە دەسەلاتی حیزبیان بەھێز کردووەو حکومەت و پەڕلەمان و دەزگا یاساولەکانیشیان والێ کردووە کە  لە خزمەتی نوخبەی دەسەلاتەوە بن . 
گۆڕانیش بە پێچەوانە . ئەخر کوا حکومەت و پەڕلەمان ھی ئێوەیە تا خەمخۆری بیت و بەھێزی کەیت و حزبەکەشت لە بەر نەبوونی پارە خەریکی سواڵ کردن بێت . دەگۆڕان مادام ھەر دەچووی بۆ ناو حکومەتی پارتی ، مەرجی پێش وەختت مسۆگەر کردنی بودجەیەکی مەعقول بوایەو بۆشیان دەکردی . 
دە ئەوانەی دەرەوەی گردەکە، سەرزارو بن زارتان پارەی کۆمپانیای وشە نەبێ کە دەکاتە دڵۆپێ ئاو دەناو پەرداخێکی پڕاو پڕ لە چاو پارەکانی پارتی و یەکیەتی و ھەتا ئیدیکەش .
دەوەرن لە سەر مانەوەو نەمانەوە لە ناو حکومەت و مەلەفەکانی تر حیواری دۆستانە بکەن .
بە کوردی و کرمانجی ھەقە ئەو دووسێ مانگەی دادێ بزوتنەوەی گۆڕان مشوورەکی خۆی بخوات و ھۆشداری لە دوای ھۆشداری بداتە پارتی و پێیان بڵێ ئەگەر چاکسازی لە مەلەفی نەوت و باج و خەڕاجی گومرگەکان و چاکسازیەکی شەفاف نەکرێت ، ئێمەو بە دواوە دەناو حکومەتەکەتان نامێنینەوە . 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن