567وتار

ھەموو ھێلکەکان مەخەنە ناو سەبەتەیەکەوە

2/8/2021 1:45:00 PM
مەهدی کاوانی


ئەوه‌ نزیکی دوو ساڵەی کە گۆڕان دەناو حکومەتەکەی پارتی دایە، لە چاو ئێستا زۆر شت گۆڕاوە . من ناڵێم دوێنێ لە بیر بکە بەڵام ئەمڕۆکەش فەرامۆش مەکە. قسەت ھەبێ لە نێوان جیاوازیەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ .

زۆر باشە کە دوێنێ گۆڕان چووەتە ناو حکومەت بە بیرو بۆچوونی خۆیەوە، زرورەتی ئەو کاتی وای خواست بێ، دەناو حکومەت دابێ باشترە لە بری ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بێت .

بەندەش بۆ ئەو کاتی لە بەر پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن و لەت بوون و کێشە ناوخۆیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، دەمگۆت حالەتێکی باش نیە بەڵام کوا چارەی تر .

ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفاش لە خولی پێشتر چووە ناو حکومەتەکەی پارتی بەڵام بە درێژە کێشانی بەڕێوە بردنی ئەوحکومەتەو کە قافی ھات قسەی خۆی کرد .

گۆڕان بەئیستحقاقی خۆی ڕۆیشتە ناو حکومەت و بەرنامەی سیاسی و نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆشی ھەبوو و پارتیش واژۆی لەسەرکرد .  چەندی جێبەجێ کراوە نەکراوە، گرنگ نیە. گرنگ ئەوەیە کە تۆ لە ناو گوشارو داخوازیەکانی خەڵک بێ دەنگ نەبی و وەک ڕەوانشاد نەوشیروان موستەفا ئاسا کە قافی ھا، وابزانم ھاتووشە قسەی خۆتی تیا بکەی .

لە سەردەمی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا کە چووبوونە ناو حکومەت ، پارتی بەردەوام دەیگۆت گۆڕان پایەکی لە ناو حکومەتەو پایەکی لە ناوشەقام . ئەوە چ مانایەک دەگەیەنێ؟ بێشک چالاکی ئەو حیزبەیە . کە دەناو حکومەتیش دابوو، لە شەقام دانەبڕاو لە سەر شتە ھاوبەشەکان لە گەڵ یەکیەتی و لایەنەکانی تر بە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشەوە، دەیەویست بە دەنگی زۆرینە ، چەندی بۆ دەچووە سەر ، بڕیارەکانی پەڕلەمان تێپەڕێنێ و شتە ھاوبەشەکانیشی لە گەڵ پارتی ، نکۆلی لێ نەدەکرد .

ناڵێم لە ناو حکومەت وەرنە دەرێ ، بەڵام پابەند نەبوونی ١٠ لە ئەندام پەڕلەمانەکانی گۆڕان ، پێنجی بەغداو پێنجی ھەرێم ، بە ئەو شەراکەتەی کە بزوتنەوەی گۆڕان لە گەل حکومەتەکەی پارتی کردوویەتی ، مادامەکینێ ئەوانە چوونەتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆن یاخود کارو کاردانەوەکانیان ، ئۆپۆزسیۆنیەو گۆڕان بوونی خۆیان و پابەند بوونیان بە بیروباوەڕەکانی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ، ڕەد ناکەنەوە ، پێیەوە گۆڕان بەھێزتر دەکەن نەک لاوازی کەن .

کە دەڵێم ھەموو ھێلکەکان مەخەنە ناو سەبەتەیەکەوە، یانی گۆڕان لە گەڵ یەکیەتی ، ڕێکەوتنی دەباشانیان کە دوو سەرکردەی کاریزمای ناو بزاڤی سیاسی و نیشتمانی بەڕێزان مام جەلال و نەوشێروان مەستەفا واژۆیان لە سەر کردیە، با ڕێکەوتنەکە نەچووبیتە واری کرداری ، بەڵام چ لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕان ، چ لە لایەن یەکیەتی ، نەمرێندراوە . جەماوەری ھاوبەشیش لە نێوانمان ھەیە بە تایبەتی کاتەکانی شاخ .

لە گەڵ تەیاری دینی بە تایبەتی لە گەڵ کۆمەڵ و لە سەردەمی کاکە نەوە زۆر کاری ھاوبەشیمان پێکەوە ھەبووە ، ناکرێ لەبەر چاو نەگیرێ . لە گەڵ چالاکوانانی دەرەوەی گردەکەو دوو تیمە پەڕلەمانتاریە جودابووەکان و پێشتر دەناو یەک سەنگەر دابوین ، ناکرێ بە جیاوازی ھەندێ ھێلی سیاسی ، سەنگەر لە یەک بگرین .

وەرگرتنی ھەر ھەلوێستێک و بە ھەر بیانۆیەک بێت لە دژی گۆڕان خوازانی گردەکە ، ئەگەر واش نەبێت خەلک دەڵێ ، گۆران ئەو کارەی لە بەر گوشاری پارتی دەکات و دوو ئەوەندەی تر شەقام پشتمان تێ دەکات .
حالەتێک ھەیە ، نابێ بزوتنەوەی گۆڕان بە ھەند وەری نەگرێت .
بڕۆ ڕاپرسیەکی موعتەبەر بکەن ، کاخوان زۆرینە ، دەنگ بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا نادەن . چەندی ڕاستە ، چەندی ڕاست نیە ، گەر لە من بپرسن ، لە ناچاری نەبیت کە ئەدای حکومەتی ھەرێم زۆر خراپە ، ئەگینا خەلک بڕیاری گەڕانەوە بۆ بەغدا نادات .

وەرن گوێ لەلێدوانەکانی لیستی ھیوای تازە دروست بوو بگرن کە لە کۆی ١٥ ئەندام پەڕلەمان، پێنجی بزوتنەوەی گۆڕانی تێدایە لە سەر ناشەفافیەت، بەتایبەتی لە سەر مەلەفی نەوت چ ھەلەی تێدایە . تخوا کە ئەوان دەڵێن بامەلەفی نەوت لە بن دەستی تورکیاو کۆمپانیا ناوخۆیەکان دەربێنین و تەسلیم بە سۆمۆو بەغدای بکەین لە بری ئەوەی شایستە دارایەکانمان بێ کەموکورتی وەربگرین ، گۆڕانیش وادەڵێ تەیاری دینیش وا دەڵێ . جەماوەری پارتی و یەکیەتیش دوور لە نوخبەی دەسەلات و بەرژەوەند خوازەکان ھەر وا دەڵێن ، کەواتە گۆڕان خالی ھاوبەش لە گەڵیان ھەیە با کاری لە سەر بکرێ نەک سەنگەرگرتن لە گەڵیان بکرێ .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن