117وتار

گۆڕان ئەو چەقبەستوەی ئێستای نەڕەوێنێتەوە، دەبێ چاوەڕێی مردنێکی حەتمی بکات

3/30/2024 9:34:00 AM
مەهدی کاوانی


با بڵێین پێشتر دەگوتراو دەگوترایەوە ، سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان کە دەکاتە ئەندامانی جڤاتی نێشتمانی ، تەمەنی سیاسی خۆیان بەڕێکردووەو  پێشیەوە شەرعیەتی بڕیاردانیان نەماوە .
باشە ئەی بۆ ئێستاکە ، گۆڕان کۆنفراسی نیشتمانیشی کردو هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانیشی کرد .

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بزوتنەوەی گۆڕان با بڵێین لە ڕێگای ئەو تازە بوونەوەی ، بڕیار لە سەر کۆتایی هێنان بەو چەقبەستوەی و بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕای خەڵک کە دەکاتە سەر دەمەکانی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا .

ئایا ئەو سەرکردایەتیە نوێیەی گۆڕان لەو ئاسته دەبێت کە بتوانێ بزوتنەوەی گۆڕان لەو چەقبەستوەی ڕزگار کات ، یانیش هەمدیسان لە ڕێگای دەسەڵاتی قولەوە وەک جاری جاران ، ڕێگری لێ دەکرێت .

باشە چی بکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو چەقبەستوەی بڕەوێنێتەوە؟ .

وەک ڕای خۆم ئەو ڕەوینەوەیە ، هەندێکیان لەو خاڵانەی لای خوارەوە دەبینم :

1- دەبێ جڤاتە نیشتمانیە نوێکە ، هەرچی زووە کە کارەکەی لە هەفتەیەک زیاتر نەخایەنێ ، بە چەشنی نوێکردنەوەی باژێروانەکانیشی ، هەڵبژاردنێک بکات ، کە ئەوانەی خۆیان بۆ ژوورەکان کاندید دەکەن، وەک هی باژێروانەکان بێت بە ڕێگای نهێنی دەنگیان پێ بدرێ و  بە دوایەوە دەستە نوێیەکە دەست بەکار بێت .

2- دوای ئەو نوێبوونەوەی ژوورەکان و زۆر بە پەلە  دەبێ جڤاتە نیشتمانیە نوێکە بە باژێروان و ژوورەکان خانەیەکی نوێ و ڕێکخەرێکی نوێ هەڵبژێرن .

3- دوای ئەوەش دەبێ هەرچی زووە ئەو سەرکردایەتیە نوێیە بە جڤات و خانەو ڕێکخەرەوە کار لە سەر جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنفراسی دوو بکەن کە بریتیە لە کشانەوە لە ناو حکومەت و بەشداری کردن و نەکردنی بزوتنەوەی گۆران لەو خولەی هەڵبژارنی پەڕلەمانەوە .

4 - ئەگەر پرسیاری لەو بابەتەش بکرێ وەک بگوترێ کاتی وەها لە بەر نزیک بوونەوەی هەڵبژاردنی پەڕلەمان ڕێگەی ئەوەمان پێ نادا کە لە کشانەوە لە ناو حکومەت و هەڵبژاردن بکەین ، لە وەڵاما دەڵێم زۆر ئاساییە هەتا ئەگەر 15 ڕۆژیش بۆ کردنی هەڵبژاردن و کشانەوە لە حکومەت بدرێ ، دەکرێ گۆڕان هەردو تیمەکەی خۆی لە ناو حکومەت و تیمی هەڵبژاردن بکێشیتەوە .

5- دیارە پڕۆسەی ئاشتەوایی گۆڕان کە تا ڕادەیەک بە بندەست ڕۆێشتوە ، بەڕای خۆم دوای نوێبوونەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان ،دووبارە دەبێ چالاک بکرێتەوە .

6- با فراوانتر بچینە ناو باسەکە کە پەیوەندیەکی زۆری بە ئەو چەقبەستوەی گۆڕانەوە هەیە کە دەکاتە ئەوەی وەک بڵێین بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا خۆی لە گۆڕانخوازانی ئێستای گردەکە نابینیتەوە بەلکو ئەوان و ئەوانەی دەرەوەی گردەکەو لە گەڵ دەنگدەرانی گۆڕانی سەردەمەکانی نەوشێروان . ئەوانە هەر هەموانیان مادامەکێ بە ڕەها پابەند بوونی خۆیان بۆ هیچ حیزبێکی سیاسی تر دەرنەبڕیە ، کەواتە ئەوانە هەر هەموانیان کۆلەگە سەرەکیە پێکهێنەرەکەی گۆڕانن با بۆ ئێستاکە لە ژێر کۆمەڵە هۆکارێکەوە دەناو گۆڕانی گردەکە دابڕابن . ئەگەر بڕوانینە ئەو 70٪ کە بایکۆتی هەردو هەڵبژاردنی کوردستان و عیراقیان کرد بەشە هەرە زۆرەکەی دەنگدەرانی گۆرانی سەردەمەکانی ڕەوانشاد نەوشێروان بوون .ئیدی ئەگەر ئەوە بە چەقبەستو حیسابی بۆ نەکرێ ، چەقبەستو چ مانایەک دەگەیەنێ .
ئەگەر بێتو دەسەلاتە نوێکەی گردەکە کە لە دامەزراندن دایەو لە گەڵ هیمەتی دابڕاوەکان کارو کاردانەوەکانیان بە ئاڕاستەی یەک بوونەوە ڕێک نەخەن ، دەکاتە مانای ئەوەی کە چەقبەستوی گۆران لە شوێن خۆی مراوەحە دەکات . هەنگاوە یەکەمەکەی جڤاتە نیشتمانی و خانەو ڕێکخەرە نوێیەکە دەبێ کاری ئەوەل و ئاخریان گەڕانەوە بێت بۆ مەبدەئەکانی ڕەوانشاد نەوشێروان .

7 - دەباشانیش پڕۆژەیەکی هەرە زیندوی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بوو و بەندە وەهام خوێندنەوە بۆ دەکرد کە دوا وێسگەی کۆکردنەوەی ئەو دوو حیزبە بوو لە ناو یەک حیزبی سیاسی . دیارە ئەو پڕۆژەیەش لە لایەن دوو کەسایەتی هەرە بەرزی سیاسی کە ڕەوانشاد نەوشێروان و ڕەوانشاد مام جەلال بوو و گوناهە بۆ هەردو حیزبی سیاسی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کاری لە سەر زیندوکردنەوەی بۆ نەکەن .

دیسان بەندە وەهای دەبێنم کە ئەگەر بێت و بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای ئاماژەکانی سەرەوە هەتا یەک لایەنانەش بێت ، دەبێت قسەو باسی لە سەر بکات .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن