756وتار

ترسی ئەمەریکا لە ھواوی و گەشەی چینی لە شوێن خۆیەتی، بەس مەفەر چییە؟

8/21/2019 4:09:00 PM
مەهدی کاوانی

ھەمووان زیانبەخشن لە دانانانی کۆت و زنجیر لە گەشەی ئابووری جیھانی .

بەردەوامی ئەو کۆت و بەندانە، قەیرانە ئابووریەکەی ساڵی ١٩٢٩ و بە دەقات و  بە زیاترەوە بە سەر کۆمەڵی جیھانی دووبارە دەبێتەوە.

ئەو ئاماژانە ھی من نین. قسەی گەورە ئابووریناسانی جیھانییە، لە چینەوە دەست پێ بکە دواتر بۆ ئەمەریکا، ئەوروپا، ژاپۆن.....ھتد.

ئابووریناسێکم نەدۆزیوەتەوەو بڵێ کۆت و زنجیری ئابووری فڵانە وڵات قازانجی لێ دەکات.
پێش ھاتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئەو کۆت و بەندە ئابووریە ئەمەریکییە لێرەو لەوێ و لەسەر ھەندێ کەلوپەلی دیاریکراو ھەبووە، بەڵام تا بڵێیت سنووردار بووە. بەس ترەمپ ئێستاکە ھەموو سنوورەکانی نێونەتەوەیی ترازاندووەو تەنانەت بەرامبەر بە دۆستەکانی خۆشی دەستی پێکردووە، ئەویش بە دانانی باج و بە شێوەیەکی فراوان بەسەر ئەو کەلوپەلە بیانیانەی کە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھاوردە دەکرێن .
ئەو باج خستنە سەر کەلوپەلەکان لەچینەوە دەست پێ بکە بۆ کەنەدا، مەکسیک، ئەوروپا، یابان و تورکیاشی بخە پاڵەوە .
ئەوەی من دەمەوێ لە بابەتەکەمی چڕ کەمەوە، ئەو دوو زەبەلاحە ئابورییە جیھانیەیە کە ئەمەریکاو چینن .
بیانووی دۆناڵد ترەمپ لەمەڕ باج خستنە سەر کەلوپەلە چینیەکان کە دێنە ئەمەریکا ئەوەیە کە دەڵێ ئالوگۆڕی بازرگانی ئێمە لەگەڵ چین، ئەمەریکا بایی ٨٠٠ ملیار دۆلار عجزی بازرگانی بە قازانجی چین، تووشی بووە. ٥٠٠ ملیار دۆلار لەوەوە ھاتووە کە ھاتنە ناوەوەی کەلوپەلە چینیەکان زۆر زۆر زیاترە لە چوونە دەرەوەی کەلوپەلە ئەمەریکیەکان بۆ ناو چین .
٣٠٠ ملیار دۆلاریش زیانی ئەمەریکایە لەمەر ئەو پابەند نەبوونی چین بەسەر (حق ملکیة الاختراع الأمريكي ).
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ بە ئەوخستنە سەر باجەمان بەڕێژەی٢٥٪‏، دەتوانین بای٢٠٠ ملیار دۆلار زیان بەسەر کۆمپانیا جیھانیە چینیەکان بگەیەنین .
لە بەرامبەریشدا چین نەیشاردۆتەوە لەو زیانانەی دەرئەنجامی ئەو خستنە سەر باجە کە لێیان کەوتۆتەوە، بەڵام ئەوانیش بەھەمان ڕێژە واتە ٢٥٪‏ باجیان خستۆتە سەر کەلوپەلە ئەمەریکیەکان و بەپێی لێدوانی ئابووریناسان ئەمەریکاش بە بڕی ٦٠ ملیار دۆلار، زیانی بەردەکەوێ .
لەلایەکی تریشەوەو لەڕێگەی بەردەوامی دانی ئەو دوو ھەرە گەورە ئابوورییە جیھانییە بە وتووێژەکانیان بۆ ئەوەی ڕێوشوێنێکی ئابووری گونجاو بگرنە بەر تا وەکو ئەو باج خستنە سەر کەلوپەلی یەکتر لە سنوورێکی دیاریکراو بوەستێندرێ، و تاوەکو ئێستا دەرئەنجامێکی وەھای لێ نەکەوتۆتەوە. ئەویش زیاتر بە گوێنەدانی چینە بەرامبەر ئەو خستنە سەر باجانەی کە دەخرێتە سەری و ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن کە وێڕای ئەو زیانانەی لە وڵاتی چین دەکەوێ بەڵام بەھێزی ئابووری وڵاتەکەی وەک دووەم گەورە بەھێزی ئابووری جیھانی، ئەمەریکا ناتوانێ تا سەر ڕێگە لە پەرەسەندنەکانی چین بگرێ .
مەترسی ئەمەریکا لە گەشەی ئابووری چین کە بە گوێرەی لێدوانی ئابووریناسان لە ساڵی ٢٠٣٠ پێش ئەمەریکا دەکەون، زیاتر لەوەوە دێت کە گەشەی ساڵانەی چین 06% و ھی ئەمەریکاش 03%ە، ھەر تەنیا لە ئێستای حوکمرانی ترەمپ دەرنەکەوتووە بەڵکو زۆر پێش ئێستاکەیە .
ئەوان دەڵێن ئەو گەشە ئابووریەی چینی ئەگەر ڕێی پێ نەگیرێ، مەترسی زۆر دەخاتە سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا .
چینیەکان دەڵێن ئەو ھاتنە خوارەوەی گەشەی ئابووری چینی دەرئەنجامی تەنیا ھی خستنە سەر ئەو باجانەوە نییە بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش ٢٠٠٩ ئەوەش دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی پلانی ئابووری چینەوەیە کە بۆ لەمەودوا نابێ چین تەنیا پشت بە ناردنە دەرەوەی کەلوپەلەکانی بدات بەڵکو دەبێ پشت بە زیادکردن و پەرەسەندنی بازاڕی ناوخۆش بدات و لەو نێوەندەدا با گەشەی ساڵانەیان کورتیش بێنێ، بەڵام لە بەرامبەردا بازاڕی ناوخۆش دەبوژێننەوە واتە ئەوان گۆڕانکاری بە سەر بونیەی ئابووری خۆیان ھێناوە بەوەی لە ڕێگای بردنە دەرەوەی کەلوپەلەکانیان و فراوانکردنی بازاڕی ناوخۆیان، نایەڵن گەشەی ئابووری چین بوەستێندرێ .
گەورە ئابووریناسانی ئەمەریکی و ئەوروپی و ئیدیش ھەر وا دەڵێن .
ترەمپ و بە بۆچوونی گەورە ئابووریناسانی جیھان وای بە مێشکیا دەھات کە لە ڕێگای خستنە سەر باج داھاتێکی زۆر کە بەسەدان ملیار دۆلار بۆ ئەمەریکیەکان، مەزندە دەکرا، دەگێڕدرێتەوە بۆ خەزانەی ئەمەریکی و پێیەوە بۆ دووبارە خۆکاندید کردنەوەی بۆ چوونە کۆشکی سپی سەرکەوتن بە دەست دەھێنێ و حیسابی ئەوەی نەدەکرد کە پەرچە کرداری ئەو وڵاتانەی کە باجیان خراوەتە سەر بەتایبەتی چین، ھاوکێشەکەی لێ پێچەوانە دەکەنەوە .
زیاد لەوەش نە ئەوروپا وە نە یابان، نەھاتنە ژێر بار بۆ ئەوەی ئەوانیش ھاوشێوەی ئەمەریکا ئەو باج خستنە سەرانە بخەنە سەر چین .
خەریکە لە ڕووی پەرەپێدان و گەشەی تەکنەلۆجی و بەرائەت ئیختراع، چین بە پێش ئەمەریکا بکەوێ . مۆبایلی ھواوی لە نوێترین فۆڕمیدا زۆر بە پێش ئایفۆن و سامسۆنگ، کەوتووتەوە . جگە لە تەفەوقی تەکنەلۆجیای لەناویدایە، جگەلەو کامێرایە ھەرە پێشکەوتووەی پێشەوەی، دوو کامێرای تریش لە پشتیەوە بەستراوە کە بۆتە ھۆی سەرسوڕمانی ھەردوو کۆمپانیای ئەپڵ و سامسۆنگ کە وا بە خەیاڵیاندا دەھات کە وێنەیان نییە لەناو پێشبڕکێی جیھانی و ئەمەریکیەکان دەڵێن ھواوی مەترسیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکی بەھۆی ئەوەی لەناویدا وەھا ڕێکخراوە کە بتوانێ ھەموو تۆڕە جاسوسیەکانی ئەمەریکی کەشف بکات و . ھەر بۆیە داوایان لە کۆمپانیا ئەوروپیەکان و ھی خۆیان کردووە کە ھاوکاری گەشەسەندنی ھواوی نەکەن، بەڵام کۆمپانیا ئەوروپیەکان و ھی تریش بە تەک داواکەیان نەھاتوون .
مۆبایلی ھواوی و بەو فۆرمە نوێیەی کە بەمزووانە دەخرێتە ناو بازاڕی جیھانی، دەکاتە گەورەترین و سەرسوڕێنەرترین تەکنەلۆجیای جیھان، بەس ئەم جارەیان ئەو پەرەسەندنە تەکنەلۆجیە دەکەوێتە خانەی لەسەر دەستی نەیارەکانی ئەمەریکی و بگرە ئەوروپی و یابانیش
وەک دەڵێن ئەو مۆبایلە جگەلەوەی بە چەند قات متەفەوقە بە سەر مۆبایلەکانی تر، پێ دەچێ نرخەکەشی لە ھەردوو مۆبایلی ئایفۆن و سامسۆنگ بە فۆڕمە نوێکانیانەوە کەمتر بێت .
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکی و ئێستاکە، ھێدی ھێدی لەوە دەگا کە لە لایەکەوە ناتوانێ ڕێ لەو گەشە ئابووریەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەی چینی بگرێت و لەلایەکی تریشەوە ئەو باج خستنە سەر کەلوپەلە چینیەکان نەک دوو سەرەیە، بەڵکو سێ سەرەو چوار سەرەشە. ئەو لەوە گەیشت بابتوانێ پێیەوە بە دەیان ملیار دۆلار بخاتە سەر خەزانەی ئەمەریکی بەس لە لایەکی تریش ھەم گەشەی ئابووری وڵاتەکەی پێدێتە خوارەوە ھەم چینی مامناوەندو ھەژار پێیەوە زەرەرمەند دەبن بەتایبەتی ئەوانەی لەناو کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی کار دەکەن، بە ھۆی بەرزبوونەوەی  نرخ لەسەر کەلوپەلەکان و دەشزانی ھەر ئەو دوو چینە بوون کە ئەویان بردە ناو کۆشکی سپی .
بەپێی ئەو زانستەی لە ئابووریناسە خاوەن ئەزموونەکان، فێرمان دەکات. با باج خستنە سەر کەلوپەلەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێگەیەکی لاوازی ئابووریان ھەیەو لەپێناو پاراستنی ئابووری نیشتمانی خۆیان ناتوانن بەرگری ئابووری وڵاتانی بەھێز بکەن، بۆیان تەندروست بێت، بەڵام بۆ وڵاتە بەھێزەکان بەتایبەتی ئەو دوو زەبەلاحە ئابووریە جیھانیە بەھێزە، پەنابردنیان بۆ باج خستنە سەر کەلوپەلی وڵاتانی تر، پێیەوە ھەڵاوسان واتە ھاتنە خوارەوەی بەھای پارەکانیان، دێتە خوارەوە .
دیسان باج خستنە سەر کەلوپەلەکان لەلایەن ئەو دوو زلھێزە ئابووریە، زیانی ھەر تەنیا بۆ وڵاتانی خۆیان نابێت بەڵکو تێکڕای وڵاتانی جیھان پێیەوە زیان بەخش دەبن. بە نسبەت وڵاتانی کەنداو و تێکڕای وڵاتانی تری دەرھێنەری نەوت و گاز زەرەرمەند دەبن و لە ھەر دابەزینێکی ئابووری جیھانی نرخی نەوت و غاز دێتە خوارەوە .
ڕەنگە تاڕادەیەک بۆ وڵاتە دواکەوتووەکان ئەو زیانە ئەوەندە زۆر نەبێ و بتوانن لە ڕێگەی ئەو بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکان و بە ناچاری پەنا ببەنە بەر گەشەی بەرھەمی ناوخۆیی، ئیدی ئەوانی لێ دەرکە باقی وڵاتانی تری جیھانی زیان بەخش دەبن و پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێ قەیرانی ئابووری ساڵی ١٩٢٩ کە دەکاتە ٩٠ ساڵ بەر لە ئێستاو بە دژواری دەقات و بە زیاتریشەوە لەو قەیرانی ئەوکاتی یەقەی کۆمەڵی مرۆڤایەتی بگرێتەوە .
ئێستاکە ترەمپ وەک بڵێین نە شیش بسوتێ نە کەباب، لەناو ئەو گفتوگۆ ئابووریە بەردەوامانەی لەگەڵ چین ھەیەتی، ڕێگا چارەیەکی مامناوەند بدۆزێتەوە . چەندی سەردەکەوێ ناکەوێ، ئەوەیان نازانم بەس بەگوێرەی ڕاگەیاندنە چینیەکان، پێ ناچێ چین لە تەنازولاتێکی کەم بەو لاوە ھیچی تر بکات. ترەمپیش خەریکە لە قەلیش دەبێ و لە کۆتریش. چونکە ئەگەر لەو خستنە سەرباجە پەشیمان بێتەوە، متمانەی دەنگدەری ئەمەریکی بۆی زۆر کەمدەبێتەوەو ئەمەریکاش لەبەردەم چین و جیھان بە دۆڕاو حیساب دەکرێ. ئەگەر پەشیمانیش نەبێتەوە، جگە لە عەواقبی ماوە درێژ کە بە دواوەی دێتەوە، دەنگدەری ئەمەریکیش لە ڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکانیان، وەک جاری جاران بە حەماسەوە دەنگی پێ نادەن .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن