كورد لە نێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم
8/5/2023 11:51:00 AM
مەهدی کاوانی
بە واتایەكی تر
كورد لە نێوان دەستی ڕەشی كۆمپانیا بیانی
و ناوخۆیەكانی حكومەتی ھەرێم وچەپەرۆكی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا
بە حیسابی ربح و خەسارە لەمەیان قازانج دەكات و
لەمی تریان زیان ، یان بە پێچەوانەوە و بە ھەردو دیویەوە ڕێی تێ دەچێ .
بە حیسابی بڕیاری فەڕەنسا ، توركیاو كۆمپانیا بیانی و ناوخۆیەكانی ھەرێم ، زیانیان بەردەكەوێ
و لە بەرامبەڕیشدا خەلك دەگاتە تەواوی موچەی خۆی و لەوانەشە ھەندێ قازانجی تریشیان
لە بابەت ھەرزانی بەنزین وغازو وەچەنگ كەوتنی سوتەمەنیەكان وەك نەوتی ماڵان سوودیان
پێ بگات . ڕەنگە لە ڕووی دۆزینەوەی ھەلی كارو دامەزراندن باریان لە گەڵ حكومەتی
ناوەند باشتر بێت .
ئەوەش نازانم ئەگەر بێت و ناردنە دەرەوەی نەوتی
كوردی لە چاو شایستە دارایەكانی حكومەتی ھەرێم زیاتر بێتو ئایا زیادەكەی دەگەڕێتەوە
بۆ خەزێنەی ھەرێم یان بەغدا قوتی دەدات ، ئەوەیان نازانم . جیاوازی ئێستای نرخی یەك
بەرمیل نەوت لە ڕێگای سۆمۆ لە سەروی ٢٠ دۆلارێك دەبێت بۆ یەك بەرمیل بە حیسابی ئەوەی
نرخی گواستنەوە بە سۆمۆ كەمتر لە دوو دۆلارەو ھی پێشتری ھەرێمیش ٩ دۆلار بوو یان بە
حیساب كردنی جیاوازی نرخی نەوت و گواستنەوەو مەسارفی تر ، جیاوازیەكە خۆی لە سەروی٢٠
دۆلار دەدات . ئەدی ئەگەر بێت و پارەی كۆمپانیاكان لە پشكەوە بگوازرێتەوە بۆ تەنیا
خزمەت گوزاری و لەگەڵ كۆمپانیا بیانیەكانی سەر بە ناوەند ھاوتا بكرێت كە ١٠ دۆلاڕە
بۆ ھەر بەرمیلێك . لەو حالەتەش و بەلای كەمەوە ٢٠ دۆلاری تر بە قازانجی نەوتی ھەرێم
دەشكێتەوەو بۆیە دەڵێم ئەگەر بێت و ئەو پاڕە
زیادانە بۆ خەزێنەی ھەرێم بگەڕێتەوەو بگوازرێتەوە بۆ بواری وەبەرھێنان و دۆزینەوەی
ھەڵی كار و پێیەوە ھەرێم بوژانەوەیەكی زۆر باش دەیگرێتەوە .
بە شێوەیەكی گشتی:
ئەگەر بێت و وردبیینی لە نەوتی ھەرێم بكەین بە
ھەموو زەمەنەكان واتە سەردەمی حوكمی پاشایەتی و بە دوایەوەو ئەو سەردەمەی ئێستا كە
وەك بڵێین بەناوحكومەتی كوردی ، دەستبەكارە و تا ئێستا ئەو نەوتە كوردیە ئەوەندەی
خێرو بێری بۆ كوردیەوە پێوە بووە ، دە ئەوەندە ببوە بەڵا بە سەر كوردەوە . سەردەمی
حوكمی پاشایەتی دەستە گوڵەكە بۆ كۆمپانیا بیانیەكان و ئەوانەی پێیان بەسترابوونەوە
. لەوەش زیاتر ، نەوت ڕۆلێكی بەرچاوی بینی لەتەعریبی لەسەرخۆی عەرەبەكان بۆسوود وەرگرتن
لەخێرو بێری دامەزراندن لەحەقلی نەوتەوە . دوای ئەو سەردەمیش و تا حوكمی كوردی دەتوانین
بڵێین نەوتی كوردی ڕێك بەڵا بوو بە سەر كوردەوە. ڕژێمە یەك لەدواییەكەكانی عیراق بەتایبەتی
ھی سەردەمی بەعس بە نەوتی كوردی ھەمووشتێكیان لە دژی كورد پێیەوە كرد . بە پارەی نەوتی
كوردی كوردستانیان كردە سوپاگەیەكی ھەرە فراوان لە دژی كوردو شۆڕشەكانیان و دەمكوتكردنی
شۆڕشو بیروباوەڕی ئازاد .ھەرنەوتی كوردیش بوو لە ڕێگای تەعریب ، دیموگرافیای ناوچەكەیان بە قازانجی عەرەب گۆڕی .
لە سەردەمی حوكمی كوردیش ھەمان تاس و حەمام خێروبێری
نەوتی كوردی چارەگەكیشی بۆخۆشگوزەرانی خەلكەكە نەدەڕۆیشت ئەو چارەگەش بۆپڕكردنەوەی
پێداویستی موچە بوو ، دۆزینەوەی ھەلی كار ،وەبەرھێنان ڕێژەیەكی ھەرەنزمی بەخۆوە دیتبوو
دەبینێ . باقیەكەیتری خێروبێری بۆكۆمپانیا چاوچنۆكەكانی بیانی و ناوخۆ دەڕۆیشتو ئەگەر
بشڵێم بەشێكی ھەرە فراوان لەو داھاتە نەوتیە كوردیە بۆ داپلۆسینی جولانەوەی ڕزگاری
نیشتمانی كوردو كپكردنی دەنگە ئازادیەكان دەڕۆیشتو پێیەوە زۆری دەچێتە خانەی ڕاستی .
ئێستاش و كورد دوای دادگای فەرەنسی كەوتۆتە بارێكی
وەھاوە كە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێ .
تەیاری دینی و نەوەی نوێ و تا ڕادەیەكیش یەكیەتی
نیشتمانی كوردستان بە پۆزەتیڤ باس لەو وەرچەرخانە نوێیە دەكەن . پارتی بە ناچاری و
ئاو نا وەرچەرخانەكەی قبوڵ كردووەو لێرەولەوێش لە ھەلێك دەگەڕێ كە توركیا بە تەواوەتی
پشتیان تێ نەكات .
ھەرچی ئەمەریكایە ، دەیەوێ بەغداشی ھەبێت حكومەتی
ھەرێمیشی ھەبێت بەڵام بە ئەجندای خۆی نەك بەوڕێوشوێنانەی كەھەولێرو تاڕادەیەكیش
سولێمانی كاری لە سەر دەكەن .
ئەمەركیەكان لە گەڵ كوردی ڕۆژئاواش وبە ئەجندای
خۆی لە گەڵیان لەسەر خەتە .
دوا وێسگەی كورد بە بیركردنەوەی خۆم با بڕیاری
دادگای فەڕەنسیش بە دڵی دەسەڵاتی كوردی باشوور نەخوڵابێتەوە بەڵام مانای كۆتایی
ھاتن بەڕۆڵی كورد ناگەیەنێ لە بەر كۆمەڵە ھۆكارێك و دەتوانین ھەندێكیان لەم خاڵانەی
خوارەوە بەدی بكەین .
١- ھێشتا دەسەڵاتی ناوەندبە ناجێگیری تەماشا دەكرێ .
٢- ئەمەریكا پشتی لە كورد نەكردیە .
٣- كورد و ئیمڕۆكە بە رەغمی پاشەكشەی باشوور ،ھێشتا وەك ھەموو پارچەكان
دەناو ھاوكێشەیەكی سیاسیو سەربازی وەھادایە كە لە ڕووی جیھانیەوە خوێندنەوەی باشی
بۆ دەكرێ .
بۆ كوردی باشوریش ھەندێ خوێندنەوەی وەھای بۆ
دكرێ كەھێدی ھێدی تەنویعی سیاسی شوێنی باڵادەستی حزبێك یان دوان بگرێتەوەو دووبارە
ھەستانەوەی سیاسی ڕوو لە باكووربكات وپێیەوە پێگەی ھەرێم یان وەك كوردستانی
باشوور لە پێگەی ئێستاو پێشتریشی باشتر ببێت .
وەرچەرخانی نوێی ناوچەكەش لە ڕوانگەی وڵاتانی
ناوچەكەو ئەمەریكاو رووسیاشی بخەپاڵ ھێشتا نەمەییتەوە . ڕەنگەبە مەینەوەشی كارتێكردنە
پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی خۆی لە سەر دۆزی كورد ڕەنگ بداتەوە .