تا بوخچەکە نەکرێتەوە، نازانرێ چی لەناو دایە
11/4/2021 11:09:00 AM
مەهدی کاوانی
پێش کرانەوەکەش ئەم و ئەو دەڵێن ، ئەمەو ئەوەی تێدایە بەڵام یەقین نیە .
بزوتنەوەی گۆڕان دوا بەدوای سزاکەی ، ئەو دەست لەکارکێشانەوەی خانەو ڕێکخەر ، جا بە ئارەزووی خۆیانەوە بێت یان جڤات ناچاریان کربێت ، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لە لایەن خەلکەوە ، لێکەوتەوە .
ئەو دەست لە کارکێشانەوەیە ، ئەگەر هی تری بە دواوە نێت و بە دوایەوە وەک برقی سەر ئاوی لێ دێت .
لە یەکەم کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی دوای هەلبژاردن ، ئەندامانی جڤات بە ڕەها قسەگەلیەکانی خۆیان بەوە کۆتایی پێ دەهێنا کە دەبێ خانەو ڕێکخەر ، دەست لە کار بکشنەوەو لە حکومەتیش دەر بێین .
جڤاتی گشتیش ڕۆژەک پێش ئەو مێژووەوە هەمان قسەی جڤاتی نیشتمانی کردبوو .
ئەوەی بووە بڕیار ، دەست لەکارکێشانەوەی خانەو ڕێکخەر بوو و بڕیاری پێک هێنانی دەستەیەکیش درا کە لە شوێنی خانەو ڕێکخەر تا بەستنی کۆنفراسی نیشتمانی دەست بەکار بن بەڵام لێرەش دەبێ بڕیارەکان بە تایبەتی هەستیارەکان لەجڤاتەوە وەربگرن .
تۆپەکە و ئێستاکە دەناو تیمی حکومەت و ئەوانەی پێیان بەستراونەتەوە ، دایە . جڤات لە کۆبوونەوەکانی پێشتری باسی لە لاوازی تیمی گۆڕان دەکرد لە مەڕ ئەوەی کە پارتی لە سەروی٥۰ ٪ پابەند نەبووە لە جێبەجێ کردنی خالەکانی ڕێکەوتنەکە بە هەردوو دیوی بەرنامەی چوونە ناو حکومەت و پشکی بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستە باڵاکان .
تیمی حکومەتمان بۆ ئەوکاتی بۆ وەلامدانەوەی لێدوانەکانی ئەندامانی جڤات موبەڕیری لاوازیان دەهێنایەوەو جڤاتیش بێدەنگی لێ دەکرد .
ئەو شکستەی ئەو جارەی گۆڕان کە هیچ کورسی پەڕلەمانی نەهێناوە ، پێیەوە پەردە لە سەر هەموو هێنانی بڕۆبیانۆكانی تیمی حکومەت لا دەدات کە بیانەوێ درێژە بە مانەوە لەناو حکومەت بدەن .
بەهەر حال ، گۆڕان دوو بژاردەی لە بن دەستدایە یان ئەوەتا هەتا زووە لەناو حکومەت دەربێ یان بمێنێتەوە .
بە دەرهاتنی بمانەوێ نەمانەوێ لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لاهوور نزیك دەبێتەوەو بە دەرنەھاتنیشی لە بەرەی پارتی و خەتی بافێل و قوبادی یەكیەتی نزیك دەبێتەوە .
بە بڕوای خۆم ھاتنە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی پارتی و حكومەتی خۆجێیی سولێمانی و ھاوپەیمانی كوردستان و پێیەوە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە بارێكی نوێوە . لەو حالەتەدا نەك ھەر تەنیا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لاھوور نزیك دەبێتەوە بەلكو دەكەویتە ناو حیوارێكی برایانە لە گەڵ گۆڕانخوازانی دەرەوەی گردەكە . ھەر ئەوەندە نا بەلكو بەرە بەرە عافیەی جارانی سەردەمی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفای بۆ دەگەڕێتەوە .
با بازنەكە فراوانتر بكەین
ئەگەر لاھوور لە یەكیەتی جیا بێتەوەو حیزب دروست بكات ، بە بۆچوونی خۆم و زۆرانێك لە میدیای ئازاد ھەمان بیركردنەوەیان ھەیە و پێیەوە زەمینەی دروست كردنی بەرەی دژ بە پارتی و باڵی بافێل و قوباد فراوانتر دەبێت . پێموایە ڕێك دەمانگێڕیتەوە بۆ ئەو لێكتێگەیشتنەی بزوتنەوەی گۆڕانی سەردەمی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا لە گەڵ یەكیەتی و تەیاری دینی لە سەر درێژ نەكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی بۆ كاك مەسعودوبەر قرار كڕدنی سیستەمی پەڕلەمانی .
دەبێ ڕۆلی ئێران و حكومەتی ناوەندی و ئەمەریكاو پەكەكەش لەو نێوەندەدا بە ھەند وەرگیرێ كە ھیچیان نایانەوێ لە ڕێگای پارتی ، تەمەدودی توركیا بۆ سولەیمانیش درێژ بێتەوە .
دیوە پێچەوانەكەش لە ئارادایەو پێم وایە پارتی بە چڕی ئیشی لە سەر بكا كە ھەم بزوتنەوەی گۆڕان دەناو حكومەت بمێنێتەوە ھەم لە گەڵ باڵی بافل و قوباد لێك نزیك ببنەوە.
بە بۆچوونی خۆم ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان ئەو بەرجەستانەی دوایی بە كردار بكا ، دەكاتە مردنی سیاسی خۆی .
خۆ نابێ بایەكۆتی جەماوەریش كە لە سەرووی ٧٠٪، دەنگی نەدا بە ھەند وەر نەگرین . بۆلەمەودوا ئەگەر گۆڕان و تەواوی حیزبەكانی تر بە پارتی و یەكیەتیشەوە كار لە سەر داخوازیە ڕەواكانی ھێزی دەنگنەدەر وەر ، نەكەن ئەركیان زۆر قورستر دەبێ بە تایبەتی گۆڕان و بەرەی ئۆپۆزسیۆن .
قسەم بۆ گۆڕانیشەو بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشەو بۆ باڵی لاھووریشە كە ھەتا زووە ئەگەربەرەیەكی یەكگرتوولە ناو خۆیان پێك نەھێنن و بە دوایەوە ناكەونە ناو چاوگی ھێزی دەنگ نەدەر .