370وتار

ئەمەریكیەكان بە بیركاریش لێكدانەوە دەكەن لە سەر شەڕی ڕووسیاو ئۆكرانیا

11/4/2022 9:40:00 AM
مەهدی کاوانی



وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی تازەیدا دەڵێ دوژمنی سەرەكی ئێمە چینە نەك ڕووسیا . دەشڵێ ڕاستە ڕووسیا مەترسی ترسناكی بە سەر ئێمەوە ھەیە ، بەڵام ناتوانێ بۆ دوور مەودوا لە گەڵمان بجەنگێ . دژایەتی كردنی ئێمەش بۆی تا ئەو ئاستەوە دەبێت كە مەترسیەكانی لە سەرمان بڕەوینەوەو ملكەچی خۆمانیان بكەین . بەڵام چین جودایە ، دوژمنی ستراتیجی مەودا دوورمانە ، ڕكەبەری ھەرە گەورەی ئابووری وستراتیجی دوورمان دەبێت و توانای بەرگری كردنی لە دژمان لە ھەموو ڕوێكەوە ھەیە .
وەزیری دەرەوەشیان گوتوویوتی سەركەوتنی ئێمە بە سەر رووسیادا و پێیەوە چینیش بە دواوەی دێت بەڵام ئەگەر ڕووسیا سەركەوێ ، مانای كوتایی ھاتن بە زەبەروتی ئەمەریكا ناگەیەنێ ، جیھانیش بە دوایەوە پێ دەنێتە دوو قوتبی .
سەرۆكی چینش پاش درێژكردنەوەی ولایەتی سێی لە كۆنگرەی پارتی كۆمەنیستی چینی ، گۆتبووی نایەڵین ڕووسیا بكەوێ چونكە ئەگەر ئەوە نەكەین ، نۆرەی ئێمەش دێت . گوتووشبوی ستراتیجە دوور مەوداكانمان ناكەینە قوربانی دەسكەوتە ئابووریەكانی ئێستامان لە گەڵ ئەمەریكاو ئەورووپا .
شەڕی ئێستای ڕووسیاو ئەوروپاش ھەر چەندە مەترسی ھەرە گەورەی شەڕی جیھانی سێی لێ دەكەوێتەوەو كە پێیەوە بۆ دەیان سەدەش پێشكەوتنەكانی مرۆڤ بەرەو دواوە دەبات و ھیچ وڵاتێ تیایا سوود مەند نابێ ، بەڵام لە ناوەرۆكیشدا شەڕ شەڕی ئابووری ھەموو جیھانە . شەڕ شەڕی بەرژەوەندو ملشكاندنی ئەمو ئەوی ترە بە دۆست و دوژمنەكان .
ئەوتا ئەوروپا جگە لە خۆپیشاندانە ھەرە فراوانەكانی وڵاتانیان لەدژی شەڕو ئەو لێكەوتە خراپانەی بە دواوە ھاتووە كە خەریكە ئابووری ئەو وڵاتانە بەرەو ئیفلیج بوون دەبات . ھۆكارەكەش ئەو كۆمەكە ئابوریە جەنگیەی فراوانیان بۆ ئۆكڕانیەكان و بەرز بوونەوەی نرخی نەوتو گازی سروشتی و دانەوێڵەو ئەم و ئەوی ترو سەرباری ئەو ملیۆنەھا كۆچبەرەی كە لە ئۆكڕانیا ڕوویان تێ دەكات . لە ڕووی تەبەقەی سیاسی و فەرمانڕەواكانیشیان جیاوازیەكی زۆریان لە گەڵ بەڕێوەبەرایەتی واشنتۆن دا ھەیە ھەرچی ئەمەكەی یەكەمە دەڵێن دەبێ شەڕ ڕابگیرێ و بكەوینە ناو گفتو گۆ لە گەڵ ڕووسەكان و ئەمری واقیع قبوڵ بكەین . ھەرچی ئەمەریكیەكانیشن ئارەزووی بەردەوامی دان بە شەڕەكەنە .
لە ناو خودی ئەمەریكاش كۆماریەكان بانگێشەی یەكەمیان لە ھەڵبژاردنی نیوەیی ئەمەریكا كە مانگێك و چەند ڕۆژیان ماوەو دەڵێن بە سەركەوتنمان لەو ھەڵبژاردنە نیوەییەدا ، ڕاگرتنی شەری ڕووسیاو ئۆكڕانیا دەبێت . ڕاستە تا ئێستا دۆلار بەرزبوونەوە بەھاكەی لە دەست نەداوەو لە چاو یۆڕۆ و پاوەند بەھاكەی زۆربەرز تر بۆتەوە بەڵام ھەر ھەمووی لە ڕێگەی كڕینی دۆلارەكانی كە لە وڵاتانی جیھانەوەیەو كە پێیەوە داوا لە سەر دۆلار زیاد دەكات . لێرەش ئەو تەزەخومە مالیەی كە ڕێژەكەی لە سەروی ١٠٪‏ و بە زیاتریشەوەیە و ھاوشانی تەزەخومەكانی وڵاتانی ئەوروپیە بەبەریتانیاشەوە .
دیسان ئەگەر بە دیوی ئابووری سەیری ناكۆكیەكانی ئەمەریكاو چینەوە بكەین لە سەر تایوان ، لێرەش زۆر ھەڵدەگرێ .
ئەگەر چین سەركەوتوو بێت لە خستنە پاڵ تایوان بۆ نەتەوەی چینی دایك جا چ بە شەڕەوە بێت یان بە ئاشتی و گفتو گۆ ، لەو حالەتەدا ئەمەریكا ڕەقایقی ئەلكتڕۆنی تایوانی لە دەست دەدا . دەبێ ئەوەش بڵێین ٩٠٪‏ ڕەقایقی ھەرە پێشكەوتووی جیھانی كە دەچنە ناو پیشەسازیە ئەلكتڕۆنی و پیشەسازیە نوێكانەوە بە پیشەسازی جەنگیشەوە لە تایوان وەبەرھەم دەھێنرێ .
ئەو رەقایقە ئەلكترۆنیە ھێشتا لە دەرەوەی كۆنتڕۆلی چیندایە و لە گەڵ ئەوەشەوە پەرەسەندنە ئابوریەكانی چین ، ئەمەریكای تۆقاندووە ، ئەدی ئەگەر رەقایقە ئەلكترۆنیاكانیش پاش خستنە پاڵی تایوان بۆیانەوە ، چی بە سەر ئایندەی پەرەسەندنەكانی پیشەسازی جیھانی بە ڕووی چینەوە دێت و چ كارەساتێك لە ڕوانگەی تەفەوقی پیشەسازی بە سەر ئەمەریكادا دێنێ .
ئەوەی ماوەتە بڵێین ، جۆبایدنی سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ پێش دەستپێكردنی ھەڵبژاردنی نیوەیی و بە ھەر نرخێ بێت ھێزەكانی ئۆكرانیا لە بەرەی خیرسۆن سەركەوتنێك بەدەست بێنن و تا بیكاتە پێشڤەچوونێكی ئۆكرانیا لە شەڕكردنیان لە گەڵ رووسیاو پێیەوە سەرنجی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنی نیوەیی بە لای خۆی ڕاكێشێ و بە ھۆیەوە بردنەوەی دیموكراتەكان لەو ھەڵبژاردنە نیوەییە مسۆگەر بكات . دەبێ ئەوەش بڵێین ئەگەر كۆماریەكان زۆرینەی پەڕلەمان ببەنەوە ، ئەو كاتەو بە دوایەوە بۆ جۆبایدن وەھا ئاسان نابێت كە بتوانێ ھەموو بڕیارەكان بە ئارەزوی خۆی تێپەڕێنێ .
منیش دەڵێم شەڕی ڕووس و ئۆكرانیەكان لە بەرەی خیرسۆن ، تا مانگی دوازدەو پێیەوە ئۆكرانیەكان نەتوانن سەركەوتنێكی ئەوتۆ بەدەست بھێنن و بە دوایە زستانێكی تا بڵێیت ساردو سوڕ ڕوو لە ناوچەكە دەكات و بە گوێرەی جیوپۆلەتكی ناوچەكەو بەراوردی كەرستەی جەنگی ڕووس و ئۆكرانیا ، چەنسی رووسەكان لە بەرەنگار بوونەوەكان لە ھی ئۆكرانیەكان زیاتر دەبێ و با چاوەڕوانبین .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن