کۆنگرەیەکی تەوافوقی یان ساڕێژکردنی برینەکان؟
9/25/2019 11:00:00 PM
مەهدی کاوانی
نازانم کامەیان دەبێتە مانشێتی یەکەمی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ھەندەک دەگەڕێمەوە بۆ ناو مێژوو
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ دامەزرا. ئەگەر ھەڵە نەبم یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی لە دیمەشق بوو و بە حزوری مام جەلال. ھەر دوابەدوای دامەزراندنی، بانگێشەی دووبارە ھەلگیرساندنەوەی شۆڕش درا.
زۆری پێ نەچوو یەکێتی وەک نیمچە بەرەیەک لەنێوان بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ھەبوونی خۆی نیشان دا. مام جەلال سکرتێرو باڵی بزوتنەوەش زیاتر لەلایەن عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسێن بابە شێخ، ئاراستە دەکران. باڵی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانیش لە سەرەتادا لەلایەن ھاوڕێ ئارام (شاسوار جەلال) تا شەھیدبوونی ئاراستە دەکران.
دوای شەھیدبوونی ئارامیش، نەوشیروان مستەفا لە ھەندەران گەڕایەوەو سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەرانی گرتە دەست.
کارەساتی ھەکاری گورزێکی کوشندە بوو بەر یەکێتی و بزاڤی نیشتمانی کوردستانی باشوورو سەرجەم بزاڤی نیشتمانی کوردی لە ھەر چوار پارچەی کوردستان کەوت کە تیایا ١٠٠٠کەس لە کاکڵە ھەرە لێهاتووەکەی شۆڕشی نوێ ھەر لە شەھید بوون و بریندار بوون و خۆڕادەست کردنەوە بۆ ڕژێم و پەرت بوون و دەناویشیاندا سێ لە ھەرە سەرکردە سیاسی و عەسکەریەکانی بەناوی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدو حوسێن بابە شێخ، شەھید کران.
دوابەدوای ئەو کارەساتە پاشماوەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان لەناو بەرەی یەکێتی ھاتنە دەرێ و دواتر چوونە ناو جوود کە ئەمەکەی دوایی زیاتر لەلایەن پارتی و حیزبی شوعی ئاراستە دەکران. ئەو جودابوونەوەیە ئەگەر ھەڵە نەبم لە کۆنگرەیەکی ئەو حیزبەوە بوو و ناوەکەشیان لە بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بۆ پارتی سۆسیالیستی کوردستان گۆڕی. ھاوزەمان مام جەلالیش پاشماوەکانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی کۆکردەوەو بە ھەمان ناوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی مانەوەو یەکێتیشیان وەک نیمچە بەرە بە خەڵک دەناساندو دواتر خەتی گشتیشی لێ پەیدا بوو.
بەندە بە حوکمی ئەوەی لەناو ھەرسێ کۆنفراسی کۆمەڵەو لە جودابوونەوەی ئاڵای شۆڕش لەگەڵدابووم بۆیە وەک کەسێکی تا رادەیەک شارەزا، رووداوەکان دێنمە پێش چاوی خۆم و بۆ ئێوەی دەنووسمەوەو داوای لێبوردنیش دەکەم ئەگەر وردبینی باش یان کەوتبمە ناو ھەر ھەڵەیەکەوە، نەکردبێ.
دەبێ ئەوەش بڵێم شەڕی ھەشت ساڵەی عیراق و ئێران، پەرەسەندنێکی ھەرە فراوانی جوڵانەوەی سیاسی و پێشمەرگەیی بەر کوردستانی باشوور کەوت و پشکە فراوانەکەش بە پلەی یەکەم بەر کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کەوت و پلەی دووەمیش بەر لایەنە بەرامبەرەکە کە دەکاتە پارتی سۆسیالیستی کوردستان. حیزبی شیوعی عێراقیش ئەو فراوان بوونەی بەرکەوت.
دەتوانم بڵێم ئەگەر شەڕە براکوژی و جیابوونەوەو لەت لەت بوون نەبوایە، ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ بە تەواوەتی کاری خۆی دەکردو لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆمان ئەگەر بە دەوڵەت بوونیش نەبوونایە، حوکمڕانیەکی کوردی ژیکەڵانەو پەرەسەندوومان پێکدەھێنا.
گورزی دووەم کە بەر یەکێتی کەوت جیابوونەوەی ئاڵای شۆڕش بوو.
گورزی سێیەمیش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و گورزی چوارەمیش ئەو باڵباڵێنەیەی ناو یەکێتیە.
سەدەیەک و زۆریش بە زیاترەوەیە بزاڤی سیاسی و چەکداری بە دەیان جارو لە ئاستی ھەموو پارچەکان، تووشی دەیان شکست و ھەستانەوە، بووە. بزاڤی سیاسی کورد، چونکێ بزاڤێکی خۆرسکەو تەعبیر لە نەتەوەیەکی پەنجا ملیۆنی و بێ دەوڵەت بوون و چەوسانەوەو زوڵم لێکردوو بووە، ئەو بزاڤە کە دەشکەوێ یان نوشوست دێنێ، دووبارەو بە فۆڕمی نوێوە دەکەوێتەوە سەر خۆی.
پارسەنگی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیشیان پێوە لکێندراوە، ڕۆلی خۆی دەبینێ لەسەر ئەو قەوارە بەھێزیەی بزاڤی سیاسی کورد. بۆ نمونە لە جەنگی جیهانی یەکەم و بە دوایەوە کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کەوت، دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی بزاڤی سیاسی کورد رەخسا لەسەر ئاستی وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم کە ھاوپەیمانان بوون و بەریتانیاو فەرەنساش لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە، ڕۆڵی یەکەمیان دەبینی و دەناویشیان دا دامەزراندنی دوو دەوڵەتی کوردی و ئەرمەن ھاتنە ناو ناوانەوەو لەناو ڕێکەوتننامەی سیڤەر کە لە فەرەنسا بەسترا، دروستبوونی دەوڵەتی کوردی ھاتە ناو باس و خواسەکان.
دوابەدوای دروستبوونی تورکیای نوێ و کەمالیزم؛ ڕێکەوتننامەی لۆزان سیڤەرو خەونی کوردی مراند. ڕێکەوتننامەی جەزایری ساڵی ١٩٧٤یش خەونی شۆڕشی ئەیلولی مراند.
ئێستاکە چ بە نسبەت ئێران چ بە نسبەت تورکیا کەم کەس ھەیە غیرەیان پێ ببات و حکومەتی ناوەندی عیراقیش دەناو پەرتەوازەی شیعەو سونەو حشدی شیعی و دوو ناوەندی دەسەلاتی ئێرانی و ئەمەریکی دایەو لە بەرامبەریشدا جگە لە حوکمرانی باشوور، حوکمرانیەکی ژیکەلانەش لە ڕۆژئاوا ھەیەو ئەو ڕێرەوە سیاسی و حوکمرانیەی ھادەپ و قەندیل و ئیمیرالی خەریکە بە تەواوەتی دەچیتە ناو پرۆسەی سیاسی تورکیا.
کە ئەو ھێنانەوانەو بەیەکبەستنەوەکان دێنمەوە لەناو باس و خواسێکی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاتر مەبەستم لەوەیە کە ئەو حیزبە پاش ئەو ھەموو کەرتبوون و لەت بوونو باڵبڵێنەو ھیوا بۆ ھەستانەوە، دەبێ حیسابی بۆ بکرێ.
ئەگەر دەباشان نەمرێندرابایە، بە دوایەوە تەوازونی سیاسی لەنێوان پارتی لەلایەک و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆران بە پێکەوەیی دروست دەبوو و لەوانە بوو زەمینەی یەکگرتنەوەشیان بۆ بڕەخسابایە.
کە مرێندراو بە دوایەوە بەتایبەتی لە کابینەی ئێستای نۆیەم، پارتی بە تەفەوقەوە سەرکردایەتی ئەو کابینەیەو ئاراستەکانی یەکێتی و گۆڕان دەکات.
ئەو قسانە بە مانای بەھێزبوونی پارتی ناگەیەنێ بە قەدەر ئەوەی کە لایەنەکانی بەرامبەر دەناو کلێشەی دوو کەرت بوون و باڵباڵێنەو نەبوونی ڕوئیای سیاسی بوونەتەوە.
جوڵەی سیاسی لە ھەشت کابینەی پێشتری دەناو گەندەلی و ناشەفافیەت و پەرتەوازەیی و بێبڕوایی خەلکدا بوون.
دوا ھەڵبژاردن کە تەنیا ٣٠-٣٥٪ی خەڵک دەنگی داو لە ٢٠-٢٥٪ی دەنگەکانیش پڕ کرانەوە مانای وایە جەماوەری ھەموو حیزبەکان لە کورتی داوەو دەنگەھاتووەکانی پەڕلەمانیش دەنگی حەقیقی حیزبەکان نیشان نادا.
کەواتە ھەم کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی و ھەم جولەی سیاسی گۆڕان و پارتەکانی ترو ھەروەھا پارتیش دەبێ بۆ گەڕانەوەی متمانەی ئەو ٦٥٪ی کە دەنگی بە ھیچ حیزبێ نەداوە، بە خۆیاندا بچنەوە. کابینەی نۆ دەتوانێ لەم و شەمل بکاتو عەھدێکی نوێ بۆ پارتە سیاسیەکان بێنێتە کایەوە، ھێشتا زۆر زووە قسە لەو بارەیەوە بکرێ.
بە بڕوای خۆم ئەگەر بێت و کۆنگرەی یەکێتی لەم و شەمل بکات و برینەکان دیاری بکات و کار بۆ سارێژ کردنیان بکات، دەبێ کاری یەکەمی تەتبیعکردنی پەیوەندیەکانی لە زۆنی سلێمانی، بێ. بە پلەی یەکەم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بێت و کاریش بۆ کارا کردنەوەی دەباشان بدات و کاری دووەمیش ئەو حکومەتە خۆجێیەی کە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پێکەوە بەڕێوە دەبەن بەھێزی کەن و ھەتا بۆیان بکرێ بە پێکەوەیی پاکی کەنەوە لە گەندەلی و ناشەفافیەت.
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر شێلگیرانە کار بۆ ئەوە نەکەن کە برینەکان سارێژ کەن، کەواتە وەک ئەوە وایە کە ھیچیان بە ھیچ نەکردبێ. ئەگەر کۆنگرەیەکی تەوافوقیش بکەن، پێیەوە، برینەکانیان قولتر دەبێتەوە.
بە بڕوای خۆم ئەگەر بێت و بەشداربووانی کۆنگرە بە ھۆشیاری دەنگ بدەن و نەیەڵن ئەوانەی کە یەکێتی بە مەرجەعی یەکەم و کۆتا دانانێن با دەنگیان پێ نەدەن.
ھەقیشە بەشداربووانی کۆنگرە دەنگ بە جیلی نوێ و ئەوانەی کە پەرۆشی چاکسازی و چاککردنی باری یەکێتینە، دەنگیان پێ بدەن.
یەکێتیە دێرینەکان لە ھەموو موناسەباتەکانیان شانازی بە حیزبەکەیان لە سەردەمەکانی شاخو دواترو ئەو سەردەمانە دەکەن کە مام جەلال و کاک نەوشیروان کەسی یەکەمی ئەو حیزبە بووینە. دەی دەبا کۆنگرەی ئەو جارەی ئەو حیزبە لەپێناو زیندوو کردنەوەی ئەو ھەلە زێڕینەی ئەو کاتیان بێت.
ھەموومان چاوەڕوانی لێکەوتە باشەکانی گۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانین.