54وتار

لە نوێکردنەوەی دەباشان بەولاوە ھیچی تر نابینرێ

8/21/2024 1:58:00 PM
مەهدی کاوانی

با خوردی کەینەوە :
بەرەی ئۆپۆزسیۆن : نەوەی نوێ و تەیاری ئیسلامی و با لاھورو دابڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیشی بخەینە سەر . گۆڕانی گردەکەش پاش ئەو ھەموو دابڕانانەی ، ئێستاکە ئەوانیش بوونەتە دوو سێ ڕەنگ .
نەوەی نوێ لە گەڵ ھیچ کام لەوانە تێکەڵ نابێ و قسەی ئەوەل و ئاخیریشیان بەبێ ھیچ لێکدانەوەیەک وەک وەزن و قافیەی شعری لێ ھاتووەو وەک بنیشتە زارە کە باس لە کەمو کورتیەکانی پارتی دەکات ، بە موناسەبەو بێ موناسەبە یەکیەتیشی لە گەڵ تێکەڵ دەکات . بۆ وادەکات بۆ ڕازی کردنی پارتیە یان نا ، نازانم چی بڵێم ، بە ئەقلی بیرکردنەوەی سیاسی بێت ھەر دەبێ بچینە سەر ئەو ھێڵە کە دەکاتە ڕازی کردنی پارتی . بۆ تورکیاش و لە دژیان نوقەیان لێوە نایەت .
 تەیاری ئیسلامی کە دێنە سەر ئەدای خراپی پارتی و یەکیەتی یان با بڵێین کە باس لەئەدای خراپی حکومەت دەکەن ، ھەر یەکەو بە خانەی خۆیەوە خراپەکانیان بەر دەکەێ و بۆ گۆڕانیش شتێکی ئەوتۆ ناڵێن وەک ئەوە وابێ کە لە دەبڵ کوژرابێتەوە . بینیمان لە سەر ئیسماعیل ھەنیەش ، لە مزگەوتەکان نوێژیان لە سەر دەکرد کە وەک سەرکردەیەکی ڕووحی ئیسلامی تەماشایان دەکرد . لە گەڵ تورکیا ھەمیشە دەست لە ملانێن . ئەوان کە قسە لە سەر ئەدای خراپی پارتی و یەکیەتی دەکەن و بەینیشیان لە گەڵ بەغدا موی پێوە ناچێ و  لە ڕێگای حوکمی خراپی کوردی لێرەو لەوێ قسەگەلیەکانیان دەخوا بەڵام بۆ ئایندەی کوردو مافی چارەنووس و تێکەڵ بوونیان لە گەڵ ئێش و ئازاری ھەر چوار پارچەی کوردستان لای وان ھەمیشە بە بەزمی ئیسلامەتی ئەردۆگان و ھاوچەشنەکانیان ، لێدەخوڕن .

دابڕاوەکانی گۆڕان لە گردەکەو ئەو دوو سێ ڕەنگەی ئێستای  گردەکەو لاھوریشی بخە سەر و ئەم و ئەوی تری ناڕازیەکانی تریش و بە ھەموویانەوە وەھا دەناو ئەجندای جیا لە یەکتری تێکەڵ بووینەو ئەگەر پێشیانەوە وەھا بیر بکرێتەوە کە ئەوان دەبنە بەدیلی پارتی و یەکیەتی ، ھەرچەندی بیری لێ دەکەمەوە بۆ بەکردار کردنی شتێکی وەھا لێیانەوە وەچەنگ ناکەوێ .

با ڕاشکاوانەتر بچینە ناو بابەتەکە .
یەکیەتی و گۆڕانی سەردەمی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ، دەباشانەکیان ھێنا گۆڕێ .
بە بۆچوونی خۆم ئەگەر بھاتبایە ڕەوانشادان مام جەلال و نەوشێروان موستەفا لە سەر ژیان مابانەو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆمان دوا وێسگەی دەباشان وەھای لێ دەھات کە یەکیەتی و گۆڕان ببونایە یەک حیزب .
بە ھەر حال ئەو دوو کۆچە ئەو ولادەت بوونەی بەرجەستە نەکرد .

باشە چی بکرێ :
گوناھەکە بەشە زۆرەکەی دەکەوێتە ئەستۆی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان ، چونکە ئەو پەرتبوونەی بزوتنەوەی گۆڕان وەھا ئاسان ناکەوێ کە دەباشان زیندوو کەنەوە .

یەکیەتی و ئێستاکە دەتوانێ ئەوە بکات ، چۆن:
بافل تاڵەبانی بە ڕێگا تایبەتیەکەی خۆی ، ھەرچی باڵباڵێن ھەبوو لە ناو یەکیەتی نەی ھێشت و ئێستاکە وەک قیادە واحیدە ھەرچی بیەوێ وەھا یەکیەتی دەجولێنێ ، بەڵام پیاو بۆ خوای بڵێ ، بە پارتی دەڵێ ئەگەر ئێوە ھەنە ئێمەش یەکیەتینە مێژوومان ھەیەو بە حیزبی شەھیدان ناو دەبرێین . ھەر ئەوەندە نا بەلکو لە بەغداش بە جولەنەو لە گەڵ ئێران پەیوەندیان باشەو لە گەڵ ئەمەریکاش لە سەر خەتن و پەیوەندیشیان لەگەڵ ڕۆژئاوا زۆر باشەو کە تورکیاش بە خراپ قسەیان لە سەر دەکا ، پێیەوە متمانی بەشی ھەرە زۆری پارچەکانی کوردستان بە دەست دەھێنن و لە ھەڵبژاردنی کەرکوکیش کە نەوەی نوێ بە سفر کورسی لێی دەرچوو ، ئەوان بە سەر ھەموو کیانە سیاسیەکان لە سەر کورسی ھێنان سەر پێڕ بوون . ئێستاکە نەک ھەر تەنیا توانیان پارێزگاری کەرکوک ببەن بەلکو ئەو ئەنجومەنەی کە لە گەڵ لیستە عەرەبەکانیش پێکیان ھێنا دەناو ھێڵی سیاسی ئەوان ، ڕووبەڕووی کەمترین کێشە دەبنەوە .

خولاسەی قەول یەکیەتی ئێستا ئەو یەکیەتیەی جاران نیە کە غەرق بووبێ لە ناو باڵباڵن و وەھای لێ ھاتبێ کە پارتی ئەجندای خۆیان بەسەردا فەرز کەن .

 لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ڕەوانشاد مام  جەلال موبادەرەیەکی سەرکەوتوانەی ھێنا گۆڕێ کە بریتیبوو لە بانگەواز بۆ ئاڵای شۆڕش و دابڕاوەکانی پارتی سوسیالیستی کوردستان و تێکرای چەپە دابڕاوەکانی ناو حیزبی شوعی و چەپەکانی تر بەوەی با لە سەر بیرو باوەڕی سوسیال دیموکرات و لەناو ڕیزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پێکەوە سنوری خەباتی سیایمان فراوان بکەین .

ئێستاکەش بافل تالەبانی دەتوانێ ئەو بانگەوازە دووبارە کاتەوەو داوا لە ھەموو پەرتبوانی بزوتنەوەی گۆڕان بکات و بڵێت با لە ڕێگای دەباشانی مام جەلال و نەوشێروان و پێکەوە ھەموومان یەکیەتیەکی سیاسی بەر فراوان پێک بھێنین و قۆناغەکەش پێویستی بەو یەکیەتیە سیاسیەو یەک بوونە ھەیە .

قسەم بۆ ھەردوو کوڕەکانی رەوانشاد نەوشێروانیشە، بۆ ئەوانیش ھەقە بێنە سەر خەت بۆ زیندوو کردنەوەی دەباشان چونکە دەباشان بە پلەی یەکەم ھی باوکیان بوو .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن