1078وتار

گوناھە، مێژووی ئارام و ئاڵای شۆڕش، بە مەلا بەختیار ببەسترێتەوە!

10/7/2020 4:45:00 PM
مەهدی کاوانی



ناچمە ناو قولای مێژووی لە دایک بووی کۆمەڵەو پاشانیش ئاڵای شۆڕش، دەشزانم ئەو مێژووانە ئەم و ئەو بە میزاجی خۆی وحەزەکانی و باوەڕەکانی حەل و فەسلێکی دەناودا کردووە .

بەندەو لەو نوسینەمدا تەنیا تیشک دەخەمە سەر باوەڕە جیاکانی کادیرە سەرەکیەکان ، ڕێک ئەوانە دەگرێتەوە کە لە سەر دەستی ئەوان کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لەساڵی ١٩٦٩ و ئاڵای شۆڕش لە ساڵی ١٩٨٤ دروست بوو .

لە سەرەتای دروست بوونی ئاڵای شۆڕش ، دوو نامیلکە بە چاپ گەێندران ، یەکێکیان بە ناوی پڕۆژەی ئاڵای شۆڕش لە لایەن مەلا بەختیارو ھەندێکی تر . دووەمیان بە ناوی (لم يعد صمت ممكنا) واتە چیتر بەبێ دەنگی نامێنینەوە  لە لایەن سالار عەزیزو مامۆستا جەعفەر نوسرابوونەوە .

بەندەو لە وەختی خۆی ھەردوو نامیلکەکەم چەندەھا جار زۆر بە وردی خوێندبۆوە .

شوعیەکان و بۆ ئەوکاتی بە چاوی زەڕەبین تەماشای نوسینی کادیرە قیادەکانی ئاڵای شۆڕشیان دەکرد لە بەر چەند ھۆکارێکەوە . لە لایەکەوە خۆشحال بوون بەو ئینشقاقەی یەکیەتی و دروست بوونی ئاڵای شۆڕش ، لە لایەکی تریشەوە مادامەکینێ ئاڵای شۆڕش ، بیری مارکسیزم لینینزمیان کردبوە  پێوەر بۆ بەرنامەی فکری و سیاسی خۆیان ، کەواتە ئەوانیش بەوە خۆشحال دەبوون کە ئاڵای شۆرش لە نزیکی بیرکردنەوەو سیاسەتەکانی ئەوانەوە بێت .

 بە دیوە پێچەوانەکەشەوە ، کۆمەلەی زەحمەتکێشان کە پاشان بوونەتە حیزبی کۆمەنیستی ئێران و لە ھەردوکیاندا عەبدولای موھتەدی دەناویاندا، سەرۆکیان و کەسایەتیەکی بێ ڕکابەر بوو .حەزیان دەکرد ئاڵای شۆڕش ، بە بیرکردنەوەکانی ئەوانەوە ، بچێت .

ھەروەھا و بۆ ئەو کاتیش ڕەوتە کۆمەنیستە جیاکانی کوردستانی باشووریش بە نەجمەدین فەقێ و فوئادی مەجیدی مسری ، ئەو ڕەوتانەش بە ھەمووانیانەوە زیاتر لە بیروباوەڕەکانی حیزبی کۆمەنیستی ئێران نزیک بوون نەک لە حیزبی شوعی عیراق . ھەمدیسان ئەوانیش بە گرنگیەوە دەئاڵای شۆڕشیان دەڕوانی . دەتوانم بڵێم ئەمەکەی دوایی لە دوا جاردا زیاتر ھێلێکی مام ناوەندی نواند لە نێوان فکری ڕادیکاڵ و بیرکردنەوەکانی تر .

حیزبی شوعی عیراقی و بۆ ئەو کاتی دەیان گۆت نامیلکەکەی مەلا بەختیار بە ڕێڕەوی حیزبی کۆمەنیستی ئێراندا دەڕواو ئێمە پێیەوە مورتاح نین و زۆر جار بە کادیرانی ئاڵای شۆڕشیان دەگۆت خۆزگەمان بە کفن دز . زیاتر ، مەبەستیان یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوو . ئەوان بە نامیلکەیەکی لە قەوارەی نامیلکەکەی مەلابەختیار ھاتنە وەڵام ئەگەر ھەڵە نەبم نامیلکەکەیان لە ژێر ناوی ئاڵای شۆڕش بەرەو کوێوە بوو ، وابزانم سەرۆ قادرو ئاسۆ کەریم دەریان کردبوو ، وەھاش ئیعلان نەکرابوو کە ئەوە تێگەیشتنەکانی حیزبی شوعیە بەرامبەر بە ئاڵای شۆڕش .

لە سەر نامیلکەی دووەمیش کە سالار عەزیزو مامۆستا جەعفەر لە دەرەوەی وڵات دەریان کردوو و دەیان گۆت ئەو نامیلکەی دووەمیان زیاتر لە حیزبی شوعی نزیکیان دەکاتەوە .

ئەگەر ھەندەکیش بگەڕێینەوە دواوە واتە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ، ھەنە بە ئاشبەتالیش ناوی دەبەن و دوا بە دوای ئەوانیش سەردەمی ڕووخانی شای ئێران و بەدەر کەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کە بە دوایەوە جمھوری ئیسلامی و خومەینی کۆنترۆلیان کرد . ئەو کاتانە شەڕی ساردی بلۆکی ڕۆژئاوا کە ولایەتە یەک گرتووەکان قیادەی دەکردو بلۆکی ڕۆژھەلاتیش کە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشو قیادەی دەکرد ، ئەوان دوو گەورە ھێزی جیھانی و رکابەری سەرسەختی یەکتر بوون. دەتوانم بڵێم لە ھەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردو بۆ کوردو گەڵانی چەوساوەی تر ، بیری مارکسیزم لینینزم و  ھەندەک جار بیری ماویش ببوە سەروێردی بەشی ھەرە زۆری شۆرشە سیاسی و نیشتمانی و چەکداری زۆر لە وڵاتانی جیھان .

ئەو کاتەی کە کۆمەڵە لە ساڵی    ١٩٦٩ بە نھێنی لە دایک بوو و دوا بە دوای ئەوان و لە ژێر بیرۆکەی گەشەکردنی ناسەرمایەداری بۆ وڵاتانی لە بابەت عیراق و ئیدیشە وە حیزبی شوعی چووە ناو بەرەی حیزبی بەعسو لێکەوتەکەشی بە قسەی فەرمی خۆیان ، ئیعدام کردنی زیاتر لە ٦٠ ھەزار کادیرو ھەوادارانی حزبی شوعی بوو .

دەتوانم بڵێم پاش ڕێکەوتن نامەی جەزایر لە نێوان شاو سەدام حوسێن  و کاتەکانی مانەوەی حیزبی شوعی لەناو بەرەی بەعسیەکان ، فەترەیەکی زێڕین بوو ھەم بۆ گەشەکردنی بیری نیشتمانی کورد لە ناو حیزبە تازە دروست بووەکان بە تایبەتی کۆمەلەو یەکیەتی و بزوتنەوەی سوسیالیستی کوردستان ھەم گەشە کردنی بیری مارکسیزم بوو لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە لە غيابي حیزبی شوعی عیراق ، بە شێوەیەکی تایبەتی .

من بۆ خۆم بە حوکمی ئەوەی دەرچووی بەشی ئابووری بووم لە زانکۆی موستەنسەریەو ئاشنایەتی باشیشم ھەبوو لەگەڵ شوعیە عەرەبەکانی ناو زانکۆ و بۆ ئەو کاتی ڕاستە لە ناو شانە نھێنیەکانی کۆمەڵە بووم بەڵام کارتێکردنی زانکۆ و شوعیە عەرەبەکان و کتابی سەرمایەی کارل مارکس بە ھەموو بەشەکانی و زۆرانیک لە کتابی تری ئابووری و سیاسی لە ڕوانگەی مارکسزیزم لینینیزم دەمخوێندەوەو لە ڕێگەیەوە تا ئێستاشی لە گەڵ دابێ ، کارتێکردنیان بە سەرمەوە ماوە . ھەر لەو ڕوانگەیەوە لە کاتی دروست بوونی ئالای شۆڕش ، ھێلە جیاکەرەوەکانی ئالای شۆرشم لە یەک جیا دەکردەوە .

شەھید ئارام بە حوکمی ئەوەی لە یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو بوو و ھاوژینەکەشی ڕووسی بوو  ، نووسینەکانیشی لە ناو گۆڤار بوو ڕۆژنامە بوو  بە ناوی ئاڵای شۆڕش کە لە چیا ناو ناوە دەری دەکرد و لە ڕێگەیەوە دەتتوانی زۆر بە ئاسانی خەتی بیرکردنەوەی ئارام لە خەتی بیرکردنەوەی ماویەت و چەپی نوێ بە ھەموو فێرگەکانیەوە لێک جیاکەیتەوە . ڕاستە شەھید ئارام بەردەوام ڕەخنەی لە حیزبی شوعی و چوونیان بۆ ناو بەرەی بەعسیەکان دەگرت ، بەڵام تێڕوانینی فکری ئەو زیاتر لە خەتی سۆڤیەت نزیکتر بوو لەوەی لە ماویەت یان چەپی نوێ . لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر بەراوردی بیرکردنەوەی سالار عەزیزو مامۆستا جەعفەر بکەین لە گەڵ بیرکردنەوەی مەلا بەختیار ، ھی سالارو جەعفەر زیاتر نزیک بوون لە بیرو بۆچوونەکانی شەھید ئارام ، نەک ھی مەلا بەختیار . ھەردوو نامیلکەی ، ئاڵای شۆرش و لم یعد صمت ممکنا و ھەروەھا نامیلکەی رەدی شوعیەکانیش لە سەر نامیلکەی مەلا بەختیارو موناقەشە فەردیەکانی ئێمەش لە گەڵ کادیرە قیادەکانی ئەو کاتی حیزبی شوعی ھەمان شتیان پێ دەگۆتین . ئەو کاتانەی کە کادیرە ئەساسەکانی ئاڵای شۆڕش و ڕەوتە کۆمۆنیستەکانی تر کە لە زێوەی دیوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووین و تێکرای گفتو گۆکان ، ئەوڕاستیانەی بە دەر دەخست کە ئاڵای شۆرش بۆ سێ بیرکردنەوەی جیا کاتەکانی بەڕێ دەکرد .

بیرکردنەوەی مەلا بەختیارو پشکۆنەجمەدین و زۆرانێکی تر سۆڤیەتیان بە سۆشیال ئیمپریالیزم یان ڕاستەو خۆ لە بەرەی ئیمپریالیزم ڕێزبەندیان بۆ دەکردو ھێلی مام ناوەندیش ھەبوو کە سۆڤیەتیان بە سوسیال دادەنا بە کۆمەڵە کەم و کورتیەکەوەو ھێلی سێیەمیش و بە تایبەتی ئەوانەی کە خوازیاری ئەوە بوون ئاڵای شۆڕش بەڕێچکە بیرکردنەوەکانی ئارام بڕوات ، حەزیان دەکرد لە حیزبی شوعی و ئەو ڕەوتە کۆمەنیستە جیھانەی سەر بە سۆڤیەتەوە نزیک بوون ، نزیک ببنەوە .

کاتێ ئێمە بەتایبەتی ئەوانەی لە چەپی ڕادیکالی دوور بوون ، دەکەوتینە ناو گفتوگۆ لە گەڵ کادیرە قیادەکانی حیزبی شوعی ، نەیان دەشاردەوەو دەیان گۆت پێمان خۆشە ئاڵای شۆڕشیش وەک فیدایی ئەکسەریەتی ئیرانێ پارتێکی شۆڕشگێر پێک بھێنن وەک چۆن ئەوان نزیک ترین دۆستیان حیزبی تودەی ئێرانە ، با ئاڵای شۆڕشیش نزیک ترین دۆستیان حزبی شوعی بێت . ھەندێک جار لێدوانەکانیان دەبردەوە بۆ ئەو شوێنە کە ئاڵای شۆڕش و حیزبی زەحمەتکێشان و پارتی گەڵی سامی عەبدولرەحمان ، یەک بگرن و بێنە ناو جودیش بەڵام حەزیان بەوە نەدەکرد کە سامی عەبدولرەحمان ببێتە کەسی یەکەم لە ناو ئەو حیزبە .

دەبێ ئەوەش بڵێین ، ئەوەی ڕێگر بوو کە ئەو سێ حیزبە ببنە یەک ، ئاڵای شۆڕش بوو و بەس چونکە چەپی ڕادیکالی دەناویدا زۆر بەھێز بوو .
ڕاستە لە دوا جاردا واتە لە کاتەکانی ڕاپەڕینی بەھاری ١٩٩١ ، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و ئاڵای شۆرش بە ھەموو فێرگە جیاوازەکانیشیانەوە ،  یەکیان گرت ، بەڵام ماوەکەی کورت بوو واتە ئەمەکەی دوایی ، دووبارە گەڕانەوە ناو یەکیەتی نیشتمانی کوردستان .
بۆ بەبیر ھێنانەوە لە کاتی گەڕانەوەی ئاڵای شۆڕش بۆ ناو یەکیەتی و لە ئاخاوتنێکی دوو قۆلی نێوان من و کاک سالار عەزیز ئەمەکەی دوایی گۆتی گوناھە بۆ مەلا بەختیار پاش ئەو ھەموو پاکانەی لە کاتی گرتنەکەی ناو یەکیەتی ، دووبارە سیاسەت بکاتەوە .

ھەندەک دەگەڕێمەوە بۆ دواوە .
بەندە بەحوکمی ئەوەی بەشدار بووی ھەرسێ کۆنفراسی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پلنیۆمی ئاڵای شۆرش بووم  و بە حوکمی باکگڕاوندی پێشووشم تا زۆر ڕادە ھەستم بەباوەڕە جیاوازەکانی کادیرە سەرەکیەکانی کۆمەڵەو ئاڵای شۆڕش دەکرد .
ڕەوانشاد مام جەلال و نەوشێروان موستەفا زیاتر خوازیاری پارتێکی سوسیال دیموکرات بوون بۆ کۆمەڵەو یەکیەتی و لە کۆنگرەی یەکەمی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیش پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەو کارەیان بە ئانجام گەیاند .

ئەوان  و وەختی چیا زیاتر لە حیزبی دیموکراتی ئێران و دکتۆر قاسملۆ نزیکتر بوون نەک لە گەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کە دواتر خۆیان کردە حیزبی کۆمەنیستی ئێران .
مەلا بەختیارو بۆ ئەو کاتی ڕێک پێچەوانە بوو و سالار عەزیزیش بۆ ئەو کاتی دکتۆر قاسملۆی تەفزیل تر دەکرد لە عەبدولای موھتەدی .
دەبێ ئەوەش بڵێین ئەوە ئێمەی ناکاملی سیاسی کە جیاوازی فکر بە شتێکی گەورە لە قەلەم دەدەین ، ئەگینا بیرکردنەوە جیاوازەکان دەناو حیزبێکی سیاسیشدا زۆر زۆر ئاساییەو لە ڕوانگەی ملکەچی زۆرایەتی و ڕێزگرتن لە کەمایەتی .

دەناو حیزبی شوعیش بیرکردنەوەی جیاواز بە ئاشکەرا دەبینرا . یوسف قەشە ناسراو بە ئەبوو حیکمەت لە گەڵ زۆرانێک لە کادیرە ئەساسەکانی ئەو حیزبە جیا بوونەوەو پارتی (کار) یان دروست کرد کە زیاتر لە باوەڕەکانی سوسیال دیموکرات نزیک بوون . پێش ئەوانیشەوە بەھائەدین نوری لە حیزبی شوعی جیا بووەوە . لە شەستەکانی سەدەی پێشووش حیزبی شوعی تووشی کەرتبوونێک ھاتوو ماویەکانی ناویان ھاتنە دەرێ .
بیرو باوەڕی ھەر کەسێکیش ئەگەر بە نەگۆڕی تەماشا بکرێت ، دۆگمایەتی دەگەیەنێ .

مام جەلال و نەوشێروانیش سەرەتا وەک ماویزم بە دەر کەوتن دوایی ھاتنە سەر مارکسیزم و سۆسیال دیموکرات و بە نسبەت ڕەوانشاد نەوشێروانیش کە گۆڕانی دروست کرد گۆتی ئێمە پابەند نابین بە بیرکردنەوەیەکی تایبەت ، واتە ھەموو باوەڕە مارکسی و نیشتمانیەکان دەناوماندا ، شوێنی دە بێتەوە .

عەبدولای موھتەدی و سەدان کادیری چەپی نوێ ، یان ڕادیکالی پێشتر و ئێستاکە باوەڕەکانیان لە باوەڕەکانی سوسیال دیموکرات ھەتا لە حیزبە لیبڕالەکانیش نزیک بۆتەوە .

دەبێ ئەوەش بڵێین کە ڕەوانشاد نەوشێروان لە سەردەمەکانی ناو یەکیەتی و گۆڕانیش کەسێکی بێ ڕکابەر بوو . وتە بێژی پێشووی ئەمەریکی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست و لە لێدوانێکی دا گووتبووی نەوشێروان موستەفا ھەر تەنیا خەسارەتێکی گەورە نەبوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەلکو  لە دەستدانی خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ تەواوی کوردو عیراقیشەوە .

سەرکردەکانی یەکیەتی ئێستاشی لە گەڵ دابێ کە دێنە سەر باس و خواسی سیاسی و نیشتمانی ، مام جەل و نەوشێروان بە دوو کەسایەتی کاریزمای ناو یەکیەتی و حەرەکەی سیاسی و نیشتمانی کورد ناو دەبەن . بە خۆشتان دەزانن لە کۆچەکەی و چلەکەی و ساڵیادەکانی ، ڕێپێوانی ملیۆنی ڕووی لە گردەکەبوو . کوردیش دەڵێ کە زۆر ھات قەوارە بەتاڵە .

ھەتا ئەو بەڕێزەش لە سەر ژیان مابوو بزوتنەوەی گۆڕان لەو پەڕی پەرەسەندن دابوو و ئێستاکەش  تا زۆر ڕادە یەتیمی پێوە دیارە .

کاک ئیبراھیم جەلال لە ھەشتاکانەوە تاکو ئێستا کە دەکاتە نزیکەی ٤٠ ساڵ خۆی بە دەقێکی نەگۆڕ  بەستۆتەوە لە دژی ئەو ڕێڕەوە فکریەی شەھید ئارام و ھاوڕێکانی ، لە بەرامبەریشدا زۆرانێک لە کادیرانی ھەوادار بە بیرکردنەوەکانی شەھید ئارام وەھا ھۆنینەوە دەکەن کە تەنیا بیرکردنەوەکانی شەھید ئارام مارکسیزمیە . ئەو دوو بیرکردنەوانە سەر لە بن ھەڵەن .

کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بە بیر کردنەوەی ماویەت دەستی پێ کردو پاشانیش تێکەڵ بە سەرچاوەکانی تری مارکسیەت بووەو ، ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفاش لە ئاخاوتنێکی بۆ ئێمە لە ناو کۆنفراسی سێی کۆمەڵە گووتی ، ١٤٠٠ ڕێکخراوی سیاسی و نیشتمانی جیھانی نامەیان بۆ سەدام حوسێن نووسی بوو تاوەکو خالە شەھاب و مامۆستا جەعفەرو ئەنوەر زۆراب ، ئیعدام نەکرێن . وەلامی سەدام ئەوە بوو قبولمە بە مەرجێ خالە شەھاب داوای لێ بوردن بکات ئەویش ئەو داوایەی سەدامی ڕەت کردەوەو گوتی پەتی سێدارەم پێ پیرۆزترە لەو داوایەی سەدام .
ھەر تەنیا زیندانە سیاسی و نیشتمانیە کوردەکان نا بەلکو ھی عەرەبەکانیش  ڕستەیەکی شەھید  خالە شەھاب ببوە سەر وێردی باسەکانیان  (کەم بژی کەڵ بژی) .

ئیدی سەرکردەکانی کۆمەڵە بە تایبەتی ئەوانەی دەناو ژیاندا نەماون ھەر ھەمووانیان پیرۆزن و جێگای شانازی ھەموومانن وگوناھە لە بەر جیاوازی فکر ، لێکیان جیا کەینەوە .

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین باوەڕەکان نەگۆڕنین .
حیزبی شوعی گەورەترین حیزبی عیراقی و کوردستانی بوو ، ئێستاکەش ھەر ھەندی حیزبێکی کوردی لە بابەت زەحمەتکێشان و حیزبە بەناو سوسیالیستەکەی حەمەی حاجی مەحمودی لێ ماوەتەوە و بەشیێکی فراوانی کادیرەکانیشیان سەنگەریان بۆ ناو پارتی دیموکراتی کوردستان گواستۆتەوە.

تا ماوەیەکیش پێش ڕاپەڕین ، خەلک پێشمەرگەو حیزبە سیاسیە کوردەکانیان بە پیرۆز تەماشا دەکردو لە دوا ھەڵبژاردنیش لە سەروی ٦٠٪‏ بەشداری ھەلبژاردنی نەکرد .
مارکسیزم لینینزم پێش ھەرەسی سۆڤیەت خۆی دەناو چەندەھا فێرگە دەدیتەوە ، ئێستاکە لینینزمیشیان لە ناو دەرھێناوە و تەنیا وەک ماوتسی تۆنگ ئاسا کە تاقی کردنەوەیەکی چینی ناویان دەبرد . ھی لینینیش تەنیا وەک تاقیکردنەوەیەکی ڕووسی ناوی دەبەن .
پێشان ئەمەرکاو یەکیەتی سۆڤیەتی پێشو وەک دوو گەورەترین ھێزی جیھانی ناویان دەبردرا ، ئێستاکە چین و ئەمەریکا ناویان وەک دوو گەورە ھێزی جیھانی دێت . ئەوانەو دەیانی تر لە ماوەی ئەم ٢٠-٣٠ ساڵەی دوایی گۆڕانیان بە سەردا ھاتووە .

مارکسیش دەڵێ نەزەریە خۆلە مێشەو درەختی ژیان ھەمیشە سەوزە .
دەبا ئێمەش چیتر خۆمان بە دەقە مێژوویەکانی پێشترمان نەبەستینەوەو خۆمان لە گەڵ ڕێڕەوە تازەکان و ئەو ئاستەی ئێستای مرۆڤایەتی تێیدایە ببەستینەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن