بازار بەرەو باشی دەڕوا، كاتیە یان نا
2/14/2023 4:37:00 PM
مەهدی کاوانی
ھاتنە خوارەوی دیناری عێراقی بەشە ھەرەزۆرەكەی دەرئەنجامی
سپی كردنەوەی پارەیە.
سپی كردنەوەی پارە، یانی كڕینی دۆلارێكی ھەرە زۆر لە بانكی
ناوەندی عێراقی و بانكە فەرعیەكان، كۆ بانكەكانی ھەرێم ، بە نرخی لە دەوروبەری ١٣٠
_ ١٣٤ ھەزار دۆلار بۆ سەد دۆلارو فرۆشتنی ئەو دۆلارە، بە خەڵك، با بۆ یەكەمین جاریش
بە ١٤٧ ھەزار دینار بووبێ بۆ ١٠٠ دۆلار . جیاوازی كڕین وفرۆشتنی ئەو دۆلارە لە
بانقی ناوەندی و بانقەكانی تر خۆی لە سەروی ١٠ دۆلار دەدات بۆھەر١٠٠ دۆلارێ و لە
كاتی بەرزبوونەوەكەش زۆر بە زیاترەوە بووە . تەنیا نوخبە دەسەڵاتە بەرزەكان و خاوەن
بانقەكان بەبێ سەنەداتی یاسایی بە شكلێكی ھەرە فراوان ئەو پارەیە لە بانكی ناوەندی
ڕادەكێشن و جیاوازیەكەش لە ڕێگای ساڵانێكی زۆرەوە كە دەگاتە دەستی ئەو نوخبە دەسەڵاتە
یەكجار زۆرە . كەدەڵێن لە ڕێگای سپی كردنەوەی پارە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ی كەسە
دەست ڕۆیشتووەكان نەك بە ناوی خۆیان بەلكو بە ناوی خوازراوەوە لە بانكە جیھانیەكان
دانراوە، زۆر زۆر ڕاستی تیا ھەڵدەگرێ .
ھەڵبەتە وەك بڵێین ئەی بۆ ئێستا ئەو كارتێكردنە لە ھاتنە
خوارەوەی بەھای دیناری عیراقی خۆی نیشان دەدا كەچی ئەو سپی كردنەوەی پارە مێژووەكەی
زیاتر لە ١٠ ساڵ دەبێت .
سپێری پارەی عیراقی و ئێستاكە لە سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلارە
. ئەو سپێرە ھەرە زۆرەی دۆلارو ناردنە دەرەوەی ڕۆژانەی نەوت بە زیاتر لە ٣ ھەزار بەرمیل
ڕۆژانەو بەو نرخەجیھانیە ھەرە بەرزەی ، ھۆكار بووە كە دیناری عیراقی وا بە ئاسانی
بەھاكەی خۆی لە دەست نەدات ، بەڵام كە كوپ پڕ بوو لە سەری دەڕژێ ، واتە چوونە دەرەوەی
دۆلار و دانانی لە بانقە جیھانیەكان ، ئەوەندە فراوانە كە وای كردووە پارەی فرۆشتنی
نەوتیش بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی ناردنە دەرەوەی دۆلار نەگرێ .
ھۆكاری تریشی ھاتۆتە سەر ئەویش كەم بوونەوەی متمانەیە بە دیناری عیراقی و لە ئەنجامدا ھەر ھەموو خاوەن
پارە دارە بچووك و مام ماوەندی و گەورەكان ، پارەی زیادەی خۆیان بەدۆلار ھەڵدەگرن
و بە ھۆشیەوە چەندی لە ڕێگەی سپی كردنەوەی پارە ، دۆلار لە عیراق دەڕوا ڕەنگە بە ھەمان
قەوارەش دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بانكی دەردەھێنرێ و خەلك وەك زێڕ لە ماڵەكانی خۆی پاشەكەوتی
دەكات كە ئەمەش زیانێكی ھەرە گەورە بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگات چونكە ھەتا ئاڵوگۆڕی
پارە لە ھەر وڵاتێك خێرا تر بێت ، پێشیەوە ھەم بەھای پارەی ئەو وڵاتە زیاد دەكات ھەم
پێشڤەچوونی ئابووریش بەخۆوە دەبینێ .
ئەمەریكیەكان دەڵێن لە ڕێگەی سپی كردنەوەی دۆلار ، دۆلارێكی
زۆر بۆ ئێران دەڕوات . ئەمەیان ڕاستە بەڵام یەكێكە لە كەناڵەكانی كەم بوونەوەی دۆلار
لە بازاڕ .
بە بۆچوونی خۆم ئەو سپی كردنەوەیە دۆلارە ، بەشەھەرە زۆرەكەی
، بێتوانایی بانكی ناوەندی عیراقە لە بەردەم كەسە دەستڕۆیشتووەكانی دەسەڵات كە بە
ئاڕەزوی خۆیان پارە لە بانقی ناوەندی ڕادەكێشن و پێیەوە ئالوگۆڕی دراوی پێ دەكەن و
دواتر زیادەكە بە ناوی كەسی نادیار ، دە بانقەكانی جیھانی دەكەن و بچووكترین بەلگەش
نادەن بە دەستەوە وەك گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی .
چارەسەری كێشەكە وەك ڕایخۆم بەوەوە دەكرێت كە بانقی ناوەندی
بە دۆلارێكی دیاری كراو بۆنموونە ھەر ڕۆژەو ٢٠٠ ملیۆن دۆلار پارە بداتە بانقە فەرعی
و بزنس مان و ھەتا خەلكی تر واتە سەرچاوەكانی ڕاكێشانی دۆلار لە بانقی ناوەندی بەرفرە
بكرێ نەك ھەر تەنیا كەسە دەستڕۆیشتوەكانی دەسەڵات بگرێتەوە . ھەروەھا دەبێ دیراسەی
بازاڕیش بە بەردەوام بكات تاوەكو بزانێ نرخی دۆلار چەندە . ھەوڵی ئەوە بدات كە ڕاكێشانی
پارە لەبانقی ناوەندی ونرخی پارە لە بازاڕ لە سنوری كەمتر لە پێنج دۆلار بێت بۆ سەد
دۆلار .
تا پێشیان بكرێ دەبێ ڕۆیشتنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە سەنەداتی
یاسایی بكەن ، بۆنمونە دەبێ ئەو كەسە یان جھەتەی دۆلار دەباتە دەرەوە كە دەبێ زیاتر
تەركیز بكرێتە سەر كڕینی شتومەك بە دۆلار و لیستی كڕینی ئەوشتومەكانەیان پێ بێت كە
نزیكی یەكسان بێت لەو دۆلارەی لە بانقی ناوەندی ڕایدەكێشێت .
وا بزانم خەزانەی ئەمەریكیش كە بەدواداچوون و چاودێری ئەو
دۆلارەی لە ئەمەریكاوە دێت لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتی عیراقی دەكات . دەیەوێ ئالیەتێكی
وەھا لە نێوان خۆیان و بانقی ناوەندی دابڕێژن كەھەم لە لایەكەوە ڕاكێشانی پارە لە
بانقی ناوەندی فرە بكرێت واتە بزنسمان و كەسانی تریش بگرێتەوەو قەوارەكەشی دیاری
بكرێت ھەمیش ئالیەتێكی وەھاداڕێژن كە بۆ لەمەودوا نوخبەی دەسەڵاتی دەست ڕۆیشتو نەتوانێ
بە ئارەزوی خۆی وازی بەو مەسەلەیە بكات .
وەك دیارە نوخبەی دەسەڵات بە قسە ناڵێن ملكەچی یاسا نوێكە
نابین بەڵام كردار مەرجە .