569وتار

چەکی نەوەوی ئێران، لە نێوان ڕێکەوتن و ڕێگریەکانی

2/11/2021 10:50:00 AM
مەهدی کاوانی


ئیسرایلیەکان بوونەتە دوو بەش . پارتی لیکۆدی ئیسرایلی و لە پێش ھەموویانەوە ، بنیامین ناتەنیاھۆ ی سەرۆکیان ، دەیەوێ ئیدارەی جۆ بایدنیش درێژە پێدەری بەڕێوەبەرایەتی دۆنالد تڕەمپ بێت کە گفتوگۆکانی ئێران و ئەمەریکا لە لایەکەوەو گفتوگۆکانی ٥+١ ی لەگەڵ ئێران سەرنەگرێ .

پارتی ئەخزەر ئەبیەزی ھاوبەشە حوکمی ئەو خولەی ئیسرایلیش لەگەڵ پارتی لیکۆد کە نەتەناھۆ سەرکردایەتی دەکات ،  لە گەڵ ئەوەیە کە نەرمی بنوێنن لە گفتوگۆکانی تیمی ئەمەریکی و پێنج ئەندامە ھەمیشەیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەلمانیا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە نەوەویەی کە پێشتر کرابوو .

تیمەکەی نەتەنیاھۆ و بە بۆچوونی خۆم زیاتر پەیوەندی بە ھەلبژاردنە پێشوەختیەکەی ئیسرایلە کە بەو زوانە دەکرێ . گەڕانەوەی گفتو گۆ لە گەڵ ئێران ، چەنسی بردنەوەی نەتەنیاھۆ لە ھەلبژاردندا ، کەم دەکاتەوە ، بۆیە تا پێی بکرێ گرێ کوێرە لە مەڕ سەرکەوتنی دانوستان دروست دەکات .

ئێران ولایەنی گفتوگۆ لە گەڵی لە ئێستاوە حەبل حەلێنەیانە و ھەر یەکە لێیان دەیەوێ حەبلەکە زیاتر بە لای خۆی ڕاکێشێ .

ھەندی ئێرانە دەڵێ تۆپەکە لەدیوی ئەمەریکایە و لە سەر چەکی نەوەوی پێویست بە گفتوگۆی نوێ ناکات و ھەر کاتێ ئەمەریکا پابەند بوونی خۆی نیشاندا بۆ گەرانەوە بۆ ڕێکەوتنە پێشتریەکە دەبێ ئەو گەمارۆ ئابووریەی سەردەمی ترەمپ لە سەرمان ھەلگرێ و بە دوایەوە ئێمە دەوەستین لە پیتاندنی یۆڕانیۆم و سووربوونی خۆمان لەسەر خالەکانی ڕێکەوتنەکە  ، دەپارێزین .

ھەندی لایەنی ئەمەریکی و ئەوروپیشە دەیانەوێ وردبینی زیاتر بکەن لەو ماوەیەی کە ئیدارەی پێشووی ترەمپ پاشگەزبوونی خۆی لە ڕێکەوتنەکەنیشان داو بە دوایەوە ئێران دووبارە دەستی بە پیتاندنی یۆڕانیۆم کردۆتەوە .
ڕێکەوتنە نەوەویەکەڕێگەیان بە ئێران دابووبە ڕێژەی ٣،٦٧٪‏  ی یۆرانیۆم بپیتێنێ و ئێستاکەوبە گوێرەی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئێران ، پیتاندنەکە گەیشتۆتە ٢٠٪‏ .

حکومەتی ئێران دەڵێ پەلەمان نیە لە مەڕ گەڕانەوەی ڕێکەوتنە نەوەویەکەوەو ئیسرایلیش ھۆشداری بە دوای ھۆشداری دەدات کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی نەوەوی .
جۆ بایدن لە حەملەی ھەلبژاردندا گۆتی بۆ ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەکی نەوەوی، ئەگەر بگەمە کۆشکی سپی ، وتووێژەکان لە گەل ئێران دەست پێ دەکەمەوە و ئێستاکەش و بۆ ھەمان مەبەست ، تیمی وتووێژی لە گەڵ ئێران دروست کردوەو وەزیرە دەرەوە نوێکەی ئەمەریکاو ئەو تیمەی لە گەڵیەتی ماوەی چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا ، چووبوونە ئیسرایل . دیارە چوونی ئەو تیمە بۆ وێندەرێ ، زیاتر بۆ ڕازی کردنیانە لە مەڕ دەستپێکردنەوەی وتووێژ لە گەڵ ئێران .

ئەوەی ئێستاکە مەترەحە بۆدەسپیکردنەوەی وتووێژ لە گەڵ ئێران بە نسبەت لایەنی ئەمەریکی و ئەوروپی  ، بە بۆچوونی خۆم ، دوور خستنەوەی یۆڕانیۆمە پیتاندنە زیاد لە ٣،٦٧٪‏ کە بۆ دەرەوەی ئێران و دەشیانەوێ موشەکە بالستیکیەکەی ئێران بە گفتوگۆکان ببەستنەوە کە دەکاتە ڕێکەوتنی نوێ و پاشان گەمارۆی ئابووری لە سەر ئێران ھەلگرن . ھەندی لایەنی ئێرانیشە تا ئێستا ھیچ ئیزافەیەکی لە سەر ڕێکەوتنەکە قبول نەکردووەو گەڕانەوەش بۆی کردۆتە ھەلگرتنی سزا ئابوریەکان لە پێشدا .

ڕووسەکان و ئێستاکە بە تەواوەتی کەوتوونەتە سەر خەت و بە ئەوروپیەکانیان گۆتیە با پێکەوە لەمەڕ گەڕانەوەی ڕێکەوتنی پێشتری ٥+١ پێنج ئەندامە ھەمیشەیەکەی نەتەوە یەک گرتووەکان و ئەلمانیاش لە گەڵی کاری لەسەر بکەین و تا دەیگێڕینەوە سەر سکە ئاسایەکەی ساڵی ٢٠١٨ .

ڕووسەکان و لەو خۆتێھەلقورتانەداو بە داواکردنی کارپێوەکردنی ھاوبەشیان لە گەڵ ئەوروپیەکان بۆ ئەو مەسەلەیە ، زیاتر بۆ ئەوەیانە ڕێکەوتنەکە نەوەکا ئەمەریکیەکان بیانەوێ ئیزافەی تری بخەنە سەر ، واتە  وەک ھەبوو و بەبێ ئیزافە خستنە سەر ، دووبارە واژووی لە سەر بکرێ .

نابێ ئەوەش لە بیر خۆمان بەرینەوە کە پەیوەندی یەکیەتی ئەوروپا لە گەڵ بەڕێوەبەرایەتی جۆبایدن ، گەلێ لە پەیوەندیە پێشتریەکەی سەردەمی ترەمپ بەھێز تر دەبێ . واتە ئایا ئەوروپیەکان لە مەڕدۆزینەوەی ڕێگا چارە زیاتر بەلای ئەمەریکیەکان دەچن یان ڕووسەکان . دەبێ ئەوەش بڵێین دەرچوونی ئەمەریکا لە سەردەمی دۆنالد ترەمپ لە ڕێکەوتنی ٥+١ ، زیانێکی بازرگانی گەورەی بە ئەوروپا گەیاند بۆیە پێموایە ئەوروپیەکان بە چارەسەری مامناوەندیش لە نێوان ئێران ، روسیاو چینیشی بخە پاڵ لە گەل لایەنی ئەمەریکی ، ڕازی دەبن .

ھەلگرتنی کۆمەکی شەڕیش لە لایەن جۆ بایدن لە سەر سعودیەو ئیمارات لە شەڕکردنیان لە گەڵ حوسیەکان لە یەمەن و ڕاگرتنی فرۆشتنی فڕۆکەی F35 بە ئیمارات و ڕەتکردنەوەی بڕیاری ترەمپ کە حۆسیەکانی خستبووە ناو لیستی تیڕۆرەوە ، بە مەزندەی خۆم ھەر ھەمووانیان ئاماژە بەوە دەکەن کە جۆ بایدن سوورە لە سەر ئەوەی کە بە ھەر نرخێک بێت ، ڕێکەوتنە  نەوەویەکە لە گەڵ ئێران سەر بگرێ .

بە بۆچوونی خۆم ئەو سووربوونەی جۆ بایدن لە سەر گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە لە بەر کۆمەلە ئاماژە پێکراوانەی ئەوانەی شارەزاییان لە سەر چەکی نەوەی ھەیە کە ھەیانە دەڵێن بۆ سالەکی تر یان کەمتر ، ئەگەر ئێران نەوەستێنرێ لە پیتاندنی یۆرانیۆم ، ئەوا ھەرچی زووە دەبێتە خاوەن چەکی نەوەوی . دیسان ئەو زانایانە ئەو بەرەوپێشەوە چوونی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی نەوەوی زیاتر بۆ زەمەنەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دەگێڕنەوە .
جۆ بایدن نەیشاردۆتەوە کە بڵێ ھەرکاتێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی نەوەوی و بە دوایەوە گەورەترین کۆسپ دەخەنە بەردەم ئەمەریکاوە تا نەتوانێ بەرژەوەندیەکانی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بپارێزێ .

بۆیە بە بۆچوونی خۆم ئەمەریکاش دێتە سەر ڕای ئەوروپیەکان و رووسەکان کە ھەتا زووە ئەو ڕێکەوتنە نەوەویە دووبارە واژووی لە سەر بکرێ .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن